2017-09-10

دیمانە: خەبات

وەزنە حامید، ئافرەتێكی چیرۆكنووس و رۆماننووسێكی كوردە، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، بڕوای بەوە هەیە، سەركەوتن بەوە دێتەدی، كە لە ژیانی گشتی و ئەدەبی خۆیدا دەبێت مرۆڤ راستگۆ و شەفاف بێت، ئارامگر و عیشقی بۆ ژیان هەبێت، لە هەموو كارلێكە مرۆییەكانیدا گەشبین بێت، رەشبین نەبێت، لەگەڵ ئەوانی تر لێبووردە بێت، واقیع بنووسێت و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەنداری بكات. بۆ تیشك خستنە سەر بارودۆخی سیاسیی و رۆشنبیری لە كوردستانی سوریا، خەبات ئەم دیدارەی لەگەڵ كرد، ئەمە دەقەكەیەتی.

* ژینگەی كورد چ كاریگەرییەكی بەسەر بیركردنەوەتان هەیە، كە وای كردووە لە گۆڕەپانە ئەدەبییەكە دەربكەویت؟
ـ ژینگەی كورد، ماڵەكانیان لە قوڕ دروستكراون، دەشتەكەی زێڕینەو دوو رووباری( خابورو جقجق)ـی پێدا دەڕووات، گەڕەكەكانی میللین بە شێوەیەكی ساكار منداڵیم تێدا بەسەر بردووە( هەژاری ـ لێقەوماوی ـ منداڵی كاركەر). هەموو ئەمانە وای لە وەزنە حامید كردووە رێگای ئەدەبی خۆی بدۆزێتەوەو چیرۆك بنووسێت و تێدا خەونە وەنەوشەییەكانی وێنا بكات. بەمەش پەیامێك بۆ لایەنی پەیوەندیدار بنێرێت.

* وەزنە حامید، لە خێزانێكە قوربانیەكی زۆری داوە، خێزانێك بە هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەكانیان ناسراون، ئایا خێزانەكەت كاریگەری بەسەرتەوە هەبووەو زەمینەیەكی لەباری بۆ رەخساندوویت تا كاتێكت بۆ فەراهەم بێت بۆ خوێندنەوەو نووسین و هەروەها بەشداری لە كۆنگرە رۆشنبیری و ئەدەبیەكان بكەیت؟ خێزانەكەت و ئەوانی تر چ كاریگەرییەكیان بەسەر كۆمەڵگەی كوردەواری لە رۆژئاوای كوردستان داهەیە؟
ـ بەڵێ.. سیاسەتم لەگەڵ شیری دایكم خواردۆتەوە بەو پێیەی ماڵمان شانۆو پەناگەیەكی ئارامی هەر سیاسییەك بوو، كە رووی تێدەكرد بە تایبەتی ئەوانەی بەرژەوەندی گەلی كوردیان دەویست، لەو كاتەوە، كە لە كوردستانی سوریا بزووتنەوەی كورد سەریهەڵداوە، بەبیرم دێت پیاوەكان لە دەوری باوكم كۆدەبوونەوەو باسی دۆزی كوردیان لە رۆژئاوای كوردستان دەكرد، باوكم بایەخی بە خەبەرو باسی شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی نەمر دەداو بەدواداچوونی بۆی دەكرد، لە هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو تیپە میللییەكان لە ماڵی ئێمە بۆ ئاهەنگی جەژنی نەورۆز پڕۆڤەیان دەكرد، ماوەی سێ تا چوار مانگ، دایك و خوشكەكانم خزمەتیان دەكردن و پێویستیەكانیان بۆ فەراهەم دەكردن. لەگەڵ ئەوەشدا دەوروبەری ماڵمان پڕ بوو لە سیخوڕی رژێمی سوریا، لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر دەژیاین، چونكە ناوە ناوە مخابەرات بەسەر ماڵیان دا دەداین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكردین، یان برایەكانمیان لەگەڵ خۆیان رادەپێچا، واتە سروشتیە، كە من بەو ئاستە بگەم، كە ئێستا تێیدام، چونكە لە منداڵدانی ئەم خێزانە چاوم بە دنیا هەڵێناوە.

* قۆناغی دوای 2011 ی ئەدەبی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان و بەدەركەوتنی سەندیكاكان و یەكێتی نووسەران چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ـ نووسەرانی كورد ئێشوئازارێكی زۆریان بەدەست رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی سوریا چێشتووە، بێبەشبوون لە خوێندنەوەو نووسین بە زمانی دایك، بێ بەش بوون لە رۆشنبیرییەكەیان. بەڵام پاش 2011 زیاتر لە یەكێتیەك و سەندیكایەكی نووسەران دامەزراوە، كە تیایدا گوزارشت لە بیروبۆچوونەكانیان دەكات.

* كەی یەكێتی نووسەرانی كوردستان دامەزراوەو چۆن پاڵێورای و بووی بە سەرۆكەكەی؟
ـ یەكێتی نووسەرانی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان (سوریا) لە 13/10/2013 دامەزراوەو لەو دەستە كارگێڕیە هەڵبژێردرام، كە لەلای خۆیەوە ئەویش لە كۆنگرە هەڵبژێردراوە.

* گرنگترین ئەو چالاكیانە چین، كە یەكێتیەكەتان كردوویەتی و رۆڵی نووسەران و رۆشنبیرانی رۆژئاوای كوردستان لە قۆناغی ئێستادا چیە، كە كوردستان پێدا تێپەڕ دەبێت بە شێوەیەكی گشتی و رۆژئاوای كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی؟
ـ لەوەتەی یەكێتی نووسەرانی كوردستانی سوریا دامەزراوە بەردەوامین لە چالاكیە رۆشنبیریەكانمان، كتێبێكی چاپكردووە بە ناونیشانی نووسەرانی ناوداری كورد، گۆڤارێك بە ناوی خامەی ئازاد دەردەكەین، دە كتێبمان بۆ دە نووسەر چاپكردووەو یەكێتیەكەمان لەم چالاكیانەی بەردەوام دەبێت، بەڵام لەبارەی بارودۆخی كورد و كوردستان دۆزەكەمان لە وێژدانمان دەژیت، هەوڵ دەدەین بە خامەكانمان خەونی میللەتەكەمان بهێنینەدی.

* خەڵكی هەرێمی كوردستانی عیراق خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەكەن، كە لە 25/9/2017، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەن و چۆن دەڕواننە ئەو رووداوە؟
ـ ملیار جار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كورد نەهامەتیەكی زۆری چێشتووە بەدەست رژێمە فەرمانڕەواكانی بەشەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، مافی خۆمانە قەوارەیەكی سەربەخۆمان هەبێت بەو پێیەی هەموو بنەماكانی بەدەوڵەتبوونمان هەیە وەك هەر نەتەوەیەكی تری سەر ئەم رووی زەمینە، كە بوونەتە دەوڵەت.

* چ بە جەماوەری باشووری كوردستان بە تایبەتی رۆشنبیران و ئەدیبان دەڵێیت لەبارەی بەشداربوونیان لە ریفراندۆم و گوتنی( بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان؟
ـ گەلی كورد گەلێكی ئازاو تێگەیشتووەو گومانم نییە، كە میللەتەكەمان و رۆشنبیرانی باشووری كوردستان لە پێناو بەرژەوەندی ریفراندۆم دەنگ دەدەن، چونكە ئەمە دەرفەتێكی زێڕینەو دووبارە نابێتەوە، ئەگەر لە دەستی بدەین.

* لە ساڵی 2011 دە كەس دەستنیشان كرا بچن بەشار ئەسەد راوێژیان پێ بكات و رای خۆیان و شەقامیان لێ وەرگرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردو تۆ تاكە ئافرەت بوویت لە ناو ئەو دە كەسە، بەڵام تۆ نەچوویت، دەكرێ بە كورتی باسی ئەمەمان بۆ بكەیت؟
ـ بەڵێ ئەمە راستە، لە مانگی نۆیەمی 2011، پەیوەندیەكی تەلەفۆنیم بۆ هات، گوتی: سەرۆك بەشار ئەسەد داوا دەكات دە رۆشنبیر، كە كاریگەریان لەسەر رای گشتی هەیە بچنە لای و تۆش تاكە ئافرەتی لە ناو ئەو دە كەسە رۆشنبیرە هەڵبژێردراویت، دەبێت دوو رۆژی تر ئامادە بن بۆ چوونە دیمەشق، داوای لێبووردنم كرد، بەڵام نۆ پیاوەكە چوون، من نەچووم، بۆچی؟ چونكە شۆڕش لە سەرەتای بوو، میللەت لەوپەڕی تووڕەیی بوو، وێنەی منداڵانی درعای ژێر ئەشكەنجە لە خەیاڵی هەمووان دا بوو، دەمتوانی چ چارەسەرێك پێشكەش بكەم، نوێنەرایەتی نە گەلی كورد نە گەلی سوریا بووم، بەڵام ئەو بۆ خۆی دەیتوانی نەهێڵێت شتەكە لە دەست بچێتە دەرەوە، دەیتوانی خوێن رشتن لە ناو زیندان و دەرەوەی زیندان رابگرێت، بۆ میللەت بگەڕێتەوە، بێتە ناو میللەوت، داوای زۆرترین دانیشتنی لەناكاوی ئەنجومەنی میللەت بكات، دەستوور هەموار بكات، بەبێ هیچ كۆت، یان ترسێك گوێ لە میللەت بگرێت.

تێبینی : وەزنە حامید چیڕۆكنووسێكی كوردە و بە عەرەبی دەنووسێت، بۆیە گفتوگۆی خەبات و ئەو خانمە نووسەرە بە عەرەبی بوو.

و. لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌