2017-09-10

مەحمود محەمەد: برٍیاری ریفراندۆم بڕیارێكی دیرۆكی بوو، نە لە كاتێكی خراپدا بوو، نە بڕیارێكی ئاوارتەش بووە
- ئێستا سەربەخۆیی باشترین رێگەچارەیە بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەكەدا و دووبارە نەبوونەوەی شەڕ و پێكدادانەكان
- ئەوەی كردووتانە و ئێستا دەیكەن خەڵكی كوردستان پێی دەزانن و بەرز دەینرخێنن

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 9ی ئەیلوول، بەڕێز مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێك كە پێكهاتبوون لە دكتۆر سالار عوسمان و تەحسین دۆلەمەری سەردانی "ماڵی كولتووری كوردی/ سانبترسبۆرگ"یان لە رووسیا كرد. لە ڕێوڕەسمەكەدا بەڕێزیان وتارێكی پێشكەش كرد و پیرۆزبایی كردنەوەی ماڵی كولتووری كوردان لە سانبترووس بۆرگ لێكردن و، باسی لە گرینگی كردنەوەی ئەو ماڵە كرد‌ بۆ كۆكردنەوەی كوردانی تاراوگە و بەهێزكردنی لۆبی كوردی لەو وڵاتەدا، بەتایبەت لە وڵاتیكی وەك رووسیا كە مێژوویەكی دێرینی سیاسیی و فەرهەنگی لەگەڵ كورددا هەیە، هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و هەوڵ و پاڵپشتی كوردانی تاراوگەی بە گرینگ وەسف كرد و ڕۆڵ و گوڕوتینی سەربەخۆیخوازانەی بەرز نرخاندن و روونكردنەوەو زانیاری پێویستیشی لە بارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە پێ ڕاگەیاندن.
لە بەرامبەردا ئەندامانی ماڵی كولتووری كوردی سانبترووسبۆرگ سوپاسی شاندی هەرێمی كوردستانیان كرد و هیوایان خواست ئەم دیدار و پەیوەندییە سیاسی و كولتووریانە بەردەوامبن و ئومێدی سەركەوتنیان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی باشوری كوردستان خواست..

ئەمەش دەقی وتاری بەڕێز مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە:

خوشك و برایێن دەلال..
میڤانێن ئازیز و قەدرگران..
دیاسپۆرای كوردی خۆڕاگر و بە ئەمەكی كوردستان لەباژێری سان پیترسبۆرگ-ی رەنگین..
زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەین و سوپاسی ئامادەبوونتان لەو میتینگە جەماوەرییە دەكەین.
سڵاڤی گەرمی خوشك و برایانتان لە باشووری كوردستان پێ ڕادەگەیەنین..
سلاڤی پێشمەرگە قارەمانەكانتان لێ بێت..
سڵاڤی كەسوكاری هەزارەها شەهیدی رێگای رزگاری كوردستانتان پێشكەش بێت.
سڵاڤی سەدان هەزار ماڵباتی كەسوكاری ئەنفال، كۆمكوژی، كیمیاباران و زیندەبەچاڵ كراوەكانتان پێدەگەیەنین.
سڵاڤی لالش و شەنگال و فرمانا ئێزیدیانمان بۆهێناون…
***
ئەمڕۆ زۆر كەیفخۆش و شەڕەفمەندین كە دەبینین، ئێوە بەم دڵ و هێڤی و جۆشە گەورەیە و بە هەستیێكی بەرزی نیشتیمانی پێشوازی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
لەگەڵ هەڤاڵانم لە كوردستانەوە هاتین بۆ بەشداری كردنمان لەو میتینگ و كۆنسێرتانەی بۆ پشتگیری ریفراندۆم و سەرخۆبوونا كوردستانێ لە 25ی سێبتەمبەر لەلایەن ماڵی كوردان لە سان پیترسبۆگ هاتیە ئۆرگانیزە كرن.
نها هوین وەك كوردانی وڵاتانی سۆڤیەتی بەرێ پشتگیری ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان دەكەن و لەرابردووشدا بەهەمان شێوە لە رادیۆی یەریڤان گوڕوتین و ئومێدی تازەتان دەبەخشیە خەڵكی كوردستان، پێشمەرگەقارەمانەكان لەڕێی نڤیسین و بەڵاڤۆكێن هەوە دیوارەكانی دەوری شۆڕشیان دەڕووخاند و جیهانیان بە ئاگا دەهێنا.
هەرچەندە ئەوەی كردووتانە و ئێستا دەیكەن وەك ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقی كردووتانە و دەیكەن، بەڵام خەڵكی كوردستان پێی دەزانن و بەرز دەینرخێنن و هەر ئەوەش لە ئێوەی بەڕێز هاتیە هێڤی كرن.
خوشك و برایانی هێژا..
ئێستا بەشێك لە نەتەوەكەتان لە پێڤاژۆ و قۆناغێك دایە كە بە ئاوایەكی ئاشتیانە و دیموكراسیانە پێنگاڤ بەرەوسەرخۆبوون دەنێ. لەوانەیە لە هزری زۆر كەس ئەم پرسیارەهەبێت، چما لەم وەختەدا ریفراندۆما سەرخۆبوونی تێ كرن؟
بەرسڤی ئەو پرسە ناچارمان دەكات ئاوڕێك لە مێژووی سەدساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و كوردستان بە تایبەتیبدەینەوە.
لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم، دەوڵەتانی هەڤاڵبەند بیریان لە رێكخستنەوەیەكی جیاواز لەڕووی جوگرافییەوە بۆ پاشماوەی ئیمپراتۆریای عوسمانی دەكردەوە. رێككەوتنێك كە بە سایكس پیكۆ ناوی دەركرد و سەرەتا یەكێتی سۆڤیەتیش تێیدا بەشدار بوو، بەڵام دواتر كشایەوە...
لەژێر زەخت و گوشاری هەندێ هێزی ناوچەكە پەیماننامەی سیڤەر گۆڕدابە پەیماننامەی لۆزان و بەم شێوەیە كوردستانیان بێبەشكران لە مافەكانیان و خەونی لەمێژیینەی كوردان لەبار برا.
بەمەش كوردستانیان لكاند بە عێراقی درووستكراوی دەستی بەریتانیەكان، بەبێ وەرگرتنی ڕا و ئیرادەی خەڵكەكەی.
ئەو عێراقەی هەر كە درووستكرا بە سەقەتی لەدایكبوو، بۆیەش تاكو ئێستا ئەو سەقەتییە چاك نەكراوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەش كوردستانیان ڕای خۆیان دا، بەڵام دەسەڵاتی عەرەبی عێراق لە جیاتی دابین كردنی مافی كورد، توركمان و كلدان سریان ئاشووری وەكو نەتەوە، كریستیان، ئێزیدی و یارسان وەك ئۆل، كەوتە پلاندانان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای چەندان ناوچەی كوردستان و پیادەكردنی سیاسەتی تەعریب و بێبەش كردنی پێكهاتەكانی دیكە لە مافەكانیان.
زۆر بە ئاشكرا ئەو سیاسەتەیان گرتەبەر؛ یان دەبێ عەرەب بیت یان دەبێ هاووڵاتی دەرەجە دوو و سێ قەبووڵ بكەی!
سەرەتا لە شارەخۆشەویستەكەی كەركووك دەستیان پێكرد و ئینجا دەستیانبرد بۆ زۆربەی شار و ناوچەكانی دیكەی كوردستان. ئەگەرچی لەسەردەمی خوا لێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی زۆر هەوڵدرا بەرێگەیەكی سیاسیی و ئاشتیانە بگەین بە ئەنجام بەڵامبەداخەوە سوودی نەبوو...
بەمەش زوڵم و زۆر و سەركوتی نەتەوەیی لەمێژینەی هاووڵاتیانی كوردستان لەلایەن دەوڵەتە داپلۆسێنەر و نەتەوەپەرستەكانی عێراقەوە، ناڕەزایەتی فراوانی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێنا. هاوكاتیش بووە مایەی شەڕ و ناكۆكی سیاسی درێژخایەنی نێوان حكومەتی سەنتراڵی عێراق و بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان.
نەبوونی ڕێگەچارەیەكی سیاسیی بونیاتنەرانە بۆ چارەسەری ریشەیی ئەم پرسە وایكرد ئەم كێشەیە قوڵتر بێتەوە تا ڕادەی ئەوەی كە بەهەڤڕاژیانی دڵخوازانەی خەڵكی كوردستان و عێراقی دژوار كردووە.
لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١یشەوە بە هۆی بارودۆخی سیاسیی و كارگێڕییەوە، كوردستان بە كردەوە رێچكەیەكی جیاوازی گرتەبەر و تا رووخانی رژێمی سەدام لەدوای ٢٠٠٣شەوە، كاتێك فیدڕالیزم لە دەستوور چەسپا و پرەنسیبی شەراكەت لەگەڵ بەغدا شكستی هێنا، وردە وردە ناكۆكییەكانی نێوانمان قوڵتر بوونەوە، ئەمەش بە ناچاری كوردستانی خستۆتە سەر ڕێگای جیابونەوە و سەربەخۆیی.

بەڕێزان.. ئەمڕۆ لەكاتێكدا كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی دەگێڕین، گۆڕانكاری سیاسیی گەورە لە ناوچەكە بەڕێوەیە و هەرێمی كوردستانیش لە هاوكێشە سیاسییەكاندا رۆڵێكی كاریگەری هەیە، پێشمەرگەی كوردستان بە نوێنەرایەتی جڤاكا ناونەتەوەیی شەڕی مەزنترین رێكخراوی تیرۆرستی دنیا(داعش) دەكات. هێزەكانی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی سەرۆك مسعود بارزان، سینەی خۆیان كردۆتە مەرتالی پاراستنی كەڕامەتی مرۆڤایەتی و گەلێك دەسكەوت و سەركەوتنی گرنگیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیرۆكییەكانی خەڵكی كوردستان بەدەستهێناوە، كە بریتیە لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان و بڕیاردان لە مافی چارەنووس، كە مافێكی شەرعی و ئاسمانی هەر میللەتێكە چۆن ژیان و داهاتووی خۆی رێكبخات، چ لەڕووی ئۆلی و چ لەڕووی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ، لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەو مافەگەردوونیە
دانی پێدانراوە.
ئازیزان..
بەری سێ ساڵان مسعود بارزانی سەرۆكێ هەرێما كوردستانێ لە گوتارێكدا خویا كرد كە عێراق بەرەو تاكڕەوی و دەسەڵاتی تائیفی و دیكتاتوری مل دەنێ، بەڵام رایەدارانی بەغدا گوێیان لەو هۆشداریانە نەگرت.
جارێكی دیكە دەسەڵاتی عێراقی لە مەترسییەكانی داعش لەسەر باژێری موسڵ هایدار كردەوە، كەچی گوێیان نەگرت! تا وای لێهات داعش گەیشتە دەروازەكانی بەغدا. ئینجا بە دەسیسە و پلانێكی دوژمنكارانە، ڕووی داعشی بۆ سەر كوردستان وەرگێڕدرا و سەرەنجام زەرەر و زیانێكی زۆریان لە كوردستان بەگشتی و برایانی ئێزیدی و كریستیان بە تایبەتی دا، ئەمانە هەموو وایكرد سەرۆك بارزانی ڕۆژی 7ی حوزەیرانی ئەمساڵ تەڤی 16 پارت و ئالیێن سیاسیی لە هەموو گروپ و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە كوردستان بڕیار لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بدەن وەك پێنگاڤێكی شەرعی و قانوونی بەرەو سەربەخۆیی كوردستان.
ئەم بڕیارە بڕیارێكی دیرۆكی بوو، نە لە كاتێكی خراپدا بوو، نە بڕیارێكی ئاوارتەش بووە، بگرە دەیان ساڵە كوردستانیان لەباشوور تێدەكۆشن و لە پێناو مافەكانیان قوربانی دەدەن. بۆیەئێستا سەربەخۆیی باشترین رێگەچارەیە بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەكەدا و دووبارە نەبوونەوەی شەڕ و پێكدادانەكان.

بەڵكو باشترین چارەسەرە بۆ عەرەبی عێراقیش بەو شێوەیەی كە دەیەوێت بژیت و گوزارشت لە ماف و داخوازییەكانی خۆیان بكەن. ئێمەی كوردستانیش وەك ئەوەی دەمانەوێ و بڕوامان پێیەتی یاسا بۆ بوارەكانی ژیان دابنێین و بەرەنگاری هزری توندڕەوی و تیرۆریستان ببینەوە.  هێڤی و بەندەواری ئێمە، ژیانێكی بە روومەتە بۆ هەمووان و بەهەڤڕاژیانی شارستانیانەی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان..
ئێوەش سەركەوتوو بن و دەستتان خۆش بۆ ئەو چالاكییە رێك و پێكەی ئەنجامی دەدەن لەم شارە جوان و مێژوویی و سیحرئامێزەكە سیمبۆلی خۆڕاگری و بەرخۆدان و فیداكارییە لە پێناو مانەوە بە سەربەخۆیی و قەبووڵ نەكردنی كۆیلایەتی و بندەستی و پاشكۆیەتی فاشیستەكان.
هێڤیدارین دەوڵەتی رووسیای فیدڕاڵ، هەروەك چۆن لەڕابردوودا پشت و پەنای شۆڕشەكانمان بوون و یارمەتیان داوین، هەر لەوسەردەمی بارزانی نەمر پەنابەر بووە و دواتریش لەهاوكاری و یارمەتیدانی بەرچاویان لە شۆڕشەكانی ئەیلول و گوڵان دا، ئێستاش پاڵپشتمان بن لە هەنگاوەكانمان بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان. هەروەك پەیوەندییەكانمان خورتتر و بەرفراوانتر ببن، كەبەرژەوەندی هەردوولا تێیدا پارێزراو بێت و لەم ڕوانگەیەوە ئێوەی بەڕێزیش دەتوانن رۆڵی دیار و كاریگەرتان هەبێت.
زۆر سوپاس بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە...
سپاس بۆ خەمخۆریی و دڵسۆزیتان بۆ نەتەوەكەتان...
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی..
بەڵێ بۆ سەرفرازی..
هەر بململە ئاڵای پیرۆزی كوردستان..

مەحمود محەمەد
ئەندامی پۆلیت بیرۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
9ی سێبتەمبەری 2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌