2017-09-10

- ریفراندۆم بڕیارێكی ڕاست و درووستە بۆ خەڵكی كوردستان و مافێكی ڕەوای گەلە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبیە، كە رۆژی 7-9-2017 پەخشكرا، رایگەیاند "ریفراندۆم بڕیارێكی ڕاست و درووستە بۆ خەڵكی كوردستان و مافێكی ڕەوای ئەو گەلەیە بەڵام ویستمان دەرفەت بدەینە هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی هاوبەشی راستەقینە درووست بكەین لەگەڵ بەغدا بەڵام مخابن، ئەو هاوبەشیە شكستی هێنا، بۆیە ناچار بووین ئەو بڕیارە بدەین. " سەرۆك بارزانی)جەختیشی كردەوە، ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەوانەی داوای دواخستنی دەكەن، وەڵاممان ئەوە بووە، بەدیلتان چییە و ئایا رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە یان دەستەبەری نێودەوڵەتیمان پێ دەدرێت.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا، سەرۆك بارزانی لە بارەی هەڵوێستی بەغدا گوتی: هەڵوێستی بەغدا نێگەتیڤانیە، بەڵام پێویستە گلەیی لە خۆیان بكەن بەوەی كە بۆ گەیشتینە ئەم بڕیارە، هەموو ئەو لایەنانە داوامان لێدەكەن ریفڕاندۆم دوا بخەین نەوەكو نەیكەین، بەڵام ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە كاتەكە گونجاوە و ئەوانەی بە پێچەوانەی ئەم قسانە لێدوان دەدەن، با پێمان بڵێن كەی كاتی گونجاوە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان روونیشیكردەوە "ئێمە ئەزموونێكی تاڵمان هەیە و نامانەوێ ئەزموونێكی فاشیل دووبارە بكەینەوە، پێچەوانەكەی تەواو راستە چونكە ئێمە بە شێوەیەكی نیمچە سەربەخۆ دەژیاین لە پێشی ساڵی 2003 بەڵام دوای رووخاندنی رژێم چووینە بەغدا و دەستمان لە پرسی سەربەخۆیی هەڵگرت و لەوانەیە ئەمە هەڵە بووبێ".
*********
سەرۆك بارزانی بۆ ئەلعەرەبیە:
- درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا
- ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرابوایە بارودۆخی عێراق نەدەگەیشتە ئەو رادەیەی ئێستا دەیبینین
- بەگوێرەی رێككەوتنێك دەبوو پێشمەرگە بەشێك بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق، بەڵام یەك دینار و یەك فیشەك بۆ پێشمەرگە نەهات
- لەسەر دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراتی فیدراڵییدا لەگەڵ عێراقدا رێككەوتین كەچی ئێستا لە دەوڵەتێكی تایەفی ئایینیدا دەژین
- ئامانج لە ریفراندۆم درووستكردنی پەیوەندییەكی دۆستانەی دراوسێیەتییە لەگەڵ بەغدا
- پاش پرۆسەی ریفراندۆمیش گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن
-حكوومەتەكانی عێراق ئینكاری ماف و خواستەكانی كوردیان كرد و لە پرەنسیپی هاوبەشی لایاندا
- ئەو كولتوورەی لە بەغدا هەیە هەمان كولتووری جارانە بە ئینكاریكردنی ویستی كورد
- ئێمە بۆ ئەوە نەچووینەوە بەغدا تا ببینە فەرمانبەر
- هیچ نیگەرانییەك نەماوە و ئێستا لە ئایندەی گەلی كوردستان دڵنیام
-دوای ریفڕاندۆم گفتوگۆكان لەسەر شێوازی پەیوەندی نێوان دوو دراوسێ دەبێت
- دوای داعش ئەو عەرەبانەی لە كوردستانن بۆیان دەركەوت ژیانیان لە كوردستان باشترە لەوەی بچنەوە شوێنی خۆیان
ئەلعەرەبیە: سڵاوی خواتان لێ بێت زۆر سوپاس بۆ جەنابتان كاكە مسعود
سەرۆك بارزانی: بەخێر بێن، ئەهلەن وسەهلەن.
ئەلعەرەبیە: فەخامەتی سەرۆك ئەو بابەتەی زۆر باسی لێوە دەكرێت لە كوردستان و لە عێراقیش بە گشتی ریفڕاندۆمی 25ی سیپتەمبەرە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە لەبەر چی وا پەلەتان كرد لە راگەیاندنی كاتی ئەو ریفڕاندۆمە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە پێمان وایە ئێمە زۆر دواكەوتین، و پێویستە پرسیارەكە بە ڕوونی بەم شێوەیە بێت: لەبەرچی تا ئێستا دواكەوتن، ئێمە هەوڵی زۆرمان دا نەگەینە ئەو بڕیارە، بەڵام گەیشتینە ئەو قەناعەتەی هیچ رێگایەك نەما بۆ بڕیاری دیكە.
ئەلعەرەبیە: واتا پێتان وایە بڕیاری ریفڕاندۆم خراپترین بڕیارە چونكە ئێوە دەڵێن هەوڵماندا نەگەینە ئەو بڕیارە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، ئەمە بڕیارێكی ڕاست و درووستە بۆ خەڵكی كوردستان و مافێكی ڕەوای ئەو گەلەیە بەڵام ویستمان دەرفەت بدەینە هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی هاوبەشی راستەقینە درووست بكەین لەگەڵ بەغدا بەڵام مخابن، ئەو هاوبەشییە شكستی هێنا، بۆیە ناچار بووین ئەو بڕیارە بدەین.
ئەلعەرەبیە: واتا ریفڕاندۆم بەدیلی هاوبەشی سەركەوتووە لەگەڵ بەغدا بە بۆچوونی ئێوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەگەر لە وەتەی درووست بوونی دەوڵەتی عێراق واتا لە بیستەكانی سەدەی بیستەم و دوای كۆتاییهاتنی شەڕی یەكەمی جیهان لە هاوبەشی نێوانمان سەركەوتباین، بێگومان پرسی ریفڕاندۆم لەو كاتەدا نەدەهات.
ئەلعەرەبیە: لەوانەیە دوا بكەوێت؟
سەرۆك بارزانی: لە وانەیە، بەڵێ.
ئەلعەرەبیە: ئەو پرسیارەی زۆر كەس دەیكەن جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، لایەنی نێودەوڵەتی هەوڵی دواخستنی ریفڕاندۆم دەدەن، كەواتە كێ لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەیە لە دەرەوەی كوردستان؟
سەرۆك بارزانی: جارێ ئەمە بڕیاری گەلی كوردستانە و هەر گەلێك لەو پرسەدا پشتی بەخۆی نەبەستێت هیچی بەدەست ناكەوێت، لە هەموو دیدارەكانمان دا لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵیان دا دانیشتین، هیچ یەكیان ناڵێن ئێمە لە دژی ریفڕاندۆمین یان لە دژی مافی گەلی كوردین، بەڵام ئەوان دەڵێن كاتەكە گونجاو نیە.
ئەلعەرەبیە: بە هۆی شەڕی داعشەوە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ هێشتا شەڕی داعش تەواو نەبووە و لەوانەیە تەركیزی هەموو لایەنەكان بۆ ئەم شەڕە كەمتر ببێت، ئێمەش بە هیچ شێوەیەك قەناعەتمان بەو قسانەوە نییە.
ئەلعەرەبیە: هەڵوێستی بەغداش نێگەتیڤانەیە لەبارەی ریفڕاندۆم؟
سەرۆك بارزانی: هەڵوێستی بەغدا نێگەتیڤانەیە، بەڵام پێویستە گلەیی لە خۆیان بكەن بەوەی كە بۆ گەیشتینە ئەم بڕیارە، هەموو ئەو لایەنانە داوامان لێدەكەن ریفڕاندۆم دوا بخەین نەوەكو نەیكەین، بەڵام ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە كاتەكە گونجاوە و ئەوانەی بە پێچەوانەی ئەم قسانە لێدوان دەدەن، با پێمان بڵێن كەی كاتی گونجاوە.
ئەلعەرەبیە: واتا ئێوە سوورن لەسەر ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لە كاتی خۆیدا؟ بەڵام جەنابتان گوتتان لەوانەیە بە هەبوونی گەرەنتی پرۆسەكە دوا بخەین، ئەو گەرەنتیانە چین و كێ بە ئێوەی دەدات؟
سەرۆك بارزانی: تا وردتر بم لەو وەڵامە، ئەوانەی داوای دواخستنمان لێ دەكەن پێیان دەڵێین بەدیل چییە؟ ئەو گەرەنتیانە دەبێ لە چوارچێوەی رێككەوتنێك بێت لە نێوان هەولێر و بەغدا بە چاودێریەكی نێودەوڵەتی.
ئەلعەرەبیە: واتا ئێوە هیچ شتێك لە بەغدا گەرەنتی ناكەن بەبێ لایەنی نێودەوڵەتی؟
سەرۆك بارزانی: بۆ ئێمە و بەغدا باشترە گەرەنتی هەبێت بەڵام ئەو گەرەنتیانە بۆ ئەوەیە لەسەر ئەنجامی ریفڕاندۆم رێك بكەوین نەوەكو شتی دیكە.
ئەلعەرەبیە: گرفتی ئێوە لەگەڵ بەغدا چییە كە ئێوەی گەیاندە ئەو بڕیارە؟ لە 2003 هاوبەشی هەبوو زۆر كەس وای بۆ دەچێت كورد دەستكەوتی زۆری دەستكەوت، سەرۆكایەتی كۆمار و چەندین پۆست و پلە و پایە، چی دیكەتان لە بەغداوە دەست نەكەوت؟
سەرۆك بارزانی: چەندین رای جیاواز هەیە و زۆر راستیش هەن زۆر كەس نایزانێت، با بۆ دواوە بگەڕێینەوە، بە تایبەتی بۆ بیستەكانی سەدەی رابردوو و كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهان، ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانانان وتوركیا درووست بوو لەبارەی ویلایەتی مووسڵەوە، عێراق سێ ویلایەت بوو، بەسڕا لە باشوور و بەغدا لە ناوەڕاست و مووسڵ لە باكوور.
ئەلعەرەبیە: مووسڵ تا گەیشتن بە كوردستان و سنووری توركیا؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، كاتێك لیژنەیەكی كۆمەڵەی گەلان هاتنە كوردستان بۆ وەرگرتنی ئەنجامی ریفڕاندۆمی ئەوسای گەلی كوردستان لەبارەی بارودۆخی تازەی ناوچەكە، خەڵكی كوردستان بەوە دەنگی دا كە ببێتە بەشێك لە عێراق.
ئەلعەرەبیە: بیرۆكەی ریفڕاندۆمەكە ئەوە بوو ویلایەتی مووسڵ ببێتە بەشێك لە توركیا یان عێراق؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ وابوو، كورد دەنگی بەوەدا ببێتە بەشێك لە عێراق، بەڵام بەمەرجی هاوبەشی (شەراكەتی نیشتمانی)، بە پێداچوونەوەی ئەو مێژووەش چی دەبینین؟ بەشی ئێمە لەو هاوبەشیەدا چی بووە؟ لە ساڵی 1922 تا 2003، زیاتر لە 4500 گوند و لادێی كوردستان بە تەواوی وێران كران و سڕانەوە.
ئەلعەرەبیە: كێ وای كرد؟
سەرۆك بارزانی: رژێمی سەددام، پێشی ئەو رژێمەش حكوومەتەكانی عێراق هەموویان ئینكاری ماف و خواستەكانی كوردیان كرد و لە پرەنسیپی هاوبەشی لایان دا و پێیەوە پابەند نەبوون.
ئەلعەرەبیە: واتا پێشی سەددامیش هیچ رژێمێك ویست و خواستی كوردی نەهێنایە دی؟
سەرۆك بارزانی: بەڵام ئەوانەی پێشی سەددام ئەو قەبارە تاوانەیان لە دژی كورد ئەنجام نەدا وەكو ئەوەی سەددام كردی، لادێ و گوندەكانیان وێران نەكرد.
ئەلعەرەبیە: بەڵێ واتا لادێكانی ئێوەیان وێران نەكرد بەڵام لە مافەكانتان بێبەشتانیان كردن؟
سەرۆك بارزانی: راستە بەڵام ئەوانیش لە مافەكانمان بێبەشیان كردین، رژێمی سەددام دوای وێران كردنی 4500 لادێ، 15 هەزار گەنجی كوردی فەیلی ئەنفال كرد و چارەنووسیان ون بوو، 8 هەزار بارزانییان ئەنفالكرد، لە هەڵمەتە بەدناوەكانی ئەنفالیش لە ساڵی 1988 یش دا، زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتی بێ تاوان بێسەروشوێنكران و شەهیدكران كە زیاتر لە 79 % یان ئافرەت و منداڵ بوون، دواتر چەندین شوێنی ئەم كوردستانەش كیمیابارانكران لە هەڵەبجەوە تا دەگاتە زاخۆ بە درێژایی ئەو هێڵە سنووریە. تەنها لە هەڵەبجە 5 هەزار كەس شەهید كران كە 85-90%یان ئافرەت و منداڵ بوون وێنەكانیشان دیارە و ئەو راستیە دەسەلمێنێت. سەرەڕای ئەو هەموو تاوانانەش چووینە بەغدا و لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دان و ستاندنمان كرد بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
ئەلعەرەبیە: واتا كاتێك لە ساڵی 1991 ئێوە و مام جەلال تاڵەبانی چوونە بەغدا و لەگەڵ سەددام دانیشتن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ راست دەكەی لەو ساڵەی كە خەڵكی كوردستان ڕاپەڕینی ئەنجام دا و لەو راپەرینەش دا دوو فەیلەقی سوپای عێراق خۆی دایە دەستی پێشمەرگە و ئەو كات گەلی كوردستان ڕەوشتێكی بەرزی نواند و لایەنی مرۆیی خۆی نیشاندا و هیچ كارێكی تۆڵە سەندنەوە ئەنجام نەدرا بەڵكو دوو رێگەیان لە پێش داندرا یان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان یانیش بچنەوە هەر شوێنێك كە خۆیان دەیانەوێ، دوای 2003ش ویستمان سوود لە هەموو دەرفەتەكان وەربگرین بۆ بونیاد نانەوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵ و دەوڵەتێكی مەدەنی و رۆڵمان لە داڕشتنەوەی دەستوورێكی تازە گێڕا بۆ عێراق، بەڵام دیسان جارێكی دیكە ئێمەیان سارد كردەوە.
ئەلعەرەبیە: كە ئێوە بەو گەرم و گوڕییە بەشداریتان لە داڕشتنی دەستوور كرد، ویست و خواستەكانی خۆتان لەو دەستوورەدا نەبینی؟
سەرۆك بارزانی: دەستوور بۆ ئەو كات و ئێستاش ئەگەر جێبەجێ بكرابوایە، دیكۆمێنتێكی زۆر باش و گرنگ بوو بۆ عێراق و ئەگەر جێبەجێ بكرابوایە بارودۆخی عێراق نەدەگەیشتە ئەو ڕادەیەی كە ئێستا دەیبینین لە نێوان ئێمە و بەغدا بەڵام دەستوور پێشیل كرا، 55 خاڵی دەستوور پێشیل كرا و دەتوانم كۆپیەكت لەبارەی ئەو پێشیلكاریانە پێ بدەم.
ئەلعەرەبیە: گرنگترین ئەو ماددانە چین كە لەلایەن بەغداوە پێشیل كران؟
سەرۆك بارزانی: ئەوان پرەنسیپی هاوبەشیان فەرامۆش كرد ئەمەش خاڵێكی سەرەكی رێككەوتنی نێوانمان بوو بە هەبوونی شەراكەتی راستەقینە، بەڵام ئەوان پێیەوە پابەند نەبوون.
ئەلعەرەبیە: چۆن؟ بەغدا دەڵێت ئێوە دەستتان بە فرۆشتنی نەوت كرد بۆیە بەشی ئێوەیان لە بودجە بڕی؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر راست نییە، با روونی بكەمەوە. ئەوان هاوبەشیان پێشیلكرد، ئەوان ماددەی 140 یان فەرامۆش كرد و دەبوایە ئەو ماددەیە لە ساڵی 2007 جێبەجێ بكرێت بەڵام نەكرا.
ئەلعەرەبیە: ماددەی 140 باسی چی دەكات؟
سەرۆك بارزانی: باسی ئایندەی ئەو ناوچانە دەكات كە گۆڕانكاری دیموگرافیایان تیادا كرا و دیاریكردنی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كە دەستوور بە ناوچەی جێناكۆك ناوی ناوە و ئێمەش پێیان دەڵێین ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كەركووك و ناوچەكانی دیكە. رێككەوتنێك هەبوو بە پێی دەستوور پێشمەرگە ببێتە بەشێك لە سسیستەمی بەرگری عێراق بەڵام بە داخەوە یەك دینار و یەك فیشەكیشیان بۆ پێشمەرگە نەنارد.
ئەلعەرەبیە: واتا پێشمەرگە وەكو رێككەوتن نەبووە بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراق؟
سەرۆك بارزانی: راستە بەڵام لە ڕووی عەمەلیەوە نەیانهێشت پێشمەرگە هیچ مافێكی دەستووری خۆی وەربگرێت، خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ پرسی بڕینی بەشی هەرێمی كوردستان بوو لە بودجەی گشتی ئەمە لە خۆیدا ئەنفالێكی دیكەیە، چۆن سەرۆكوەزیران رێگە بەخۆی دەدات بە یەك نووكە قەڵەم ئەو كارە بكات، تەنانەت ئەگەر ناكۆكی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەبوو و هەرێم خەتابار بوو، چۆن رێگە بە خۆی دەدات نانی هەرێمی كوردستان ببڕێت، بیانووی ئەوان لاوازە، ئێمە لە دوای ئەو رەفتارە دەستمان بە فرۆشتنی نەوت كرد.
ئەلعەرەبیە: واتا ناكۆكییەكە لە كات دایە؟
سەرۆك بارزانی: رەشنووسی رێككەوتنێك هەبوو لەگەڵ بەغدا لەبارەی نەوت و غاز، پاشكۆیەكیش لەگەڵ ئەم رەشنووسەدا هەبوو، ئەو قسەیەش كە باسی لێوە دەكەم لە شوباتی 2007 بوو، بە پێی ئەم رەشنووسەش ئەگەر هەردوولا تا مانگی ئایاری 2005 نەگەیشتنە رێككەوتن، هەر یەك لەلایەنەكان بۆی هەیە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت رێكبكەوێت تا یاساكە دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەو یاسایە باسی لێوە نەكرا و ئێمەش بەو رێككەوتنە پابەند بووین هیچ نەوتێكیشمان نەفرۆشت تا ئەو كاتەی سەرۆكوەزیران بڕیاری بڕینی بودجەی گەلی كوردستانی دا. ئێمە لەسەر پێكهێنانی دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراتی فیدراڵی رێككەوتین بەڵام ئێستا لە دەوڵەتێكی تایفی ئایینیدا دەژین.

ئەلعەرەبیە: با باسی رێكخراوی نێودەوڵەتی و وڵاتان بكەین، كۆمكاری عەرەبی، نەتەوە یەكگرتووەكان تەنانەت ئەمەریكاش، پاڵپشتی ریفڕاندۆم ناكەن، ئایا ئێوە بەو رێگەیەدا دەڕۆن بەردەوام دەبن؟
سەرۆك بارزانی: لە میانەی هەموو قسەكانمان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەگەڵ ئەم لایەنانە كاتێك باسی پرسی ریفڕاندۆم دەكەین ئەوان داوامان لێ دەكەن ئەم پرسەیە دوا بخەین، ئێمەش داوای بەدیلیان لێ دەكەین، بەڵام ئەوان هیچ شتێكمان پێشكەش ناكەن و تاوەكو ئێستاش هیچ بەدیلێكیان نەبووە و لەوەش دڵنیا بن ئەگەر بەدیلێكی باشتریان لە ریفڕاندۆم نەدۆزیەوە بێگومان بەردەوان دەبین.
ئەلعەرەبیە: زۆر نەماوە بۆ ریفڕاندۆم، كات بۆ بەدیل ماوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەگەر ئەوان راست دەڵێن و جیدین و بەدیلیان هەیە بۆ ئەو مەسەلەیە رەنگە لە ماوەی هەفتەیەك هەموو شتێك چارەسەر بكرێت.
ئەلعەرەبیە: جەنابی سەرۆك، زۆر كەس باسی ئەوە دەكات لە دوای رووخاندنی رژێمی سەددام، ئێوە لە ساڵی 2003ـەوە وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ رەفتار دەكەن، كە ئێوە بەم شێوەیە رەفتار دەكەن سەربەخۆییتان بۆ چییە؟ سەربەخۆیی ئەوەتان پێشكەش دەكات كە ئێستا لەبەر دەستتان دا نییە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە ئەزموونێكی تاڵمان هەیە و نامانەوێ ئەزموونێكی فاشیل دووبارە بكەینەوە، پێچەوانەكەی تەواو راستە، چونكە ئێمە بە شێوەیەكی نیمچە سەربەخۆ دەژیاین لە پێشی ساڵی 2003 بەڵام دوای رووخاندنی رژێم چووینە بەغدا و دەستمان لە پرسی سەربەخۆیی هەڵگرت و لەوانەیە ئەمە هەڵە بوو.
ئەلعەرەبیە: واتا پێشی 2003 ئێوە سەربەخۆ بوون؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئێمە ویستمان لە عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵیدا بژین بە یەكگرتنێكی ئارەزوومەندانە، بەڵام بە داخەوە بە چەندین رەفتاری چاوەڕوان نەكراو و لادان لەو پرەنسیپانەی لەسەری رێككەوتین وەڵاممان درایەوە، بۆشمان سەڵمێندرا ئەو كولتوورەی لە بەغدا هەیە هەمان كولتووری جارانە بە ئینكاری كردنی ویستی كورد و پشتگوێخستنی ویستی ئەو گەلە و قبووڵ نەكردنی بەرامبەر.
ئەلعەرەبیە: داوای چی لە بەغدا دەكەن و ئەوان گوێتان پێ ناگرن؟
سەرۆك بارزانی: زەحمەتە جارێكی دیكە هەمان ئەزموونی شكست خواردوو و تاڵ و درێژی جاران دووبارە بكەینەوە، باسی ئەوەت كرد كە ئێوە سەرۆكی كۆمارتان هەیە، بەڵام سەرۆككۆمار هیچ بڕیارێكی بە دەستەوە نییە و هیچ دەسەڵاتێكی نییە بەڵێ لە دەستووردا وا هاتووە و ئەگەر هەڵەش بێت ئەوە هەڵەی ئێمەیە. بەڵام رێككەوتن لەسەر ئەوە هەبوو هاوسەنگی لە سوپادا هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا كورد هیچ وجوودێكی لەنێو سوپادا نییە. كاتێك چووینە بەغدا بۆ ئەوە نەچووین چەند كوردێك ببنە وەزیر و فەرمانبەر، ئێمە هاوبەش بووین بەڵام ئەو هاوبەشییە هیچ بنەمایەكی نەما، ئێمە بۆ ئەوە نەچووینە بەغدا تا ببینە فەرمانبەر.
ئەلعەرەبیە: با تۆزێك راشكاوانە قسەتان لەگەڵ بكەم و ئێوەش بەوە ناسراون كە زۆر راستگۆن و بە روونی وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە، هەندێك كەس وای دەبینن تووڕە بوونتان بە هۆی لادانی هۆشیار زێبارییە لە حكوومەتی عێراق، وایە؟
سەرۆك بارزانی: ئەم قسەیە هیچ راست نییە و هیچ بنەمایەكی نییە، پێشی 4 ساڵ من باسم لەوە كرد كە عێراق بەرەو بارودۆخێكی ترسناكدا دەڕوات و پرسی هاوبەشی هیچ بنەمایەكی بۆ نەماوە و عێراق بەرەو كارەساتێكی زۆر گەورە دەڕوات ئەوە لەو كاتەی كە هێشتا هوشیار مابوو، د. رۆژ لە شوێنی خۆیدا مابوو و مام جەلال سەرۆكی كۆمار بوو، لە ساڵی 2001ـەوە من هۆشداریم لەو بارەیەوەدا و لەو كاتەوە بە هەموویانم گوت وەرن با چارەسەرێك بۆ ئەو بارودۆخە بدۆزینەوە.
ئەلعەرەبیە: هەندێك كەس وای دەبینن ڕاستی داواكاریتان بۆ ریفڕاندۆم بۆ هاتنەدی دەستكەوتی زیاترە و ئەگەر ئەو شتە هاتەدی ئێوە دەست لە ریفڕاندۆم هەڵدەگرن؟
سەرۆك بارزانی: ئەم قسەیە هیچ بنەمایەكی نییە، ئامانج لەو ریفڕاندۆمە ئەوەیە پەیوەندییەكی باشتر لەگەڵ بەغدا درووست بكەین، ئێمە لە هاوبەشی دا شكستمان هێنا، با پەیوەندیەكی دۆستانەی دراوسێیەتی درووست بكەین.
ئەلعەرەبیە: گەورەم، ریفراندۆم لە رۆژی 25 ی سێپتەمبەر دەبێت، رۆژی 26 ئەنجام راگەیەندرا و زۆرینە بۆ سەربەخۆیی دەنگیدا، رۆژی دواتر ئێوە دەوڵەت رادەگەیەنن؟
سەرۆك بارزانی: نەخێڕ، ئێمە دەچینە نێو دانوستاندنی جیدی لەگەڵ بەغدا بۆ ئایندەی هەردوولامان.
ئەلعەرەبیە: بەڵام ئێوە ئێستا خەریكی دانوستانن؟
سەرۆك بارزانی: پێشی ریفڕاندۆم و پاشی پرۆسەكەش ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن و ئێمە بە هەموو شێوەیەكەوە لە دژی توندوتیژین و لەسەر بنەما مرۆیی و مەدەنییەكان لەسەر گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبین.
ئەلعەرەبیە: ریفڕاندۆم چیتان پێشكەش دەكات؟
سەرۆك بارزانی: گەلی كورد، گەلی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و پەیام دەداتە جیهان بەوەی ئەوە قسەی منە و ئەوە بڕیاری منە، دوای ریفڕاندۆمیش گفتوگۆكان لەسەر شێوازی پەیوەندی نێوان دوو دراوسێ دەبێت نەوەكو پۆست و وەزارەت و دەستكەوتی ماددی.
ئەلعەرەبیە: پێتان وانییە ئەو دەوڵەتە دەبێتە هۆی شەڕی زۆر گەورە بە هۆی سنوور یانیش تێكەڵبوونی شوێن و ناوچەی دەوڵەمەند بە سامان و تێكەڵ لە نەتەوە و ئایین؟
سەرۆك بارزانی: بە پێچەوانەوە، درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا.
ئەلعەرەبیە: جیاوازی نێوان دەوڵەتی كوردی و دەوڵەتی كوردستان چییە؟
سەرۆك بارزانی: دەوڵەتی كوردی واتا دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی، بەڵام دەوڵەتی كوردستان بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە بە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی لە ئاشووری و كلدان و سریان و ئەرمەن و عەرەب، نابێتە دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی.
ئەلعەرەبیە: چارەنووسی كەمایەتییەكان چی دەبن دوای درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان؟
سەرۆك بارزانی: ئەوان دەبنە هاوبەشی راستەقینە و وڵات بۆ هەمووان دەبێت و ئەوان ویست و خواستی خۆیان دەستنیشان دەكەن.
ئەلعەرەبیە: زۆر كەس پرسیار دەكەم چارەنووسی عەرەب و چارەنووسی زمانی عەرەبی لە كوردستان چی دەبێت لە كاتێكدا ئێوە بە عەرەبی خوێندووتانە لە بەغدا؟
سەرۆك بارزانی: بە هیچ شێوەیەك كۆتایی بە زمانی عەرەبی نایەت بەڵكو كرانەوەیەكی زۆر فراوان بەرامبەر عەرەبدا دەبێت و هیچ جیاوازیەك لە نێوان كورد و عەرەب و توركمان و ئاشووری و كلدانی دا نابیندرێت.
ئەلعەرەبیە: كاك مسعود، هەموو حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ ئەو بۆچوونەی ئێوەدان؟ تەوافوق لەمبارەیەوە هەیە؟
سەرۆك بارزانی: زۆرینەی هەرە زۆری حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە رێككەوتوون و بە حەماسەتەوە، بەڵێ رێككەوتن هەیە و بۆچوونەكان زۆر نزیكن.
ئەلعەرەبیە: ئەزموونی باشووری سوودان لە ساڵی 2011 وای كرد دەوڵەتێكی لاواز بێتە دی شەڕی نێوخۆی لێ هاتەدی، ترستان لە دووبارە بوونەوەی هەمان ئەزموون نییە لە كوردستان؟
سەرۆك بارزانی: لەگەڵ رێزم بۆ هەموو گەلان بە تایبەتی گەلی باشووری سوودان، بەڵام جیاوازی زۆر لە نێوان هەردوولا دا هەیە، گەلی كوردستان لە دوای 1992 دوای ئەو دەرفەتە لاوازەی بۆ گەلی كوردستان رەخسا ئەم گەلە سەلماندی كە توانای بەڕێوەبردنی خۆی هەیە، ئەو هەموو گوندە وێرانكراوەی بونیاد نایەوە راستە گلەیی زۆرن تێبینی زۆرن، بەڵام دامودەزگاشی دامەزراند، بۆیە بارودۆخی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لەگەل باشووری سودان بەراورد ناكرێت.
ئەلعەرەبیە: رێگەم پێ بدە جەنابی سەرۆك، با لەبارەی ئەو دەوڵەتی چاوەڕوانی دەبن پرسیارتان لێ بكەم؟ ئایا دەبێتە بنكەیەك بۆ هەموو كوردی جیهان واتا وەكو ئیسڕائیل هەموو كوردی توركیا و سووریا و ئێرانیش تیایدا كۆ ببنەوە وەكو (ارچ المیعاد)؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، هیچ دەستوەردانێك لە بارودۆخی كورد دا نابێت لە بەشەكانی دیكە، ئێمە هانیان دەدەین بەوەی بگەنە چارەسەر و رێككەوتن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی تیایدا دەژین و بڕیار بۆ ئەوان بە جێدەهێڵین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رێگەی ئایندەیان بۆ داناڕێژین و ئەوان ئازادن بەوەی چ بڕیارێك بۆ ئایندەی خۆیان دەدەن، ئەوان خاكی خۆیان هەیە و ئازان لەسەر ئەو خاكە و ئەوان ڕەوند نین (جالیە) نین تا بێنە كوردستان.
ئەلعەرەبیە: واتا نابێتە كوردستانی مەزن؟ و دەبێتە كوردستانێكی دوور لە ناوی عێراق؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر وای لێ نایەت. بەشەكانی دیكە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن و هیچ پەیوەندیەكمان بەوانەوە نییە.
ئەلعەرەبیە: فەخامەتی سەرۆك باسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كوردستانتان كرد، ئایا خۆتان كاندید دەكەن بۆ سەرۆكایەتی؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، بە هیچ شێوەیەك تاكە ئامانجی من لە ساڵی 1962ـەوە لەو كاتەی یەكەمینجار چەكم هەڵگرت، هێنانەدی سەربەخۆیی بوو بۆ گەلی كوردستان كاتێكیش ئەم ئامانجە دێتە دی یانیش خەریكە بێتە دی ئەركی من تەواو دەبێت.
ئەلعەرەبیە: واتا شوێنی خۆتان بۆ نەوەی لاوان بەجێ دەهێڵن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ بێگومان.
ئەلعەرەبیە: گەنجانێكی زۆر لەگەڵتان كار دەكەن، نەوەی تازە چۆن هەڵدەسەنگێنن بە تایەتی لەڕووی تێكەڵیان لەگەڵ نیشتمانپەورەری و پرسە نەتەوەییەكان؟
سەرۆك بارزانی: لە شەڕی دژی داعش كاتێك داعش شەڕی بە ئێمە فرۆشت، لە رۆژانی یەكەمی شەڕەكەدا زۆر ترسم هەبوو، چونكە شارەزایی لاوانمان لە بواری سیاسەت و سەربازیدا زۆر كەم بوو.
ئەلعەرەبیە: واتا لە هەردوو رەگەز، بە شەڕكەر و ئەوانی دیكەش؟
سەرۆك بارزانی: بەڵی ڕاستە، ئەوانەی شارەزاییان هەیە تەمەنیان گەورە بوو، خانەنشینكران، وازیان لە كاری پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام لە كاتی شەڕدا چەندین سەركردە دەركەتن كە شانازیان پێوە دەكەین و سوپاس بۆ خودا ئێستا نەوەیەكی تەواومان هەیە كە توانای بەڕێوەبردنی هەر شەڕێكی هەیە لە هەردوو رەگەزیش.
ئەلعەرەبیە: واتا نیگەرانیتان نەما؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان هیچ نیگەرانیەك نەما و ئێستا لە ئایندەی ئەو گەلە دڵنیام.
ئەلعەرەبیە: ئەمەش واتان لێدەكات شوێنی خۆتان بۆ ئەو لاوانە بەجێ بهێڵن؟
سەرۆك بارزانی: ئەوە سروشتی ژیانە، من رۆڵێكم هەبوو، ئەو رۆڵەش تەواو بوو، با باسی چیرۆكێكی خۆشت بۆ بكەم، لە یەكێك لە میحوەرەكان لە لایەن داعشەوە هێرشكرا و ئەو میحوەرە پێشمەرگەكانی تەنها كچ بوون، ئەوان لە پیاوان زیاتر بەرگریان كرد و بە ئازایەتی شەڕیان كرد و داعش ناچار بوو بكشێتەوە و تەرمی تیرۆریستانی خۆیان بەجێهێشت.
ئەلعەرەبیە: فەخامەتی سەرۆك مسعود بارزانی بە بۆچوونی ئێوە داعش چی لە ئێوە دەوێت؟ خاك و فراوانی زیاتر و سامانی زێاتر؟
سەرۆك بارزانی: ئەوەی لە خەڵكی دیكەی دەوێ لە كوردیشی دەوێت، داعش ویستی خاكی كوردستان داگیر بكات بەو پێیەی چیاكانی كوردستان شوێنی بە هێزن و پارێزراون و دەتوانن لەنێو ئەم چیایانەدا بەرگری لە خۆیان بكەن و ئەگەر داعش بگەیشتباینە ئەو شوێنانە و ئەو چیایانە بە كی دەردەكران؟
ئەلعەرەبیە: پێشی ئەوەی بچمە ناوبڕێك، باس لە رۆڵی ئێران دەكەن لە كوردستان، مەترسیتان لەو رۆڵە چییە و ئایا هیچ ناكۆكییەك لە نێوان هێزی سیاسیی كوردی و ئێرانیدا هەیە؟
سەرۆك بارزانی: وەكو پرەنسیپ ئێمە لە دژی تێكچوونی پەیوەندین لەگەڵ ئێران و پێمان خۆشە پەیوەندی باشمان هەبێت لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی هاوبەش و هەڵوێستمان روونە، هاوكات ئێمە بە هەموو شێوەیەك دەستوەردانی ئێرانی لە كاروباری ئێمە رەت دەكەینەوە، بەڵێ رۆڵ هەیە و لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە بە حوكمی جوگرافیان جیاوازە.
ئەلعەرەبیە: واتا دەتانەوێ بڵێن دەستوەردانی ئێران لە سلێمانی لەوەی هەولێر زیاترە؟
سەرۆك بارزانی: بە پێی حوكمی جوگرافیا بەڵێ لە سلێمانی زیاترە.
ئەلعەرەبیە: واتا بە هۆی مەیلی سیاسییەوە نییە؟
سەرۆك بارزانی: با ئەم وەڵامە بەس بێت بۆ ئەو پرسیارە.
ئەلعەرەبیە: بە دیپلۆماسییەت بەناوبانگن فەخامەتی سەرۆك؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر بەڵكو لەمن راستگۆتر و روونتر نابینییەوە.
ئەلعەرەبیە: فەخامەتی سەرۆك كەمێك لەمەوبەر سەبقێكی رۆژنامەوانیتان بە ئێمەدا، بەوەی خۆتان كاندید ناكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی كەواتە مسعود بارزانی كە خاوەنی خۆشەویستییەكی جەماوەرییە كە درێژەپێدراوی خۆشەویستی جەماوەرە بۆ باوكتان جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر خوای گەورە لێی خۆشبێت دوای سەرۆكایەتی چی دەكات و كاتی چۆن بەسەر دەبات؟
سەرۆك بارزانی: من پێشمەرگە بووم و هەر واش دەمێنمەوە.
ئەلعەرەبیە: كەواتە تەنها بۆ كاری سەربازی؟
سەرۆك بارزانی: من گەیشتمە تەمەنێك رەنگە وەكو جاران نەتوانم لەو بوارەدا كار بكەم، بەڵام تا دەمرم من پێشمەرگەم.
ئەلعەرەبیە: بەڵام ئێوە بەشداریتان لە شەڕی دژی داعش كرد؟
سەرۆك بارزانی: دەبوایە بەشداری بكەم، بارودۆخەكە زۆر ترسناك بوو.
ئەلعەرەبیە: مەترسییەكان نەمان؟
سەرۆك بارزانی: سوپاس بۆ خوا نەما و پەنا بەخوا نایێتەوە.
ئەلعەرەبیە: چۆن سەیری پەیوەندیەكانتان دەكەن لەگەڵ بەغدا دوای سەربەخۆیی؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە كار بۆ هەبوونی باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دەكەین و پێشمان خۆشە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی برایانە و دۆستانە بێت و ببینە قووڵایی ستراتیژی بەغدا و بەغدا ببێتە قووڵایی ستراتیژی ئێمە.
ئەلعەرەبیە: پێشمەرگە رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە دەركردنی داعش لە ناوچە كوردییەكان، پرسیاری ئەوە دەكرێت چۆن كورد توانیان ئاسایشی نێوخۆ بێننە دی و ئەوانی دیكە نەیانتوانی؟
سەرۆك بارزانی: هەر شەڕكەرێك پێشمەرگە بێت یان سەرباز یان هەر شتێكی دیكە، ئەگەر باوەڕی بەو پرسە نەبێت كە شەڕی بۆ دەكات و ئامادە نەبێت خۆی بۆ بكاتە قوربانی و گیانی خۆی بۆ ببەخشێت، بە هیچ شێوەیەك شەڕی پێ ناكرێت، پێشمەرگە زانیان بەرگری لە چی دەكەن و بۆ چی قوربانی دەدەن.
ئەلعەرەبیە: كەواتە عەقیدەی پێشمەرگە ئەو ئاسایشەی بە دی هێنا؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان
ئەلعەرەبیە: ئاسایشی نێوخۆش؟
سەرۆك بارزانی: جەماوەر زۆر لەگەڵ لایەنی ئەمنی هاوكارن و پیاوانی پۆلیس و ئاسایشیش دەزانن ئامانجیان خزمەتی گەلی كوردستان و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ئەوانە، هاوكاری و هەماهەنگی زۆر لە نێوان هەردوولا دا هەیە و بەڕاستی دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس توانیان بەوپەڕی هێزەوە بەرگری لە ئاسایش و ئارامی خەڵك بكەن.
ئەلعەرەبیە: فەخامەتی سەرۆك مسعود بارزانی، با باسی توركیا بكەین ئێوە پەیوەندیتان باشە لەگەڵ توركیا و ئەوەی بینیم توركیا وەبەرهێنانی زۆرە لە هەولێر و بەشێك لە پرۆژەكان بە هۆی قەیرانی دارایی وەستاون، توركیا لەبارەی سەربەخۆییەوە بە هەستیاری قسە دەكات و وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا وای نیشاندا كە لەگەڵ سەربەخۆییدا نین، ئێوە چۆن لەگەڵ ئەو پرسە مامەڵە دەكەن، لە كاتێك دا ئەوان ناڵێن نابێ بكرێ بەڵام دەڵێن با دوا بخرێت؟
سەرۆك بارزانی: هەڵوێستی توركیا روون و ئاشكرایە بەوەی ئەوان چەندینجار پێیان گوتین ریفڕاندۆم یان دوا بخرێت یانیش هەر نەكرێت، ئێمەش ئەو هۆكارانەمان بۆیان روون كردەوە كە وای لێكردین ئەو بڕیارە بدەین، چونكە ئەمە بڕیاری گەلی كوردستانە نەك بڕیاری من. چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی توركیا لێرە بوو و ئێمە بە تێروتەسەلی قسەمان لەمبارەیەوە كرد و لەسەر ئەوە رێككەوتین كە پەیوەندیەكانمان بەردەوام بێت و بە راشكاوی پێمان گوتن ریفڕاندۆم خزمەت ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەكات و ئێمەش لە 25 ساڵی رابردوودا سەلماندمان كە فاكتەری سەقامگیری و ئاسایشین لە ناوچەكەدا بە شێوەیەكی گشتی.
ئەلعەرەبیە: ئەوەی سەردانی كوردستان بكات جەنابی سەرۆك و هەولێری 2003 و ئێستا بەراورد بكات جیاوازی زۆر دەبینێت، بەڵام هەمان بۆچوونیش هەیە بەوەی هەولێری پێشی پێنج ساڵ لەوەی ئێستا جیاوازە چونكە پێشكەوتن تیایدا وەستاوە، كەی ئەو پێشكەوتنە دەست پێدەكاتەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە بە یەك جار تووشی چەندین قەیران بووین، بڕینی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق، شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان ئەمە جگە لەو لێشاوەی ئاوارەی عێراقی و پەنابەری سووری كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، ئێستاش لە كوردستاندا زیاتر لە 3 هەزار پەنابەری سووری هەن و یەك ملیۆن و 700 ئاوارەی عێراقی لە كوردستاندا بوونیان هەیە، بۆیە ناچار بووین چەندین پرۆژە بوەستێنین، سنووری ئێمە لەگەڵ داعش نزیكەی 1050 كیلۆمەتر بوو لە خانەقینەوە تاوەكو شنگال و بێگومان ئەمەش پێویستی بە پارەیە، ئێستاش شتی وا گرنگ لەگەڵ داعش نەما، راستە پرۆسەی گەشە پێدان تۆزێك وەستا و ناشتوانم بڵێم كەی دەست پێدەكاتەوە بەڵام هەوڵی بێ وچان لەم بارەیەوە هەن.

ئەلعەرەبیە: بەڵام ئێوە لە رێكلامكردن بۆ گەشتیاری لە كوردستان وەستاون، لەبەر ئەو هۆكارەیە؟
سەرۆك بارزانی: گەشتوگوزار كۆڵەگەیەكی سەرەكی ئابوورییە لە هەرێمی كوردستان و رەنگە ئێمە هەندێك كەم و كوڕیمان لەمبارەیەوە هەبێت و بێگومان پشت بە ئێوە دەبەستین بۆ رووماڵكردنی واقیعی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بوارە فراوان و كاریگەرە.
ئەلعەرەبیە: تەنها نەوت دەبێتە بنەمای ئابووریی و پێشكەوتنی كوردستان؟
سەرۆك بارزانی: من باوەڕم بەوە نییە، بەڵێ نەوت بۆ بونیادنانی بناغەیەكی پتەوی ئابووری رۆڵی دەبێت بۆ درووستكردنی ژێرخانی ئابووری گرنگە، بەڵام كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی و دۆزینەوەی كانزای جیاجیا رۆڵیان دەبێت و بۆ من كشتوكاڵ و گەشتوگوزار لە نەوت گرنگترن.
ئەلعەرەبیە: كاكە گیان، باس لە بونیادنانی مرۆیی دەكرێت، ئایا لە 2003ـەوە توانیتان نەوەیەك بونیاد بنێن كە بتوانێت ئەو وڵاتە بەڕێوە ببات دوای سەربەخۆیی؟
سەرۆك بارزانی: با وێنەیەكی روونت لەمبارەیەوە پێ بدەم، تا ساڵی 1991 یەك زانكۆمان لە كوردستان هەبوو كە زانكۆی سەڵاحەددین بوو لە هەولێر، بەڵام ئەمڕۆ 15 زانكۆی حكومی و 14 ی ئەهلی و 11 پەیمانگای ئەهلیمان هەیە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ و لێرەدا پێویستە باس لە رۆڵی پڕ لە شانازی كارمەندانی بواری پەروەردە بكەین لە مامۆستایان بە تایبەتی، ئەوان سەرەڕای نەبوونی مووچە و ئەو هەموو گرفت و ناخۆشییانەی بەسەریاندا هات نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن بۆ یەك چركەش بوەستێت، با ژمارەی دیكەشت پێ بدەم، ژمارەی قوتابیانی پەروەردە یەك ملیۆن و 730 هەزار قوتابین. هەروەها 6500 قوتابخانەمان هەیە لەگەڵ 123 هەزار مامۆستا و 50 هەزار فەرمانبەر.
ئەلعەرەبیە: لە نزیكەی 4 ملیۆنی هاووڵاتیانەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە شەش ملیۆن هاووڵاتیەوە.
ئەلعەرەبیە: بە ئاوارەكانیشەوە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر ئەمانە تەنها هاووڵاتییانی كوردستانن، ژمارەی قوتابیانی ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان نزیكەی 200 هەزارن كە بۆ بەردەوامی دان بە خوێندن یارمەتیمان پێدان.
ئەلعەرەبیە: بەڵام زۆرجار باس لەوە دەكرێت دیموكراسییەت گەیشتە ئەو رادەیەی چالاكی ئایینی بە شێوەیەكی ئازادانە لە كوردستاندا بەدی بكرێت و جورئەتی ئەوان گەیشتە رادەیەك كە حزبی حوكمڕان و كۆی پرۆسەی سیاسی تەكفیر بكرێت، ئەو پرسە بە مەترسییەك نابینن بەسەر كوردستانەوە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ حزبی ئیسلامیمان هەن، ئەو حزبانە پابەندی یاسا و یەكێتیی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیین، كەسانێكیش هەبن بەو شێوەیە بیر بكەنەوە تا نەگەنە رادەی بڵاوكردنەوەی هزری تیرۆر یانیش ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی هیچ رێ و شوێنێكیان لە دژدا ئەنجام نادەین. هاوڵاتی ئازادە لەوەی تەعبیر لە بیر و بۆچوونی خۆی بكا.
ئەلعەرەبیە: بەڵام تەكفیركردن شتێكی هەڵەیە و تاوانە هۆكارێكی كورتە بۆ كوشتن، تا كەسێك كافر نەكەیت.
سەرۆك بارزانی: بارودۆخ نەگەیشتە ئەم رادەیە و نەمبیست كەسانێك بە كافر بكرێت، بەڵام بگەینە ئەو رادەیە ئەو كات ڕێ و شوێنی دیكەمان دەبێت.
ئەلعەرەبیە: دوا پرسیار و هیوادارم بە سنگ فراوانییەوە قبووڵی بكەن، هەندێك برادەران لە بەغدا دەڵێن لە 2003 ـەوە لە بەغدا سەرۆككۆمار كوردە و وەزیری كورد هەیە، بەڵام لە كوردستان وەزیری عەرەب نییە، چۆن وەڵامی ئەو پرسە دەدەنەوە؟
سەرۆك بارزانی: بەغدا پایتەخی فیدراڵییە، مەركەزە و بۆ هەمووانە. لە هەرێمی كوردستاندا عەرەب بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە و دەنگیان نییە، بەڵام دوای داعش ئەو عەرەبانەی لە كوردستانن بۆیان دەركەوت ژیانیان لە كوردستان زۆر باشترە لەوەی بچنە شوێنی دیكە، ئەوان هێزی سەربازیان هەیە و ئەركی خۆیان ئەنجامدەدەن و لە هەڵبژاردنی ئایندەشدا بۆیان هەیە بەشدار ببن و پێشمان خۆشە هەر بەرپرسێكی عەرەب یان توركمان لە هەرێمی كوردستان ببینین ئەگەر وەزیر بێت یان گەورەتر لە وەزیر یان هەر پێكهاتەیەك.
ئەلعەرەبیە: واتا ئامادەن بۆ دەوڵەتی ئایندە ئەو دەوڵەتە بكەنە دەوڵەتێك بۆ هەموو پێكهاتەكان؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ بێگومان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌