2017-09-10

گفتوگۆی/ عەلی بانیشاری

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتـی پێشمەرگە دەڵێ" 60 پێشمەرگەی بریندار ئامادەن تا لە دەرەوەی وڵات چارەسەر بـكرێن". هەڵگورد مەلا حیكمەت لە دیمانەیـەكیدا لەگەڵ(خەبات) لەسەر پـرۆسەی رزگاركـردنی حەویجە و هاوكارییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتـی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و گواستنەوەی مـووچەی شەهیدانـی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و چەند پرسێـكی دیكە دەدوێت. ئەو دەڵێت" مەشق و راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت". عـەمید هەڵگورد دەشڵێت" داوای گرێبەستی نوێمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە".
رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی حەویجەدا
سەبارەت بە رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە، هەڵگورد مەلا حیكمەت گوتی" تائێستا هیچ رێكەوتنێك لەسەر ئەو پرسە نەكراوە، ئێمە لە پێشمەرگەی كوردستان هەندێك مەرجمان بۆ ئەو بەشداریكردنە هەیە، پێویستە بزانرێت وردەكاری بەشداربوونەكەی چۆنە". گوتیشی" هێزەكانی پێشمەرگە پابـەندن بە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش، بەڵام لەهەمانكاتدا پێشمەرگە پێویستی بـەرێكەوتن هەیە لەگەڵ هێزەكانی دیكەی عێراقی، پێویستە سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی بارزانی وەكو فەرماندەی فەرماندەیی گشتی بگەنە رێكەوتنێك لەسەر چۆنیەتی بەشداری هێزەكانی لەو شەڕەدا".
لە نوێترین وتاریدا حەیدەر عەبـادی داوایكرد هێزەكانی پێشمەرگە بەشداری شەڕی حەویجە بكەن لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبـیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت" ئەبێت داواكردنەكە تەنها دەقێكی میدیایی نەبێت و پێویستە بەشێوەیەكی فەرمی ئەم داوایە لە فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت، كە دڵنیاین سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرێز سەرۆك وەزیرانی عێراق دانیشتنیان هەبێت بێگومان لێكتێگەیشتن لەسەر ئەو بابەتە دەبێت".
مەشق و راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە كەی تەواو دەبێت؟
هەڵگورد مەلا حیكمەت دەڵێت" راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەببێت، ئێمە رێكەوتنێكمان لەگەڵ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هـەیە تا یەكەیەكی پێشمەرگە مابێت پێویستە راهێنان بەردەوام بێت، مەبەست لە رێكەوتنەكە كە بۆ ماوەی 3 ساڵە رێكخستنی هەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگەیە، ئەوانین بڵێین هێشتا رێكەوتنەكە دەستی پێنەكردووە، چونكە دائیرەی چاكسازی تازە بنیات نراوەو پێش جـەژن كـۆتایی هات بەراهێنانی خودی دائیرەكە، ئەو دائیرەیە كە پێویستە چاكسازی بكات ئەوانیش راهێنیان وەرگرتووە". سەبارەت بە پێدانی چەك و تەقەمەنی بە هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپـەیمانیـەتی نێـودەوڵەتییەوە ئەو گوتی" هاوكـارییەكان بەردەوامە و رانەوەستاوە".
" پێم باش نییە مووچەی شەهیدانی پێشمەرگە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان"
سەبارەت بە گواستنەوەی مووچـەی شەهیدانی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون، عـەمید هەڵگورد گوتی" لەئێستادا پێم باش نییە موچەكەیان بگوزارێتەوە سەر وەزارەتی شەهـیدان، لە راستیدا پێش ئەوەی بگوزارێتەوە، پێویستە پێداچوونەوەیەك بە یاسایی وەزارتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بكرێتەوە، چونكە ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتـی شەهـیدان مووچەكەیان كەم ئەكرێتەوە، بۆیە تائەم كاتە نەگوزرانەتەوە، ئەو كاتەی دەمانەوێت مووچەكەیان بخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان كە وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەت رازی بن بەوەی ئەو مووچە لە وەزارەتە پەیوەندارەكە دەستكاری كرا بێت". لەماوەی شەڕی دژ بە داعشدا 80 پێشمەرگەی بریندار بەمەبەستی چارەسەركردن رەوانەی دەرەوە كراون. لەبارەی ناردنە دەرەوەی پێشمەرگـە بریندارەكانیش، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت" ئێَستـا 60 پێشمەرگەی بریندار ئامادەن تا رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێن و چارەسەر وەربگرن، چ وەزارەتـی پێشمەرگـە و چ بەشەكانی تر لە حكومەت خەریكی جۆرە ئامادەیەك بكەن لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا بـۆ ئەوەی بتوانن بیان نێرینە دەرەوە".
داوای گرێبەستی نوێیان كردووە
باس لەوە دەكرێت ئەو پـارەیەی حكومەتی ئەمریكا مانگانە وەكو مووچە بە 36 هەزار پێشمەرگەی دەدات كۆتایی دێت. كۆی گشتی پارەكە كە پێشتر رەزامەندی لەسەرداوە 415 ملیۆن دۆلارە، پێشتر فەریف جەبار یاوەر، ئەمینداری گشـتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكردبوو مانگە ئەمریكا نزیكەی 26 ملیار دینار بۆ هێزەكانی پێشمەرگـە دابین دەكات. هەڵگورد مەلا حیكمەت لەو بارەیەوە دەڵێت" داوامـان لە هـاوپەیمانـیەتی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی گرێبەستێكی نوێ ئەنجامبدرێت،
لەسەردانمان بۆ پنتاگۆن باسمان لەوە كردووە پـێویستە دوای كۆتایی هاتنی گربَیەستی نێوان پنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە گرێبەستێكی چالاكـتر لەوەی پێشوو لە نێوان هەردوولادا بكرێت، چونكە قۆناغی ئایندە ئەو قـۆناغە ئەبێت كە كۆتایی داعش نییە وەكو هێزێكی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا، بەڵام لەوانەیە كۆتـایی داعش بێت بەو شێوە فراوانە لەهەمانكاتدا ناوچەكە هەمیشە گەرم و ئالۆزە لە رووی سیاسـی و سەربازییەوە، بۆیە پێویست بـەوە دەكات هـاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی جۆرە رێكـەوتنێكی لەگەڵ وەزارەتی پێمشەرگە ئەنجامبدات ستراتیژی و فراوان بێــت".
دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش بەكوێ گەیشتووە؟
پرسیاری ئەوەمان لە بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە كرد كە ئاخۆ كەی زەوی بەسەر كەسوكـاری شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش دەكرێت لە وەڵامدا گوتی" ئەو بابەتە لە خودی سەرۆكی هەرێمەوە تا سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و دام و دەزگاكانی دیكە جێگەی گفتوگۆ نییە، بـەڵام بۆ دەرفەتی گونجاو و شوێنی گونجاو دەگەڕێین، دابەشكردنی زەوی پێویستی بەوە هەیە حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر بدات". گـوتیشی" هیچ كەم و كورتییەك لای وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە و كاری ئیداری كۆتایی هاتووە و ئامادەیـی تەواو كراوە تا هەموو پێشمەرگەیە زەوی وەربگرێت و فۆڕمیش بۆ هەموو پێشمەرگەیەك پڕكراوەتـەوە نەك تەنها هەموو كەسوكاری شەهیدان، داواتر كارەكە نێدراوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتـوگوزار و وەزارەتی دارایی و ئابووری و حكومەت تێگەشتنێكی زۆر باشی هەیە، ئێستا حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی لایەنی تر كە پەیوەندیدارن بە دابەشكردنی زەوی خەریكی دیراسەن تا بزانن چۆن زەوی دابەش بكرێت، خۆ ناكرێت هەموو پێشمەرگەیەك لە هەولێر زەوی وەربگرێت، بەڵكوو پێویستە هەر پێشمەرگە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدی پارچەیەك زەوی بدرێتێ".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌