2017-09-04

خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن

خاتوو گۆرانیبێژی لوبنانی حه‌سنا مه‌ته‌ر كه‌ به‌ باڵیۆزی هونه‌ری نێوان كوردستان و لوبنان ده‌ناسێنرێت، له‌ دووه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان ئاهه‌نگێكی قه‌شه‌نگی له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدا و تێیدا هاولاتییه‌كی زۆر ئاماده‌ بوون، له‌و ئاهه‌نگه‌دا حه‌سنا مه‌ته‌ر سڵاوی بۆ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نارد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر تیرۆریستان و وه‌ك چۆن پێشتریش به‌ڵینی پێداون كه‌ له‌ كاتی سه‌ركه‌وتن گۆرانیان بۆ بڵێت، له‌و ئاهه‌نگه‌ش سروودی (حیو رجال الپیشمه‌رگه‌)ی چڕی كه‌ جۆش و خرۆشێكی زۆری به‌ ئاماده‌بووان به‌خشی.

حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا رایگه‌یاند، كه‌ له‌ ئێستادا خه‌ریكی سروودێكی نوێیه‌ بۆ كوردستان و هیواداره‌ كه‌ له‌ رۆژانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ته‌واو ببێت و بڵاوبكرێته‌وه‌.

شایانی باسه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ هوتێل كریستالی شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو، تیایدا حه‌سنا مه‌ته‌ر به‌ یارمه‌تی مایسترۆ سینان ئه‌لشێخ و تیپی مۆسیقاكه‌ی چه‌ندین گۆرانی به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی چڕی، له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانییه‌كی هه‌ڵپه‌ڕكێ، حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌و ئاهه‌نگه‌دا به‌ شێوازێكی جوان و رێكپۆش ده‌ركه‌وتبوو، كه‌ دیزاینه‌ری جلوبه‌رگی له‌لایه‌ن جان بیار لحود ئاماده‌كرابوو. 

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌