2017-08-31

 ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ٢٦-٨-٢٠١٧ هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا، سەردانی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمى كوردستانیان کرد، لە سەردانەکەشیاندا پشتیوانیی وڵاتەکەیان بۆ گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا دەربڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمیش لەو وڵاتە پێی وایە، ئەو سەردانە نیشاندانی هەڵوێست و پشتیوانیی حکوومەتی نوێی فەرەنسایە بۆ هەرێم، پسپۆڕێکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێت، سەردانی دوو وەزیری گرنگی فەرەنسا، ئاماژەیە بۆ پشتگیریی هەرێم لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتیدا، (عەلی دۆڵەمەڕی)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی فەرەنسا، لە لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی فەڕمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانەکەی هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت: ''ئەوە یەکەم سەردانی فەرمیی حکوومەتی فەرەنسایە، لە پاش هاتنی سەرۆک (ئیمانۆێل ماکرۆن) بۆ سەر دەسەڵاتی فەڕەنسا، کە لە مانگی ٥ی ئەمساڵدا بوو.''

هەریەکە لە (جۆن ئێف لۆردیان)، وەزیری دەرەوە و (فلۆرانس پارلی)، وەزیری بەرگری، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ (بارزانی)، سەرۆکی هەرێم و (کۆسرەت ڕەسووڵ)، جێگری سەرۆکی هەرێم، جەختییان لە پابەندبوونی فەرەنسا بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و گەلی کوردستان کردەوە، نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێمیش لەو وڵاتە دەڵێت: ''هاتنی هەردوو وەزیرەکەی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولایە لە هەردوو ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە. هاوکات بۆ زانینی زانیاری لە سەر دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی پاش ئازادکردنی مووسڵ، هەروەها زانینی بڕیاری سیاسیی کوردستان لەسەر ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ و، نیشاندانی پاڵپشتی و یارمەتی کوردستانیشە لەلایەن حکوومەتی نوێی فەرەنساوە، کە فەرەنسا هەمیشە دۆستێکی نزیکی گەلی کوردستان بووە، وەک چۆن لە ڕابردوو و ئێستادا دۆستێکی نزیکمان بووە، لە داهاتووشدا هەر وا دەبیت.''

(دۆڵەمەڕی) بۆچوونیشی وایە، کە هەولێر فاکتەرێکی ئەساسییە بۆ ناوچەکە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ کورد ناکرێت، بەتایبەتیش ڕۆڵی گەورەی (سەرۆک بارزانی).

فەرەنسا هەمیشە پشتیوانی گەلی کوردستان بووە، بەتایبەتی لە کاتی ناخۆشی و تەنگانەدا. لە ساڵی ١٩٩١ بە فشاری سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا (فرانسوا میتەران)، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ٦٨٨ی بۆ پاراستنی کوردستان دەرکرد، کە بووە هاتنە کایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤شدا، دوای ٣ ڕۆژ لە هێرشی داعش، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا (لۆران فابیوس)، سەردانی شاری هەولێری کرد، کە یەکەمین وڵات بوو پاڵپشتیی خۆی بۆ کوردستان دەربڕی، هەروەها (فرانسوا هولاند)، سەرۆکی پێشووی فەرەنساش لە گەرمەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، لە لایەن پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەردانی هەولێری کرد.

سەبارەت بە لێدوانی فەڕمیی فەرەنسا لەسەر ڕیفراندۆم، نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێم گوتی: ''تا ئێستا فەرەنسا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لە دژی ڕیفراندۆم نەداوە و هاتنی ئەو دوو وەزیرەش پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی گەلی کوردستانە لە هەموو بوارێکەوە.''

دکتۆر (مووسا کەڤاڵ)، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەڕ سەردانی هەردوو وەزیری وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتی فەرەنساوە گوتی: ''نیشاندانی پشتگیریی هەرێمی کوردستانە لە هەردوو ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە لە لایەن وڵاتی فەرەنساوە.''

ناوبراو پێشی وایە: ''ئەو سەردانە دوای سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ هەرێم دێت، واتای هاوفکریی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لەهەمبەر پاراستن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.''

لە ڕوانگەیەکی ترەوە، پسپۆڕەکە ئەوەیشی ڕوون کردەوە: ''سەردانی هەردوو وەزیرەکەی فەرەنسا بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هەڕەشانە دادەنرێت، ئەگەر هات و لە داهاتوودا بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و ئاماژەیە کە ئەورووپا و ئەمەریکا ناهێڵن کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە بەتەنیا بێت.''

(د. کەڤاڵ) دڵنیاشە کە هەردوو وەزیرەکەی فەرەنسا لە بارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانەوە، پەیامی سەرۆکی فەرەنسایان داوەتە سەرۆکی هەرێم و گوتی: ''ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە و دڵنیاشم دوو وەزیرەکەی فەرەنسا نامەیەکی دڵخۆشکەری پشتیوانیی سەرۆک (ئەمانۆیل ماکرۆن)یان داوەتە (سەرۆک بارزانی).''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌