2017-08-27

خەبات: رانیار دڵشاد

موزیكژەن نەجم نەجمەدین لە ساڵی 1964 لە شاری هەولێر لە دایك بووە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە لە ساڵی 1985، لەسەر دەستی خوالێخۆشبوو سەید ئەحمەد فێری ژەنینی ئامێری ڤیۆلین بووە، دەسپێكی یەكەم كاری موزیكیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1978، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئەمڕۆی هونەری كوردی بەشێوەیەكی گشتی، ئەو لەڕێگای دیدارێكەوە بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ئیًمەی دایەوە.

* سەرەتای دەسپێكی كاری موزیكیتان بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
دەسپێكی كاری موزیكیم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1978، لەگەڵ تیپی موزیكی منداڵان، لەدوای ئەو لەگەڵا هونەرمەند سەید ئەحمەد، ساڵی 1980 چووین بۆ پارێزگای سەماوە، لەكۆمەڵەی هونەر و وێژە وەكو ریتم و لە گرووپی موزیكی كاوە وەك ئەندام بەشداریمان تیایدا كردووە، لەسەر دەستی خوالێخۆشبوو موزیكژەن سەید ئەحمەد فێری ئامێری ڤیۆلین بووم، ساڵی 1995 چوومە ئەوروپا، لە كەناڵی میدیا لەگەڵ چەند هونەرمەندێك كاری هونەریم كرد، دوای ئەوە لەكەناڵی كوردستان تیڤی ستۆدیۆی ئەوروپا، چەندان بەرهەممان بۆ هونەرمەندان تۆماركرد، ساڵی 2011 گەڕامەوە بۆ كوردستان لەچالاكی قوتابخانەكان دەست بەكاربووم.

* لە چ ساڵێك گرووپی موزیكی هەولێرتان دامەزراند؟
ساڵی 1992 گرووپی موزیكی هەولێرم دامەزراند، لەگەڵ هاوڕێیانی ئەو گرووپە كاری موزیكیمان بۆ كۆمەڵێك هونەرمەند كرد.

* وەك شارەزایەكی بواری موزیك، رەوشی ئێستای موزیكی كوردی چۆن دەبینن؟
رەوشی موزیكی كوردی لەو ماوەیەی تیرۆرستانی داعش هاتوون زۆر خراپە، نەمانی هاوكاری لەلایەن وەزارەتی روشنبیری و لاوان بۆ گرووپە موزیكییەكان، هۆكاری وەستانی هەموو چالاكییە موزیكییەكانە، ئەوە یەكێكە لەو هۆیانەی خراپی رەوشی موزیكی كوردی لە ئێستادا، وەختە بڵێم ساڵانی 20 رەوشی موزیك باشتربوو.

* دەكرێت بڵێین موزیكی كوردی لەباشووری كوردستان، ناسنامەی خۆی هەیە و خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی؟
لە ئێستادا نەخێر، چوونكە زۆری و بۆری لەلایەك و قەیرانی دارایش هۆكارێكی دیكەیە، بۆیە ناتوانم بڵێم موزیكی كوردی خاوەن ناسنامەی تایبەتمەند بەخۆیەتی.

* ئایا ئەو سەنتەر و رێكخراوە هونەرییانە، دەتوانن نەوەیەكی باش لەرووی موزیكەوە پێ بگەیەنن؟
ئەو هاوكارییەی تا رادەیەك دەدرا بەهونەرمەندان گەشەیەكی باشی بەخۆیەوە بینیبوو لەكردنەوەی خولی موزیك و تۆماركرنی گۆرانی نوێ و كردنەوەی فیستیڤاڵی ساڵانەی هونەری، هەتا لەرووی پێگەیاندنی نەوەیەكی هونەریشەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە 3 ساڵە هیچ ئاوڕێَك لەهونەر نەدراوەتەوە.

* تاوەكو ئێستا وەك موزیكژەن، كارتان لەگەڵ چەند هونەرمەند كردووە؟
كارم لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی كوردستان و ئەوروپا كردووە، زۆربەشیان من ئاوازم بۆ داناون، ماوەی 16 ساڵە لەگەڵ هونەرمەند شڤان پەروەر  و خاتوو فاتێ كار دەكەم.
 
* وەك موزیكژەنێك رای ئێوە لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان چییە؟
من وەكو موزیكژەن نەجم نەجمەدین خزمەتكار و قەرزداری هەر كەسێكم، هەوڵێ سەربەخۆیی كوردستان بدات، لێرەوە دەڵێم بەڵێ بۆ دەوڵەتی كوردستان، هەر بەو بۆنەیەوە دوو سرودم لەسەر سەربەخۆیی كوردستان ئامادەیە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌