2017-08-25

خەبات: رانیار دڵشاد

موزیكژەن ئازاد خۆشناو لە قەزای "شەقڵاوە"ی سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایك بووە، ئەو هەر لە منداڵییەوە خولیای دەنگی ئامێرەكانی موزیك بووە، لە ساڵی 1983 دەستی بەكاری هونەری كردووە، ساڵی 1989 ئەندامی تیپی میللی هونەری هەولێر بووە، ساڵی 1995 سەرۆكی تیپی مۆسیقای "سەفین" بووە لە قەزای شەقڵاوە، ساڵی 1996 روویكردە ئەوروپا و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، تاوەكو ئێستاش لەكاری هونەری بەردەوامە، ئەو لەبارەی كار و ئاستەنگەكانی ئەمرۆی هونەری كوردی، لەڕێگای دیدارێكەوە بەم شێوە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.

* كەی دەستتان بەكاری هونەری كرد، ئەو گرووپە موزیكییەی بۆ یەكەم جار، تێیدا بەشداریتان كرد كام گرووپ بوو؟
هەر لە تەمەنی 10ساڵییەوە ئامێری گیتار و ساز دەژەنم، ساڵی 1983 بە ئامێری ڤیۆلین دەستمكرد بەكاری هونەری، ساڵی 1984 بوومە ئەندامی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی هەولێر، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ ئەندام بووم، لە چەند بەرهەمێكی هونەری لە تەلەفزیۆن بەشدار یم تیایدا كرد، لە 1987 تا 1989 ئەندامی تیپی میللی هونەری هەولێر بووم، ئەو كات بەتواناترین تیپ بوو لە ھەولێر، لە 1990 تا 1995 سەرۆكی تیپی مۆسیقای "سەفین" بووم لە شەقڵاوە، لەو ماوەیە بەشداری زۆربەی ئاھەنگەكانی نەتەوەیی و یادەكانمان دەكرد.

* لە چ ساڵێك چوون بۆ دەرەوە، ئایا  بە درێژایی مانەوەتان لە دەرەوە، لە هیچ تیپێكی موزیكی بەشداریتان نەكردووە؟
لە ساڵی 1996 روومكردە وڵاتی ئەڵمانیا، تا ئێستاش هەر لەوێ دەژیم، لە چوار تیپی ئۆركێسترای جیا جیا وەك ئەندام لە ئەڵمانیا بەشداریم تیایدا كردووە.

* تاوەكو ئێستا هیچ ئەلبووم یان پەرتووكێكی تایبەت بە موزیكیتان هەیە، بۆ فێرخوازانی ئامێری موزیك؟
ئەلبوومێكی موزیكیم هەیە بەناوی "ئاوازەكانی چیای كوردان" كە پێكهاتووە لە 11 تراك، لەبارەی پەرتووكیشەوە، بەڵێ پەرتووكێكی راهێنانی رۆژانەم هەیە، بۆ مەبەستی فێربوونی نۆتەی مۆسیقا، ئەو پەرتووكە سیدییەكی لەگەڵە نۆتە و دەنگی لەسەر، هیوادارم موزیكژەنانی كوردستان سوود لەو پەرتووكە ببینن.

* هیچ كارێكی نوێتان لەبەر دەستە، ئایا تاوەكو ئێستا هیچ ئاستەنگێكتان لەبواری هونەر بۆ دروست نەبووە؟
ئێستا سەرقاڵی چەند بەرهەمێكی هونەریم، لەوانە سروودێكی شۆڕشگێڕی و گۆرانیەكی بەپێز بۆ منداڵان، هۆنراوەی گۆرانیەكە هی كاك "شەهرام دۆستان"ە كە بەزاراوەی ژوورو نوسراوە، كاری موزیكی تەواو بووە و خەریكە كاری دەنگ تۆماركردنەكەش تەواو دەبێت، لەبارەی ئاستەنگی هونەرییەوە، تاوەكو ئێستا هیچ ئاستەنگێكم بۆ دروست نەبووە، تەنیا لە رووی ئابوورییەوە كێشەمان هەیە، ئەوەی جێی نیگەرانی بێت، تا ئێستا هیچ سپۆنسەرێك نیە، ئەركی مۆسیقای كوردیمان بگرێتە خۆ.

* وەك موزیكژەنێك رای ئێوە لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان چییە؟
سەربەخۆیی مافی هەموو مرۆڤ و گەلێكە، لێرەوە دەڵێم هەزار جار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی بۆ گەلی كورد،  هەر مرۆڤێكی كورد و میللەتانی دیكە، دژی سەربەخۆیی كوردستان بێت، بەلای تاریك بیرو خاوەن كەسایەتیەكی لاوازە، هەر پارت و ڕێكخراوێكی سیاسی كوردی دژی سەربەخۆیی تێبكۆشێت بە ڕای من نەبوونیان لە بوونیان زۆر پیرۆز ترە، بۆ ئەم پرسە من وەكو موزیكژەنێك ئامادەم دەیان كاری هونەری ئارانگە ئامادە و تۆماریان بكەن.  

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌