2017-08-23

ساسان دەروێش-هۆڵەندا

بۆ كۆتایی هاتنی كاروچالاكییەكانی كۆمیتەی هۆڵەندا بۆ ئامادەكاریی فێستیڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان كە بڕیارە لە 26/8/2017 و پاڵپشتیكردن لە 25 ی ئەیلولی 2017 ی گشتپرسی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەكەمان لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، لە شاری ئارنهێم وڵاتی هۆڵەندا بە سەرپەرشتی خاتوو چیمەن نەقشبەندی بەرپرسی كۆمیتە و دەستەی كارگێڕی كۆمیتە و بە میوانداریی هونەرمەندی ڕەسەنی كوردستان برادەر و رێژەیەكی بەرچاو لە كوردانی ئەو شارە بەشداربوون لە گردبوونەوەیەك لە یەكێك لە باخچە گشتییەكان بۆ ڕاگەیاندنی كۆتایی هاتنی كارەكانیان لە كۆكردنەوەی كوردان و دابینكردنی گواستنەوەیان بۆ شوێنی فێستیڤاڵەكە و پشتگیرییان لە سەربەخۆیی كوردستان. چیمەن نەقشبەندی بۆ خەبات گوتی: لێرەوە دەستخۆشی لە هاوكارانم دەكەم لە كۆمیتەكەمان كە بێ ماندووبوون و دابڕان توانیمان پێكەوە پاڵپشتییەكی گەورە لە كوردانی وڵاتی هۆڵەندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان و بەشداربوون لە فێستیڤاڵی كۆڵن بكەین لە دابینكردنی گواستنەوەیان بۆ شوێنی مەبەست و چەند لە كات نزیكبینەوە، ئێمە كاراتر دەبێت و بۆ هەمان مەبەستیش ڕۆژی شەممە لە كاتی دیاریكراودا هەموو پاسەكان بەرەو كۆڵن هەنگاو دەنێن بە جلوبەرگی كوردەواری و شەكانەوەی ئاڵای پیرۆزیی كوردستان لەگەڵ یەكگرتنەوەی هاوشانی پاسەكانی ترمان لە كۆمیتەی شارەكانی ئایندهۆڤن وزڤۆڵە بە هیواین بتوانین پێكەوە پەیامی سەربەخۆیی و كۆدەنگی نەتەوەیی كورد لە وڵاتێكی زلهێزی دنیا رابگەیەنین.
هەر سابەرەت بەو پرسە، ئەفشار ئەقدەشی گوتەبێژی كۆمیتەكەش گوتی: ئەوەی لە شاری بەرلین روویدا لە هێرشكردنە سەر كۆمیتەی ئامادەكاری وپاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان و ئامادەكاری بۆ فێستیڤاڵی شاری كۆڵن، لە لایەن چەند گومانلێكراوێكەوە، بەربەست نابن لە هێنانەدی خەونی هەزار ساڵەمان و بەدەستهێنانی مافەكانی خۆمان، بۆیە بەدوژمنانی كوردستان دەڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان و كۆدەنگی لە فێستیڤاڵی كۆڵن بە هەموو دونیا رادەگەیەنین كە ئێمە نەتەوەیەكین ئەزموونی هەرێمی باشووری كوردستان و مێژووی خوێناویی نەتەوەكەمان سەلماندی گەلی كورد ئاشتیخوازە و ئێستا دەیەوێت لە دەستكەوتەكانی كۆشكی هیوای دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت. 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌