2017-08-20

 بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان: لە ئۆتۆنۆمی و فیدرالییەوە تا ئێرە، بە ریزبەندییەكی باشەوە هاتووین و لە ئێستایشدا كاتی سەربەخۆییە

كامیل حاجی عەلی بۆ خەبات:
- لە سیاسەت و بۆ ئێمەی كورد لەپێناو پرسی ریفراندۆم براوەو دۆڕاو نییە، ئەوەیش بەهیچ شێوەیەك تەنازولكردن نییە، ئێمە هەموومان برای یەكین
- ئایا دەكرێ خەڵك هەبێت بڵی من نامەوێ بە ئازادی بژیم و حەزدەكەم ژێردەستەو پاشكۆی خەڵكی تر بم..؟ !
- ریفراندۆم مولكی كەس نییەو هەركەسێكیش نەیەت نابێ پاساوەكەی ئەو تێبینیانە بێت، كە هەندێك لایەنی سیاسی هەیانە
- لە كۆنگرەی یازدە خاڵێكی ستراتیژیمان هەیە، كە پەسەندمان كردووە، ئەویش گشتپرسییە بۆ سەربەخۆبوونی گەلی كوردستان
- كە ئەنجامی ریفراندۆم دەركەوت، رەنگە ئەو وڵاتانەی لە ئێستادا توندن و ناڕازین، ئەوان زووترو بەر لە هەمووان دانمان پیادادەنێن
- لەو دەرفەتەی كە پشتیوان بەخوا لەم بەشەی كوردستان هاتۆتە ئارا، دەمانەوێ ببین بە دراوسێیەكی باش بۆ دراوسێكانمان

خەبات: سەردار حوسێن

كامیل حاجی عەلی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە سەرەتای دیمانەكەیدا گوتی: "بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، دروود و سەلام لەسەر گیانی پاكی پێغەمبەر، سەبارەت بە ریفراندۆم ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەی یازدە خاڵێكی ستراتیژیمان هەیە كە پەسەندمان كردووە، ئەویش گشتپرسییە بۆ سەربەخۆ بوونی گەلی كوردستان".
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان گوتیشی: "ریفراندۆم مافێكی نەتەوەییە، هەموو میللەتان كە چواریەكێكی ئێمە خەبات و رەنج و تێكۆشانیان نەبووەو بوونە خاوەنی دەوڵەت و قەوارەی تایبەتی خۆیان و سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتووەو لە نەتەوە یەكگرتووەكان كورسییان هەیە، ئێمەیش مافێكی رەوای خۆمانە كە ئازادبین و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبێت لەو نیشتیمان و خاكەی كە خوا پێیبەخشیووین، بەزمان و كلووتور و بڕواو عەقیدەی خۆمان لەم خاكە پیرۆزەی كە گەلی كوردستانی تیایدا دەژی، بە هەموو خەڵكی دیكەیشەوە نەك هەر گەلی كورد دەبێ بە ئازادی خۆمان بژین، بۆیە ناكرێ ئەم ریفراندۆمە بچووك بكەینەوەو پێمانوابێـت تەنها بۆ یەك نەتەوەیە، چونكە ئەو نەتەوانەی دیكەیش كە لەگەڵمان دەژین هەموومان بەیەكەوە ئازارمان چەشتووە، ئایا دەكرێ خەڵك هەبێت بڵی من نامەوێ بە ئازادی بژیم و حەزدەكەم ژێردەستەو پاشكۆی خەڵكی تر بم، بۆیە پشتیوان بەخوا دەبێ هەموومان بەیەكەوە لەو رۆژەی دیاریكراوە بۆ ریفراندۆم بچینە سەر سندوقی دەنگدان و بە بەڵی وەڵام بدەینەوە".

كامیل حاجی عەلی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بە بنەما سەرەكییەكانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەڵێت: "بنەما سەرەكییەكان ئەوەیە كە ئێمە پێویستە تەبایی و یەكڕیزی نێوماڵی كورد پتەوەتر بكەین و هەوڵیش بدەین هەر هەموومان بەیەكەوە دەنگ بە بەڵی بدەین، بڕوا بكەن كوێخای یەك دێ بۆ ئێمە زۆرە كە بچین رازی بكەین و لەگەڵمان بێت، تەنانەت یەك تاكە كەسیش زۆرەو گرنگیی خۆی هەیە، ریفراندۆمیش مولكی كەس نییەو هەر كەسێكیش نەیەت نابێ پاساوەكەی ئەو تێبینیانە بێت، كە هەندێك لایەنی سیاسی هەیانە، چونكە دواجار لایەنە سیاسییەكان هەر دەگەنە رێككەوتن و پشتیوان بەخوا هەوڵەكانیش قۆناغێكی باشیان بڕیووەو رێككەون دێتە ئارا، ئەو دەرفەتەی هەیە دەرفەتێكی باشەو خوا هێناویەتی بۆ ئەو میللەتەی كیمیاباران و ئەنفالكراوەو بە كۆڕەو ئاوارەبوون و و برسیەتەییەوە تا ئێرە هاتووین، هەمووشمان یەك میللەتین كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەشكراوین بەسەر چەند وڵاتێك، بەڵام لەو دەرفەتەی كە پشتیوان بەخوا لەم بەشەی كوردستان هاتۆتە ئارا، دەمانەوێ ببین بە دراوسێیەكی باش بۆ دراوسێكانمان، ببین بەو دراوسێیەی كە ئیسلام رازی بێت لێمان، پێغەمبەری خوا دەفەرمووێ: جوبرائیل هێندە باسی مافەكانی دراوسێی بۆ كردم ترسام كە لە میراتیش بێ بەش نەبێت، ئێمە لەو كاتەوەی كە پەرلەمان و حكوومەتی كوردستانمان پێكەوناوە دراوسێیەكی باش بووینە بۆ دراوسێكانمان، رۆژێك لە رۆژان نەبووینە هۆكاری شتێك كە ئەوان ناڕازی بن لێمان و دەستمان وەرنەداوەتە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە دەبێ دەنگ بدەین ئینجا لەگەڵ دراوسێ و وڵاتە زلهێزەكان قسە بكەین، تا ئێستا ئێمە هیچمان نەكردووە، چۆن لەگەڵ وڵاتانی دیكە قسە بكەین، ئێستا هەرچی بكەین ئەو وڵاتانەیش حەقی خۆیانە پێمان بڵێن خۆ تا ئێرە ئێوە هیچتان نەكردووە، جارێ پرس بە میللەتی خۆتان بكەن بزانین زۆرینەی میللەتی ئێمەوە چی دەڵێن و بەچی رازین، بێگومان لە هەر وڵاتێكیش دەبێ خەڵكێك هەبێ لاساری بكات و وای لێكبداتەوە كە ئێستا كاتی نییە، بەڵام هیچ كاتێك نییە بۆ خەڵكی كوردستان كە خەڵكانی دیكە بڵێن فەرموون ئێستا كاتی سەربەخۆییە".

سەبارەت بە كاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەو گوتی: "من پێموایە لە ئێستادا هەندێك وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی هەن ناكرێ رایبگەیەنن كە ئەوان رازین، چونكە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو رۆژەی كە راپرسییەكە بكرێت و ئەنجامەكانی دەركەوێت، بەڵام كە ئەنجامەكەی دەركەوت بڕواتان هەبێت، رەنگە ئەو وڵاتانەی لە ئێستادا توندن و ناڕازین، ئەوان زووترو بەر لە هەمووان دانمان پیادابنێت، لە ئێستادا ئەوەی گرنگە تەنها ئەوەیە ئەوان بێ دەنگ بن، چونكە ئەوانیش حەقی خۆیانەو هەردەبێ بڵین ئێمە جارێ رای خۆمان نادەین، یاخود لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقین و بۆ ئاشتەوایی عێراق باشترە وابێت، بەڵام كە میللەت دەنگیدا ئەو رایە نامێنێت، لەبەر ئەوەی لە هەموو دونیادا میللەتان مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، كە میللەتیش دەنگیدا بە سەربەخۆییدا ناتوانن بڵێن ناڕازین، بە تێپەڕبوونی كاتیش وڵاتان دانمان پیادا دەنێن، بەڵام ئێمەش نابێ وەها تێبگەین كە هەموو وڵاتان رازی بن و دونیا بووبێتە شامی شەریف، چونكە شانەخزەیشی هەر دەوێ، دەبێ ئێمە ئامادەكاریمان كردبێت بۆ هەموو حاڵەتێك، ئەوەتا لە رووداوەكانی چاڵدیرانەوە میللەتی ئێمە هەر هەوڵ دەدات، لە تەمەنی ئێمەیشەوە لە ساڵی 1961ـەوە دیسان كورد هەر لە هەوڵدایە، لە ئۆتۆنۆمی و فیدرالییەوە تا ئێرە، بە ریزبەندییەكی باشەوە هاتووین و لە ئێستایشدا كاتی سەربەخۆییەو دەبێ بەرگەی ئەوەیش بگرین، ئەگەر كاردانەوەی سلبی لێرەولەوێ هەبوو، نابێ بێ ئومدێ بین و هەردەبێ بەرگەی بگرین، رەنگە خەڵكێكیش هەبێت لە راگەیاندنەكانەوە قسە بكات و كاردانەوەی هەبێت، بەڵام من پێموایە تاكی كورد بەرگەی ئەوە ناگرێت و لە رۆژی دەنگدان هەر دەڵێت بەڵی بۆ سەربەخۆیی كوردستان".

لەهەمبەر ئامادەكارییەكانی سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی وڵات، كامیل حاجی عەلی دەڵێت: "دەبێ سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئامادەكاری كردبێت، لە كۆبوونەوەی رۆژی 7-6 بۆ پرسی ریفراندۆم من گوتم: دەبێ ئامادەكارییەك هەر كرابێت، چونكە كە بڕیار دەدەیت دەبێ ئامادەراری كرابێت، كە ئەو قسەیەشم كرد نەیانگوت ئامادەكاری نەكراوە، بەڵام پێویستە هەوڵبدەین بژێوی خەڵك چاك بكرێت و مەسەلەی پاشەكەوت و ئەو شتانە سووك بكرێت و ئەوەتا هەموو لایەنەكانیش هەر هەوڵ دەدەن، كە كێشە سایسسیەكان چارەسەر بكرێت، راستە ئێستا بڕیاری ریفراندۆم دراوە، بەڵام كە كێشە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن و پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو پرۆسەیە رێكتر و جوانتر دەبێت، خۆشبەختانەیش ئێستا بڕیار دراوە بەبێ مەرج پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، چونكە پەرلەمان مولكی هەموو خەڵكی كوردستانە، لەو حاڵەتەیش حەزی خەڵك زۆرتر دەبێت بۆ دەنگدان و بەهانەیش نامێنی بۆ دەنگنەدان، ئێستا رەنگە خەڵكێك بڵێت پەرلەمان كارانەكراوەتەوەو بارودۆخەكە هەروەك خۆیەتی، بەڵام وەك گوتمان ئێستا بڕیاری كاركردنەوەكە دراوەو پێموایە كارا دەكرێتەوە".

لە وەڵام بەو پرسیارەی ئایا دەوڵەتی كوردستان دەبێتە دەوڵەتی نیشتیمانی یان دەوڵەتی نەتەوەیی، كامیل حاجی عەلی گوتی: "پشتیوان بەخوا دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتێكی نیشتیمان دەبێت، ئێمە لە رابردووشدا پێكەوەژیانێكی باشمان هەبووە، فەرموو سەیری كەركووك و دەوروبەری بكە، سەیری ئەو شوێنانەی دیكەی دەوروبەری مووسڵ بكە، سەیری هەولێر و دهۆك و هەڵەبجەو سلێمانی بكەن، هیچ رۆژێك بەكەس نەگوتراوە تۆ كاكەیی یان ئێزدی یان توركمان و مەسیحیت، راستە زۆرینەی خەڵك موسوڵمانەو سوونە مەزهەبن، بەڵام هیچ كاتێك ئیسلام و عەقیدەكەیان رێگەیان نادات بەخەڵكی تر بڵێن تۆ فلان مەزهەب و ئایینت هەیە، چونكە ئیسلام دەرفەتی داوە هەركەس ئایینی خۆی هەبێت، ئەو میللەتە میللەتێكی رەسەنەو هەردەم حەزی كردووە پێكەوە بژین و لەم وڵاتە خزمەتی یەكتری بكەین، بۆیە پێموایە دوای ئەوەی نیشتیمانێكی سەربەخۆمان دەبێت، لەسەر ئێمەی موسوڵمانە كە دەبێ جۆرێك لە ژیان بۆ ئەوانەی دیكە فەراهەم بكرێت، كە هەرگیز نەیانبینێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێك لە سێ حزبە ئیسلامییەكە لەبارەی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "ئەوان تێبینیان هەیە، ئامادەشن و رایانگەیاندووە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندان، قەناعەتیشم وایە هەتا رۆژی ریفراندۆمیش بڵێن لەگەڵی نین، بەڵام هەر دەنگی پێدەدەن، چونكە نەیانگوتووە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیین، پێموایە تا رۆژی ریفراندۆم لە 25-9 كە هەموو لایەنەكان خەریكی وتووێژ و گفتوگۆن، هەموو شتەكان چارەسەر دەكرێن، حزبە ئیسلامییەكان برای ئێمەن و ئێمە خەبات و ئیشكردنمان بەیەكەوە هەیە، پێموایە لە رۆژی دەنگدان كەس نییە بڵێت نەخێر".

كامیل حاجی عەلی لەبارەی داواكاری بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی هەمیشە داوامان كردووە یەكڕیزی و برایەتی هەبێت، هیچ بەهانەیەك نییە ئەو برایەتییەمان لەنێواندا نەبێت، ئەوەی هەیە شتی بچووك بچووكن، وەك ئەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ مەرج كە ئێستا بڕیاری لێدراوە، دەبێ لەپێناو ئەم هەنگاوە گەورەیەش شتێك بكرێت، 100 ساڵە ئەو میللەت و لایەنەكانیش دەیانەوێ ئەوەی لە توانا هەیە بكرێت و باروگوزەرانی خەڵكیش شتێكی سەرەكییەو بژێوی خەڵك زۆر گرنگەو هەموو لایەنەكان و دەسەڵاتیش هەر وادەڵێن، پێویستە كە ئێستا دەڵێن بارودۆخی ئابووری تۆزێك باشتربووە دڵی خەڵكیش خۆش بكرێت".

ئەو گوتیشی: "لە سیاسەت و بۆ ئێمەی كورد لەپێناو پرسی ریفراندۆم براوەو دۆڕاو نییە، ئەوەیش بەهیچ شێوەیەك تەنازولكردن نییە، ئێمە هەموومان برای یەكین، بەڵام چونكە دەوڵەتمان نییە هەرچی بكەین هەر دەچێتە گیرفانی خەڵكەوە، با دەوڵەتمان هەبێت، پەرژینێك بۆ حۆمان دروست بكەین، ئینجا كێ دەبێتە براگەورە كەیفی خۆیانە، چونكە ئەگەر ئەو قەوارەیەمان نەبێت خەڵكی دیكە دەیقۆزێتەوە، بۆیە ئەركی هەمووانە هەوڵبدەین هەموو خەڵك رازی بكەین، ئێستا كە ئەم رۆژە هاتۆتەپێش با هەموومان بۆ یەك پرسی ئاوا گرنگ، كە خوێنی شەهیدان و فرمێسكی دایكی شەهیدانە دەبێ برا بین و هەموو شتێكی بۆ بكەین".

لەبارەی دەنگۆی داخستنی سنوور و ئەو هەڕەشانەی گریمانە دەكرێت بێتە بەردەم پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، كامیل حاجی عەلی گوتی: "ئەوە تەنها دەنگۆیەو دەكرێ هەڕەشەی دەرەكی بێت، بەڵام بۆ ئەوەیە كە بزانن تا چەند تۆ لەسەر داواكارییەكانت سووریت، مەرج نییە ئەو هەڕەشانە بێنەدی، ئێستا وەك ئەوكاتانە نییە كە سنوور دابخرێت، رێگەی ئاسمانیمان هەیەو خەڵكیش وەك جاران نییەو فریاكەوتن هەیە".

لە دوایین تەوەری دیدارەكەدا كامیل حاجی عەلی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان گوتی: ئێمە خاڵی هاوبەشمان زۆرە وەك هاووڵاتی و هاوونیشتیمانی داوا لە تاك تاكی خەڵكی كوردستان دەكەین هەر یەكێك بڕوات و دەنگ بە بەڵی بدات، ساڵانێك بە كۆكردنەوە گوڵەگەنم و بەرگەمان گرت و میللەت بەخەیاڵیشدا نەدەهات، ئەمجارە ئومێدمان وایە بە یەكجارەكی بحەسێینەوە، لەوانەیە دوای ریفرادۆم بۆ ماوەیەكی كەم بارمان قورستربێت تا هەندێك دەوڵەت قەناعەت دەكەن، بەڵام دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بكەین، كاتی خۆی لە ساڵی 1992 سەدام حوسێن مووچەی خەڵكی بڕی ئەوكاتەی نەوتی خۆماڵی كرد، بەڵام دواتر چاكی كردەوە، ئێستایش ئەم بارودۆخە تەنها بە دەنگی بەڵێ و دەوڵەت چارەسەری دەكرێت، ئەگەریش دەنگی نەخێر زۆربێت ئەوە لە مێژوودا دەگوترێت كورد دەرفەتێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوت كە خودا بۆی سازاندبوو، نەیزانی و لەدەستیدا، ئەوكاتە ئیتر نابێ گلەیی لەكەس بكەین، بەڵام ئەوەندەی من میللەتەكەمانم ناسیبێت هەر دەڵێت بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌