2017-08-15

خەبات: رانیار دڵشاد

سەروان عیسا لەساڵی 1987 لەئاوارەیی ئێران لەدایك بووە، دانیشتووی شارۆچكەی (پیرمام) سەر بەپارێزگای هەولێرە، تاوەكو پۆلی دوازدەی ئامادەیی خوێندووە، ئەو دوو كار دەكات یەكێكیان وەك پێشمەرگەیەك بەرگری لە خاك و نیشتیمانەكەی دەكات، كاری دووەمی خزمەتكردنە لەبواری هونەری دەستی، دەیەوێت لە رێگای كاری هونەری دەستییەوە جوانیەكانی سروشتی كوردستان نیشان بدات، ئەو لە رێگای دیدارێكەوە بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.

* چۆن بوو بڕیارتاندا كار لە هونەری دەستی بكەن؟
ئەم كارە خولیایەكی منداڵیم بووە، بەردەوام هەوڵمداوە پەرە بەتواناكانم بدەم، قۆناغ بە قۆناغ ئەزموونی زیاترم لەو بوارەدا بەدەست هێناوە، تاوەكو ئێستاش بەردەوامم، زیاتر كاری هونەری دەستی بەشێوەی بچووك كراوەیی دەكەم.

* ئایا تاوەكو ئێستا لە هیچ پێشانگایەكی گەشتوگوزاری بەشدارییتان كردووە؟
ساڵی 2017 لە پێشانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیاری، لە هەولێر بەشداربووم  و كارە هونەریەكانم تیایدا نمایش كرد.

* زیاتر چ ماددەیەك بۆ كارە دەستییەكانتان بەكاردەهێنن؟
كەرەستەی جۆراوجۆر بەكار دەهێنم وەكو (دار، بەرد، گێچ، خۆڵ، فوم، چەندان كەرەستەی تریش) سەرەڕاری ئەمەش زۆربەی ئەو كەرەستانەی پێشوو من بۆ كاری دیكە بەكارم هێنابوون، دووبارە بۆ هونەرەكەم سوودیان لێ وەردەگرم و بەكاریان دەهێنمەوە.

* ئایا دروستكردنی پردی دەلال لە زاخۆ  بە چ  شێوەیەك  و ئەو كەرەستە سەرەكییانەی تیایدا بەكارهاتوون چین؟
پردی دەلال شوێنێكی مێژووی و گەشتیاری كوردستانە، بۆیە لەرێگەی هونەرەكەمەوە ویستم دروستی بكەم، سەرەتا بۆ دروست كردنی پردەكە پێویست بوو سەردانی بكەم و لەنزیكەوە بیبینم، دواتر بۆ دروستكردنی، نەخشەی پردەكەم كێشاو پاشان قالبێكم بۆ دروست كرد، هەروەها گێچم وەكو كەرەستەی سەرەكی بەكارهێنا، دواتر بە هۆی تێهەڵكۆڵین بەقەلەمكاری لەسەر گێچەكە شێوازی بەردەكانم بۆ دروست كرد،لە قۆناغی كۆتایدا رەنگم كرد و لەسەر شێوەی پردەكە دەرمهێنا، بەڵام بەبچووك كراوەیی.

* ئەو كارە دەستییانەی تۆ زیاتر دروستیان دەكەی چین؟
جوانیەكانی ناو سروشت بەكاری دەستی بەشێوەی بچووككراوەی (ماكێت) دروست دەكەم، وەكو دروست كردنی ( چیا،رووبار،پرد،خانوو،شوێنە مێژووییەكان و چەندان كاری تری جۆراو جۆر )، ئەمانە بەگشتی دروست دەكەم، بەڵام لە نێویاندا زیاتر بایەخ بە كوردستان دەدەم.

* مەبەستان لەو كارە دەستییە چییە؟ 
دەمەوێت بە هەمان شێوەی ئەركی پێشمەرگایەتی لەرێگەی كاری هونەرییەوە خزمەت بە كوردستان بكەم، داواكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشت و هاوكارمان بێت، بۆ ئەوەی لە كوردستان زیاتر پەرە بەكاری هونەری دەستی بدرێت.

* وەك پێشمەرگەیەك و هونەرمەندێك رای ئێوە لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان چۆنە؟
بێگومان، من وەك پێشمەرگەیەك پشتگیری لە راپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەم، دەنگی من  بە بەڵێ دەبێت، چوونكە لە كۆنەوە باوب و باپیرانمان لەپێناو ئەو ئامانجە خەباتیان كردووە، هیوا و ئاواتم بینینی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە، لەو ڕێگایەوە وەك هونەرمەندێك دەرفەتی زیاترمان دەبێت، بۆ ئەوەی لەپێشانگا نێودەوڵەتیەكاندا بەناوی دەوڵەتی كوردستانەوە بەشداری بكەین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌