2017-08-14


 80 ساڵی حوكمی سوننە و 14 ساڵی حوكمی شیعە، بۆ هەرێمی كوردستان هیچی لێ سەوز نەبوو
- ریفراندۆم هی خەڵكی كوردستانە هەر كەسێ مەسئولی یەكەمی هەبێ ئەو پرۆسە نەتەوەییە بە هی خۆی دەزانێ
- دوای ریفراندۆم گۆڕانكارییەكی گەورەو متمانەی دونیاش روومان تێدەكات

گفتوگۆ: عەبدولقەهار هەولێری

هەموومان دەزانین كەوا گەلی كورد لە هەموو جیهان چاوی بڕیوەتە 25/9 بۆ ئەوەی چارەنووسی لەمێژینەی خۆی دیاری بكات، كە خوێنی هەزاران پێشمەرگەی لە پێناودا رشتووە. ئەو نیگەرانیەی كە لەناو شەقامی كوردیشدا بوونی هەیە ئەوەیە: كە مەترسیەكە گەورەیە لەو ڕوانگەوەی كارتی ریفراندۆم وەك هەر كارتێكی سیاسی تر بەكاربێت، واتە هەركات ویستت دەستی بۆ بەریت‌ و بەكاری بێنیت، چونكە گەر كارتەكە سووتا، یان دەنگی پێویستی نەهێنا شكستێكی گەورە دەبێت‌ و میسداقیەتی سیاسی ‌و نیودەوڵەتیشی نامێنێت، لەم روانگەوە بە شیاومان زانی بە چەند پرسیارێكی هەنووكەیی شەقامی كوردی سەركردەی ناسراو حەمەی حاجی مەحموود بهێنینە ئاخاوتن، كە بە سوپاسەوە بەم شێوەیە بەرسڤی پرسیارەكانی داینەوە:
* خوێندنەوەو تێڕوانینتان بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم چی دەبێت...؟
- ئێمە پێمان وایە 25ی 9 كورد وەرەقەیەكی بەهێزی لە دەست دەبێ‌، ئەم وەرەقەیە دەتوانین مامەڵەی پێبكەین لەسەر چارەنووس و چارەسەری پرسی كورد، ئێمە نابێ بگەڕێینەوە بۆ شەڕی پێش داعش، دوای ڕیفراندۆم دەبێ داوای شتێكی نوێ بكەین، 80 ساڵی حوكمی سوننە و 14 ساڵی حوكمی شیعە، نەتیجەی سوننە ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچاڵكردن بوو، 14 ساڵی شیعەش بڕینی موچەی خەڵك و شەڕی داعش بوو، بەپلەی نزمتر سەیری گەلی كورد كردن بوو، واتە ئەوانیش شتێكیان نەكرد تاكو لێیان دڵنیا بین، یان متمانەیان پێبكەین، دوای 25ی 9. یەكەم: ئێمە وەرەقەیەكمان لەدەستە، دووەم: بە جیهان دەڵێین ئێمە خۆمان دەمانەوێ چارەنوسی خۆمان دیاری بكەین‌، متمانەیەك ئەدەین بە دونیا كە باوەڕمان پێ بكەن وەكو میللەتێك مامەڵەت لەگەڵ دابكات لەسەر چ بڕیارێك كۆنفدڕالییە یان سەربەخۆییە یان چی تر بێت ئەوە گرنگە بۆمان، بەڵام ئێمە پێمان وایە گۆڕانكاری ڕیشەیی دەبێت دوای 25ی 9.
* بەڕێزت لەسەرەتادا گوتت گەر ریفراندۆمەكە بكرێ، بۆچی وات گوت؟
- ئەگەرەكەم بۆ ئەوە تێكردووە ئەگەر نەكرێ زۆر خراپە و ئەو دەرفەتە گرنگە ڕەنگە بۆمان نەڕەخسێتەوە ڕەنگە كاتەكە ئاسان نەبێت بۆمان، ئەو كاتە لەدەستمان بچێت دووبارە نابێتەوە، كاتەكە وەكو شمشێر وایە نەیبڕی دەتبڕێ، بۆیە من پێم وایە كورد بەقەدەر ئێستا بەهێز نەبووە، ئەرزمان هەیە خەڵكمان هەیە پەیوەندیمان هەیە ئیقتیسادیشمان هەیە هەموو شتێكمان هەیە ئەوەی نیمانە دەوڵەتە، دوای ئەمانە من پێم وایە گۆڕانكارییەكی گەورەو متمانەی دونیاش ڕوومان تێدەكات و ئەتوانی بۆ هەنگاوێكی نوێتر و لەئاستی ئەو ڕووداوانە كاری لەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر نەكرێ خراپە، و نەكرێیەكەم بۆ ئەوە بوو سبەینێ ئەمەریكا دەڵێ كاتی نییە، ناڵێ مەیكە دەڵێ كاتی نییە، مادەم بابێن كاتێكمان بۆ دیاری بكەن، ئەگەر ئەوان ڕۆژێكمان بۆ دیاری بكەن ئەوكات زۆر باش دەبێت و زۆر گرینگیشە بۆمان. 
* باشە ئێستا پارتی تۆپێكی هاوێشتۆتە ناو گۆرەپانی گۆڕانەوە، ئەگەر گۆڕان یاریزانێكی پێویستی نەبوو بۆ مامەڵەكردن بەو تۆپە، تۆ چی بە پێویست ئەزانی پارتی ئەنجامی بدات؟
- پارتی ئەوەی كە كردوویەتی خراپ نییە، پێویستی بە هەنگاوی تریش هەیە چونكە پارتی كە ئێستا كە باسی ڕیفراندۆم دەكەی خەڵك وا دەزانێ هی پارتیە، ڕیفراندۆم هی خەڵكی كوردستانە هەر كەسێ مەسئولی یەكەمی هەبێ ئیتر ئەو پرۆسە نەتەوەییە بە هی خۆی دەزانێ، لەلای گۆڕان كە باسی پەرلەمان دەكەیت دێتە جواب وا ئەزانی هی ئەوە باسی یەكێتی عێراق دەكەین ئەویش بەهی خۆی دەزانێت، شتەكان وای لێهاتووە، وانییە یان ئەوانە سەرۆك كۆماری عێراقە یان پەرلەمانی كوردستانە، ڕیفراندۆمیش هی هەموو خەڵكی كوردستانە لەبەر ئەوە پێم وایە هی كەسێك نییە، بەڵام ئێستا وا شكاوەتەوە من پێم وایە پارتی دەبێ هەنگاوی باش بنێت و هەنگاوی زیاتریش بنێت، ئەگەر لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەمە نەكرا ئایا "یەكێتی و پارتی و یەگرتوو" دەتوان بیكەن، ڕەنگە ئەمە بۆچوونێك بێت ئایا ئەمە سەركەوتوو دەبێت ئەوكاتە دەتوانن لەبەر ئەوە من پێم وایە ڕێكخستنی ماڵی كوردی گرنگە، بەڵام لە زۆر جێگاشدا رێك نییە لەسەر یەك بابەت، لە ڕیفراندۆمی توركیا بۆ پەرلەمانی توركیا چەندێك جیاوازی هەبوو 52. 5 وە دەرچووش.
* چەند سیناریۆیەك خراوەتەڕوو بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە، لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا بەڕای تۆ پەسەندترین سیناریۆ چییە بۆ ئەوەی بخرێتە بواری كارەوە؟
- باشترین هەنگاو ئەوەیە پەرلەمان كۆببێتەوە بەبێ مەرج و پێكەوە بڕیار بدەن و كاتی هەڵبژاردن دیاری بكەن تا 9/23 كۆتا كۆبوونەوەیە وە كاتی تەواو دەبێت وە بۆ مانگی 11 هەڵبژاردن بكرێت، لەبەر ئەوە من پێم وایە پەرلەمان 4 ساڵە شتێكی ئەوتۆی پێنەكراوە بەو گومانەشم هیچی پێناكرێ، باشترین شت ئەوەیە هەڵبژاردنی نوێ بكات ئەو كاتە هەمووی سفر دەبێتەوە چونكە ئەو كاتەش ئەگەر پەرلەمانیش درێژی بكاتەوە، بۆ خۆی ناڵێت سەرۆكی هەرێم ماوەی بەسەرچووە، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێتەوە ئەو كاتە هەمووی سفر دەبیتەوە بۆ نمونە نە سەرۆكی پەرلەمان نە سەرۆكی حوكمەت نامێنێننەوەو دووبارە هەڵدەبژێردرێنەوە.
* لەیادی 41 ساڵەی حزبی سۆشیالستی كوردستان چ بە لایەنگرانی خۆت دەڵێی؟ چیت هەیە بۆیان؟
- بەبۆنەی 41 ساڵ لە خەبات و تێكۆشان و فیداكاری، حزبی سۆشیالستی دیموكراتی كوردستان، پێشەكی سڵاو بۆ یادی پاكی شەهیدەكان و كەسوكاری سۆشیالست بە تایبەتی شەهیدانی دژی داعش ئەنێرم وە خەڵكی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە ئێمە 41 ساڵە بەردەوامین تا ئێستا هێزەكانیشمان ڕۆژانە شەهیدو بریندارمان هەیە لە جەبهەكان بۆ پاراستنی خاكی كوردستان بەردەوام دەبین وە خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەوەی خەباتمان بۆ كردووە ئێستا لە كاتێك یادی 41 ساڵەی دەكەینەوە باسی ئەوەی دەكەین كورد چارەنوسی خۆی دیاری بكات. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بكرێت ئومێد دەكەین ئێمە لە ساڵی داهاتوو كوردستانێكی سەربەخۆو خۆمان خاوەنی بڕیاری خۆمان بین، فڕۆكە لە فڕۆكەخانەكانی خۆمان هەڵبسێنین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌