2017-08-13

دڵشاد مستەفا وەسانی

چارەكە سەدەیەك زیاترە، ئەركی حزب لە كوردستان گۆڕاوە، بەوپێیەی قۆناغی دوای راپەڕینی 1991 لە كوردستان، بە قۆناغی ئیدارەی كوردی ناسراوە، حزبەكان رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبووە و هەیە، بۆیە گرنگە ئەو حزبانە پێگەی خۆیان و بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە كۆمەڵگەدا باش بزانن.
مەسەلەیەكی زۆر گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە، لە كوردستاندا دابەشبوونی كۆمەڵگە و ناكۆكیی ئایینی و نەتەوەیی نییە، ئەوەی هەیە كێشەی سیاسییە، جیاوازیی هەڵوێستی سیاسیی حزبەكان كاریگەریی زۆری لەسەر كۆمەڵگە هەیە، هەر هەڵوێستێكی حزبەكان لە كۆمەڵگە بە جۆرێك رەنگدانەوەی دەبێت، تا ئێستا وا باو بوو حزبەكان لە كاتی تەنگانەدا، كێشە ناوخۆییەكانیان وەلا دەنا، كەچی لە 2017 حزبەكان بوونە هۆی دابەشكردنی خەڵك، جێی داخە دابەشكردنەكەش لە سەر مەسەلەی چارەنووسە، لە كاتێكدا دەبوو كەس دژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەوەستابایەوە.
بەداخەوە ئەوەی هەندێ حزب لە كوردستان دەیكەن، نموونەی لە هیچ وڵاتێك نییە، نەبووە چارەنووسی گەل، بەتایبەتیش گەلی وڵاتێكی داگیركراو و دابەشكراو، بكرێتە كەرەستەی ململانێی حزبی، هەرچەندە هیچ حزبێك جورئەتی نەكردووە، بە رەسمی رایبگەنێت كە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆییە، بەڵام لەسەر ئاستی تاكەكەس و گرووپی ناو حزب لەژێر ناوی بیروڕای ئازاد، دژایەتی ریفراندۆم كراوە، یان میدیای حزبی بۆ پیشاندانی دژایەتی ریفراندۆم، ئەو هەواڵ و راپۆرتانە دەگوازێتەوە كە دژی ریفراندۆمن، وەك ئەوەی بڵێ فەرموون قسەی ئێمە راستە و كەس لەگەڵ ریفراندۆمدا نییە، بەمەش ناكۆكیی حزبی قووڵتر دەكەنەوە، كاریگەریی خراپیش لەسەر كۆمەڵگە دروست دەكەن.
پێویستە حزبەكان مەسەلەی سەربەخۆیی، وەك كەرەستەی ناكۆكیی حزبایەتی سەیر نەكەن، چونكە لە بنەڕەتەوە گەلی كوردستان یەك بەرەیە بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی، ئەوە ناكۆكیی حزبییە وێنەی دابەشبوونی كۆمەڵگە لەسەر ئەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەوێ یان نا گەورە دەكات، لێرەدا نابەرپرسیاریەتی حزب دەردەكەوێت، چونكە دروستكردنی وێنەی دابەشبوونی خەڵك، لەبارەی دیاریكردنی چارەنووس، دەستكردی حزبە لە پێناو دەسكەوتی حزبی، لەو دیمەنە دروستكراوەدا، حزب داخوازیی خەڵك دەكاتە دروشم، بەڵام كە دێتە سەر گفتوگۆ مەسەلەكە دەسكەوتی حزبییە، چونكە باس لە دابەشبوونی پشكی پۆست و پلە دەكرێت.
لەو نابەرپرسیاریەتییەدا، گوشاری بەغدا تا بە بڕینی قوتی خەڵك گەیشت، دیسان بۆ ناكۆكیی حزبی بەكارهێندرا، بەمەش لەو غەدرە بەرنامە بۆداڕێژراوەی سەر كوردستان، هەندێ حزب هەوڵی سپیكردنەوەی رووی كاربەدەستانی بەغدایان دا، بەو ئاراستەیە كاریان كرد كە ئاڵۆزبوونی دۆخی كوردستان، لە لایەك خۆیانی لێ بە بەرپرسیار نازانن و لەلایەكی دیكەشەوە زیان بە حزبی بەرامبەر (پارتی) دەكەوێت، لەبەرئەوەی حزبەكان كاریگەریی لەسەر خەڵك دروست دەكەن، پێویستە بەرپرسیاریەتیی خۆیان بۆ هێوركردنەوە بەكار بێنن، چونكە حزبەكان بە لێكنزیكبوونەوە، دەتوانن یەكهەڵوێستی دروست بكەن.
راستە لە كوردستان دەستوور نییە، بەڵام نەبوونی دەستوور نابێ ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی هەر وەختێك حزب ویستی، مەسەلە ستراتیجییەكان بكاتە كەرەستەی ناكۆكی و گوشار دروستكردن بۆ دەسكەوتی حزبی، هەر كاتێ حزبەكان رێككەوتن، رۆژانی دواتر دیمەنی سیاسی كوردستان، زۆر لە جاران جیاوازتر دەبینرێت، پێویستە ئەو ئاسۆیەی دەركەوتووە، بكرێتە هەوێنی لێكنزیكبوونەوە و كۆتایی بەو شڵەژانە بهێندرێت، بەرپرسیاریەتی راستەقینەی حزبەكان ئەوەیە، بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی و ناوچەكە بۆ بەرژەوەندیی نیشتمان، نەك بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بەكاربێنن، مادام پارتی لە پێناوی مەسەلە چارەنووسسازەكان، هیچ مەرجێكی بۆ یەكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستان نییە، لە حزبەكانی دیكە دەخوازرێت، هەمان هەنگاو بگرنەبەر، چونكە تەنازولكردن لە پێناوی نیشتماندا تەنازول نییە، بەڵكو هەڵوێستێكی جوانە و هیچ كەس و لایەنێك لەو رێیەدا دۆڕاو نییە، هەمووان سەركەوتوو دەبن، بەوهیوایەین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌