2017-08-10

 سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەرەی نەخێر ناتوانێت بۆچوونی خەڵکی کوردستان بگۆڕێت و دەشڵێت، پێویستە جگە لە پارتی و یەکێتی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن.

(د. مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پارتی و یەکێتی دوو ھێزی سەرەکیی ھەرێمی کوردستانن و کاریگەرییان زیاترە لە ھێزەکانی دیکە، بەڵام من پێم باشە، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە نێوان خۆیاندا ڕێککەوتن ئیمزا بکەن و کۆدەنگییەک ھەبێت بۆ ئەوەی بەرەنگاری کێشەکانی دێنە بەردەمان ببینەوە، بە یەکگرتووییی لایەنەکان دەتوانرێت زیاتر زاڵ بین بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا و دەستکەوتی زۆرتری دەبێت بۆ وڵاتەکەمان. من ئاگاداری نێوەرۆکی ڕێککەوتنی نوێی پارتی و یەکێتی نیم، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن ھەر کرا، با ھێزەکانی دیکەش تێیدا بەشدار بن و چارەسەری کێشەکان بکرێت.''

لە ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوودا خەڵکی کوردستان بە پێکھاتەکانییەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا بەشداری دەکەن و چاودێرانیش وای بۆ دەچن، بڕیاری میللەتی کوردستان ڕووداوێکی گەورە دەبێت و گۆڕانکاری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکات.

(مەحموود عوسمان) ئاماژەیشی دا: ''من دژی ئەوانەم، کە بەرەیان بۆ نەخێر پێک ھێناوە و خۆم لە بەرەی ڕیفڕاندۆم و (بەڵێ)دام، چونکە ناکرێت پێچەوانەی خواستی میللەتی خۆمان بین، ئەوانەیشی ناویان لەخۆ ناوە بەرەی دژە ڕیفڕاندۆم، پێم شتێکی باش نییە، خەڵکێک ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان بە نەخێر دەنگ بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بدات. تەنانەت من پێم وایە ڕیفڕاندۆم نەشکرابا لە نێو سنووری ھەرێمی کوردستاندا شتێکی ئاسایی بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڕیفڕاندۆمێکمان کردووە و ٩٨%ی خەڵکی ئێمە لەگەڵ سەربەخۆییدان، بەڵام ڕیفڕاندۆم بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگە و پێویستە بکرێت، تا ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌