2017-08-09

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانێکی قوڕس رووی لە کوردستان کردووە، ئەم قەیرانە وای کردووە کە بیر لەوە بکەینەوە لە ھەرێمێکەوە بۆ دەوڵەتێک خۆمان لەھەندێک شت ڕزگار بکەین.

محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاندوه‌ :  ڕیفراندۆم لەکات و ساتی خۆی دەکرێت، ھیچ قسەیەک لەسەر کاتەکەی نییە، لە کۆبوونەوەی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر دراوە، بۆیە ئێمە دوای ڕیفراندۆم داوا سەربەخۆی دەکەین، بەس مامەڵەی دیکەی لەگەڵ دەکرێت، چونکە ئەو کاتە وەک سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت وەک نەوت و بارودۆخی سیاسی و ئیتر ناگەرێینەوە بەغدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرژەوەندی تاسەری ھەیە، لەو ناوچەش ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، کوردستان دەستی بۆ یەدەنگی نەوتی نەداوە، وڵاتانی دەوروبەر دەستیان لێداوە، ئەمە وای کردووە کە کوردستان پێگەی جیاواز بێت لە ناوچەکە و حساباتی تایبەتی لەگەڵ دەکرێت".

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی روون کردەوە: "رەنگە لە داھاتوودا بڕیاری خۆمان لەگەڵ عێراق بدەین و ئەو کاتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و بڕیاری خۆی دەدات".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەندێک لە حزبەکان ھەوڵ دەدەن کە ھەڵبژاردن دواکەوێت و پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، پرسیار لە ھەرحزبێکیش بکە دەلێن بەئاسانی ھەڵبژاردن ناکرێت، بەڵام بەگشتی پێیمان خۆشە لەکاتی خۆی ھەڵبژاردن بکرێت و بارزانیش فەرمانی لەو بارەوە دەرکردووە".

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە روو: "ڕیفراندۆم گرفتی نییە، گرفت لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانە، کە ھەر حزبێک بۆ خۆی رادەکێشێت، بەڵام ڕیفراندۆم پرسێکی نەتەوەییە و ھیچ حزبێکیش لە کوردستان لەدژی ریفراندۆم نییە".

محەمەدی حاجی مەحموود، گوتیشی: "دەربارەی ئەو قسەیەی کە گوایە لەلایەن پارتییەوە ھێزێک بۆ سۆسیالیت دروست کراوە،پێشووتر ھێزی سۆسیالیست بەشێکی لەو لیوایانە بوون کە دروست کرابوون و بەشێک لە بەرگری فریاکەوتن، بەشێکیان لە زێرەڤانی و بەشێک لە وەزارەتی پیشمەرگە مانەوە، بەشێکیان لەو ھێزانە سەر بەھیچ شوینێک نەبوون، خۆمان ھاوکاریمان دەکردن، بەڵام کە قەیرانی دارایی ھات ئێمە پێیمان نەکرا مووچەیان بدەین، چونکە بودجەی حزبەکان بڕا دواتر داوامان لە یەکێتی و پارتی کرد کە لە لیواکانی ٧٠ و ٨٠ رێگایان بکەنەوە، ئەمە کراوە، بەڵام دەنگۆ بڵاو بوەتەوە گوایە ھێزمان بۆ دروست کراوە".


باسنیوز

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌