2017-08-09

 ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لەوە دەکەنەوە، کە لە بەغدا ڕاشکاوانە هەموو شتێک دەڵێن و لە ئێستاشەوە پەیامی ئەوە دەدەن، کە گەلی کوردستان بڕیاری پشتگیریکردنی ڕیفراندۆم داوە.

تا ئێستا ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ٥ کۆبوونەوەی کردووە، کۆبوونەوەکان بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) بووە و لەدوا کۆبوونەوەدا بڕیار دراوە، شاندێک لەو بارەوە بنێرن بۆ بەغدا، تا پەیامی کوردستانیش بگەیەننە بەغدا. (سادق جەباری)، نوێنەری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کۆمیتەی ڕیفراندۆمدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕیفراندۆم وەسیلەیەکە بۆ ئەوەی بگەین بە دەرەنجامێکی بەڵگەیی لەسەر داخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و ئێمە لە ڕێی ئەم ڕیفراندۆمەوە دەتوانین بەڵگەی یاساییمان ھەبێت بەرامبەر بە بەغدا بۆ داواکاریی جیابوونەوە یان سەربەخۆییی کوردستان.''

(سادق جەباری) گوتی: ''ھەرکەسێک بە پیلان کار بۆ دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم بکات، ئەوە یاری بە کارتێکی سووتاو دەکات، چونکە گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکات، بۆیە ھیچ حزبێک ناتوانێت لە دژی ڕیفراندۆم بووەستێتەوە، ھەرکەسێکیش بە پیلان ئەوە بکات، ئەوە خۆی تووشی زیان دەبێ.''

(سادق جەباری) دەڵێت: ''ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەکات لە ئاستێکی باڵا دەبێت و بە پێویستی دەزانێت، کە دەستکراوە بێت و توانای بڕیاری ھەبێت، دیپلۆماسی بێت، بە ئارامی گفتوگۆ بکات و جورئەتی بڕیاری ھەبێت.''

بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان: ''بڕیارە ئەندامانی شاندەکە لە دوو ڕۆژەی دادێدا دیاری بکرێن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەت و حزبە عێراقییەکان کۆ دەبێتەوە.''

هاوکات، (كەرخی ئاڵتی برماغ)، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕیفراندۆم پرسێکی گرینگە و پەیوەندیی بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، نابێ لەوە زیاتر چاوەڕوانی ئەوە بکرێت، کە پەرلەمان دوابخرێت، دەبێ پەرلەمان کارا ببێتەوە، ئەو پرسە لەوێش باس بکرێت و دەبێ پەرلەمان لە پێناو خزمەتکردنی هەموو پرسە چارەنووسسازەکاندا بکەوێتەوە کار، بەتایبەت ڕیفراندۆم و، باسی ئەوە کرا کە دەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی ئەو پرۆسەیەدا بێت.''

(کەرخی ئاڵتی برماغ) لەو بارەیەوە دەڵێت: ''زۆر گرینگە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە پەرلەمانی کوردستانەوە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکەن و بڕیارە پەرلەمان دەست بە کاروباری ئاساییی خۆی بکاتەوە، لە ناویاندا پرسی ڕیفراندۆم، کە گرینگە هێزە سیاسییەکان، پێشوەختە لەو بارەیەوە ڕێککەوتنیان هەبێت.''

(کەرخی ئاڵتی برماغ) ئەوەشی خستەڕوو: ''سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان پشتیوانیی ئەو پرسە دەکەن، چونکە دەیانەوێت چارەنووسیان لەگەڵ چارەنووسی گەلی کوردستان بێت، ناکرێت دووبارە بگەرێنەوە بۆ بەغدایەک کە هیچ گەرەنتییەکی نییە و هەرجارە بەبیانووێک گرفت بۆ کوردستان دروست دەکات، بۆیە ئەم جارە بە ڕاشکاوانە لە بەغدا هەموو شتێکیان پێ دەڵێین و قسەی یەکلاکەرەوە دەکەین.''

هەرلەم بارەوە (ئەبووکاروان)، نوێنەری حزبی شیوعی لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم پرسێکی گشتی و نەتەوەییە و مافی گەلی کوردستانە، کە دەنگ لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، لەسەرجەم کۆبوونەوەکانیش جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەبێ گەلی کوردستان لە ڕێگای ئاشتییانەوە مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، چونکە ئەم پرسە چەندە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە، چونکە ئێمە تا ئێستا بەشێکین لە عێراق  وئەگەر لە داهاتوودا سەربەخۆ بین، دەبێ لەگەڵ عێراقدا دوو دراوسێی باش بین، پێکەوە مامەڵەی ئاشیتانە بکەین، هەر بۆ ئەمەش، بڕیارە شاندێک سەردانی بەغدا بکات و ئەم پرسەیان لەگەڵدا باس بکات، چونکە ئەمە پرسێکی گرینگە و پەیوەندیی بە هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە و چارەنووسی گەلێکی لەسەرە.''

(ئەبووکاروان) ئەوەشی خستەڕوو: ''دەربارەی ڕیفراندۆم بڕیار دراوە، کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش ڕیفراندۆم بکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش وەک شارەکانی دیکەی کوردستان، دەنگ لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌