2017-08-08

شوان سەرابی

 

پاش ئەوەی گوتەبێژی رەسمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەم رۆژانەدا پەیوەندی تەلەفۆنیان لەگەڵ یەكتر نەكردووە و ئەو هەواڵە راست نییە، كە پێشتر ژمارەیەك میدیا و دەزگەی راگەیاندنی ناوخۆو ئاسمانی بڵاویان كردبۆوە، كە لە دوو رۆژی رابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كردووە یەكسەر هەواڵە وەرزشی و هونەرییەكانی هۆڵیۆدم بیر هاتەوە، كە بۆ پڕفرۆشتنی رۆژنامەكانیان یان بەرزكردنەوەی كێڕفی خوێنەرو بینەری ماڵپەڕو كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانیان هەموو شتێك بۆ خۆیان بە رەوا دەبینن، جا ئەگەر لەسەر حیسابی ئابڕووچوونی كەسایەتییە وەرزشی و هونەرییەكانیش بێت، بەڵام تۆ بێی یاری بە تواناكانی نەتەوەیەك بكەیت ئەوە ئەوپەڕی هەست نەكردنە بە بەرپرسێتی بەرامبەر دەیان ساڵی قوربانی دانی نەتەوەیەك بە هەموو شێوەیەك لە پێناو گەیشتن بە مافە رەواكانی، ئەوانە لە خۆیان ناپرسن ئەو هەموو قوربانییە بۆچی دراوەو لە دنیا دا شتی وا هەیە، كە پاش ئەو هەموو قوربانیەی میللەتێك ئاوات بەوە بخوازیت لە جیاتی هەنگاو نان بۆ پێشەوە بەرەو دواوە بگەڕێتەوە؟! نەخاسمە لە ماوەی نزیكەی 100  ساڵی رابردوو دا بە هەموو شێوەیەك هەوڵی سەركوتكردنی درابێ، پێم ناڵێن چتان لە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق قازانج كردووە هەتا ئەوها ئەسەفی بۆ بكێشن و هەواڵی هەڵبەستراو بۆ بەرژەوەندییەكانی هەڵببەستن، لە كاتێكدا هەرچییەكیان لە دەست هاتبێت لە دژی میللەتی كورد ئەنجامیان داوە، 4000  گوندیان وێران كردووە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت هێشتا شوێنەواری وێرانە خاكەكەی پێوە دیارە، 8000  هەزار رۆڵەی بارزانی بێ سەروشوێن كردبێ و 182  هەزار ئەنفالی كردبێ و دەیان شارو شارۆچكەی كیمیاباران كردبێت سەرباری بڕینی قووتی فەرمانبەران هێشتا چ شتێكی تر ماوە بكات؟! لە سایەی خواو سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەی كوردستان و دۆست و هاوپەیمانان نەبایە هەر بەرپرسە باڵاكانی ئێستای ئەم عیراقە هەولێر و دهۆك و سلێمانیشی بە دەردی شاری موسڵ دەبرد. بەڵام خەیاڵیان خاوەو هەتا سەرۆك و پێشمەرگەی كوردستان لە ژیان دا بێت كوردستانیش بەردەوام دەبێت و بە كوێرایی چاوی دوژمننان ریفراندۆم دەكرێت و هەموومان بە بەڵێ بەرەو سندوقەكانی دەنگدان دەچین و ئەو رۆژە دەكەینە كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان، جا با هەر ئەو كەس و كەناڵ و لایەنانە بە پیكی دوژمنان بجوڵێنەوەو هەواڵی هەڵبەستراو بڵاوبكەنەوە، كە مانگیش بەدەركەوت حەوجە بە ئەنگوستێ ناكات. لێرەدا دەپرسم ئەو كەس و كەناڵ و لایەنانە چۆن لە خۆیان دەبوورن، كە لە خۆشی و لە ناخۆشی لەگەڵ میللەتەكەی خۆیان نەبن، چۆن وەڵامی شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان دەدەنەوە، كە گیانی خۆیان لە پێناو مافە رەواكانی میللەتێكبەخت كردووەو ئێستاش ئەوان پاڵپشتی بكوژەكانیانن یان ئومێد بەوە دەخوازن بچنەوە ژێر ركێفی عیراقیك، كە هەر ناوەكەی ماوەو لە ناوەڕۆكدا بۆتە دەیان پارچەو هەرگیز وەكو خۆی لێ نایەتەوە. ئەوە بۆیە و ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بە تایبەتی رۆشنبیران و نووسەرانی راستەقینەی میللەتی كورد ئەركی خۆیان بزانن و هەمووان بە یەك دەنگ و رەنگ میللەتەكەمان جۆش بدەن و تێیان بگەیەنن ریفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسی و شارستانیەو كاتێك میللەتێك پەنا بۆ سندوقەكانی دەنگ دان دەبات نیشانەو هێمای ئەوەیە، كە ئەو میللەتە دەیهەوێت كێشەكانی لە رێگەی پرۆسەی دیموكراسییەوە چارەسەر بكات و هەر میللەتێكیش هەوڵیدا كێشەكانی لم رێگەیەوە چارەسەر بكات وەك میللەتی كورد، كە ئێستا لە خۆئامادەكردندایەو بەرەو ریفراندۆمی سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە هەقە هیچ ترسێكیان لێی نەبێت و بیست و پێنج ساڵی رابردووش گەواهیدەری ئەم راستیەن، كە ئەم میللەتە لە لە چاكە زیاتر هیچ شتێكی تر بۆ دەرودراوسێكانی ناخوازێت و هەقە ئەوانیش بە هەمان شێوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌