2017-08-04

جەمال فەتاح بۆ خەبات:
- مێژوو و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان ستەمی زۆریان لە نەتەوەكەمان كردووە

- پێویستە كورد ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێت
- نەیارانی سەربەخۆیی بیانەوێت یا نەیانەوێت گەلی كوردستان ریفراندۆم دەكات

ساسان دەروێش/ هۆڵەندا

پرسی سەربەخۆیی كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25 ی ئەیلوول 2017، ڕۆژانە بۆتە باسێكی سەرەكی و پانتاییەكی گەورەی لە نێو گفتوگۆ و دیدارەكانی كۆڕ و كۆمەڵگەی كوردی داگیركردووە و لە ئاكامەكانی دەڕوانن، كە چیتر لە عێراقێكی بێ ئومێد و هیوا، ژیان بەڕێ ناكرێت كە هەڕەشە بێت بۆ ئایندەی خۆیان و نەوەكانیان، بەڵكو رێفراندۆم بكرێتە میكانیزم و بیانوویەكی واقیعی بۆ بەرگریكردن لە مانەوەی كورد و رزگار بوون لە دەرئەنجامە خراپەكانی لۆزان و سایكس پیكۆ و ئەو مەینەتییانەی لە ماوەی ئەو 100 ساڵەدا چەشتیان. ئێستاش لەم دەرفەتە زێرینەدا خۆجیاكردنەوە لەو فەوزا سیاسییەی عێراقی گرتۆتەوە، كۆتایی هاتنە بەنەهامەتییەكانی گەلی كورد، بۆ ئەم مەبەستەش لەم سەكۆ ئازادەوە بەرێز جەمال فەتاح پێشمەرگەی دێرین و نووسەر لە بواری ئەدەبی و سیاسی و خاوەنی چەندین بەرهەمی بەپێزە لەو بوارانەدا لە دیدی جیاوازی خۆیەوە بۆ ئەم پرسە بۆ خەبات دوا:

* دەوڵەتداری مافێكی سروشتی و ڕەوای هەموو نەتەوەیەكە بە كوردیشەوە ؟ بۆچی تائێستا كورد بێ بەشە لەو مافە؟!

-دیارە مێژوو و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان لە مێژوودا ستەمی زۆریان لە نەتەوەكەمان كردووە، سەرەڕای دابەشكردنی بەسەر چوار دەوڵەتدا لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا پڕ بەرووبووم و كانزای خاكەكەمان هۆكارێكی گرنگ بوون بۆ ددان چیڕكردنەوەی داگیركەران و پێداگیریان لەسەر داگیركردنی كوردستان، هەروەها نەبوونی رێككەوتن لە نێوان كورد و كورد بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو، ئەو هۆكارانەن كە كورد دەستی بە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی رانەگات.

*پێت وانییە لە دوای تێپەربوونی 100 ساڵ بەسەر رێككەوتنامەی سایكس پیكۆ كورد مافی خۆیەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە؟

-ئێستا كە دەرفەتێكی لەبار و گونجاو بۆ كورد هاتووەتە پێش ئەویش لە سایەی خۆڕاگری كورد و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لە كارزانی و حیكمەتی سەرۆك بارزانی دایە، پێویستە كورد ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێت پاش ئەنجامدانی راپرسی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستاندا بە ناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە.

* تاچەند پێویستە ناسنامەی دیاریكراوی خۆمان هەبێت وەك كورد لە ئەندامبوون لە نەتەوەیەكگرتووەكان؟ چۆن بتوانین ئەو كارە بكەین !

-دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە لەوانەیە هەندێك درێژ بێت، لە پێش و لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت كۆمەڵێك ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر وەك خەباتێكی دیبلۆماسی بەرفراوان لە چەند بازنەیەكدا ئەویش ناردنی وەفدی كورد و دەوڵەتی كوردستان بۆ دانوستان كردن لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهانی دەرەوە، بە تایبەتیش وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاو وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تاكو پیشانیان بدرێت كە كورد دوژمنی هیچ كەس و لایەك و گەل و نەتەوەیەك نییە و بەوپەڕی لە خۆبردوویی و سنگفراوانییەوە مامەڵە دەكەین چ لەگەڵ دەروجیران و چ لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە گشتی، پێیان بڵێین ئێمە گەلێكی ستەملێكراوین، بۆیە نامانەوێت ستەم بەرانبەر هیچ گەل و نەتەوەیەك بكەین و مەترسیش نابین بۆ سەر بەرژەوەندی ئەوان، بەڵام  ئەگەر كەسانێك بیانەوێت ستەممان بەرانبەر بكەن یان پەلامارمان بدەن ئەوە ناچارمان دەكەن بەرگری لە خۆمان بكەین، ئەوەش مافی سروشتی هەركەس و دەوڵەتێكە، هەروەها پیشانی نێودەوڵەتی بدەین بە بەڵگەوە ئێمە نەتەوەیەكین كە زیاتر لە شەش هەزار ساڵە لەسەر ئەم خاكە ئەژین و مێژوو و زلهێزەكانی جیهان ستەمیان لە گەلی ئێمە كردووە كە كۆنترین گەلی ناوچەكەیەو ئێستا ژمارەی دانیشتوانی خاكی ئەم نەتەوەیە نزیكی 45 ملیۆن كەسە و لەسەرەتاییترین مافی بێبەش كراوە ئەوكاتیش دەوڵەت و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان ناچارن بە ئەمری واقعی دەوڵەتی كوردستان و پاراستنی ڕازی بن.

*دەنگدان بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقیە یان میزاجە؟

- دیارە دوژمنانی نەتەوەكەمان و نەیارانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەیانەوێت وا پیشانی خەڵكی كوردستان و جیهانیش بدەن كە باسكردن لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كارێكی میزاجییە یان بۆ دەسكەوت و مەكسەبی تایبەتە، بەڵام هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بەشدار بوو لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرووی ئەوانیشەوە جەنابی سەرۆك بارزانی هەرگیز كاریان بە میزاج نەكردووە و بۆیەك جاریش درۆمان لەگەڵ گەلەكەمان و هیچ كەس و لایەكیتر نەكردووە یان بۆ جارێكیش موزایدەمان لەسەر هیچ بابەتێك نەكردووە تاكو ئێستا بەمیزاج ئەم كارە بكەین و دوژمنان و نەیارانی سەربەخۆیی بیانەوێت یا نەیانەوێت گەلی باشووری كوردستان ریفراندۆم دەكات و ئەگەر دەنگی بەڵێ بەدەستهات بۆ سەربەخۆیی ئەوا بەبێ شەرم و سڵكردنەوە لە هیچ هەڕەشە و چاوسوركردنەوەیەك دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیەنین.

* ئایا رێگەی سیاسی هەرێمی باشووری كوردستان بەرەو ریفڕاندۆم  بۆ سەربەخۆیی لەم هەلومەرجە و گەمە سیاسیەكاندا بە دروست دەزانی؟

- دیارە هەركات هەلێك بۆ كورد هاتبێتە پێش لە ماوەی سەدەكانی 19 و 20 و بە ئێستاشەوە كە كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات داگیركەران و كلكەكانیان لە ناوخۆدا هەرزار و یەك بڕوبیانووی نابەجێیان هێناوەتەوە كە گوایە هەلومەرج لەبارنییە و كاتی ئەم بڕیارە نییە و هەروەها فڕێدانی هەزاران ماری تۆپیو بۆ بەردەمی گەلی ئازادیخوازی كورد، جا وەك سەرۆك بارزانی فەرمووی ئەی پێمان ناڵێن كەی كاتییەتی؟ بۆیە ئێستا لەبارترین كاتە بۆ ڕیفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووسی گەلەكەمان، چونكە هەم هەلومەرجی نێودەوڵەتی لەبارە بۆ كورد و هەمیش داگیركەران لە باری لاوازدان لە گشت رووەكانەوە

*بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڕەشەی دەرەكی تا چ ڕادەیەك مەترسییە و ئەگەر هەبێت چۆن خۆمانی لێ دەرباز بكەین بۆ سەركەوتنی پرۆسەكەمان؟

-دیارە سەربەخۆیی نەتەوەیەك بە تایبەتی نەتەوەیەكی وەكو كورد كە لە نێوان چوار داگیركەری دڵڕەقدا چوارقاژ كراوە بەبێ قوربانیدان نابێت و نایەتە ئەنجام، هەرچەند گەلەكەمان بە گشتی و لایەنە شۆڕشگێڕەكانی بە تایبەتی قوربانی زۆریداوە لە پێناوی سەربەستی و سەرفەرازیدا، بۆیە دیارە بۆ سەربەخۆییش دەبێت قوربانی بدەین، وەكو فایەق بێكەسیش دەفەرموێت سەربەخۆیی بێ فیداكاری ئەبەد سەرناگرێت ئەبێت ئەوەش بزانرێت دوژمنانی ئەم نەتەوەیە لە ڕابردوودا چەندین دوژمنی وەك داعشیان بۆ كورد دروست كردووە، بۆیە دەبێت چاوەڕوان بین لەئایندەشدا.

* ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ئێستادا لەژێردەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دایە، تا چەند لە كۆتایی جەنگی تیرۆریستان دەتوانین پارێزگاریان لێ بكەین؟

- ناوچە دابڕنراوەكانی مادەی 140 بە خوێنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕزگاركراوە و پارێزراوە، لەلایەكی تر ئەو ناوچانە مێژوویی و جوگرافی كوردستانن، بۆیە جگە لە گەلانی كورد و توركمان و كلد و ئاشوور كە ئەو گەلانەن بۆ مێژوویەكی دوورودرێژە لەسەر ئەم خاكەن ئیتر هیچ نەتەوە و دەوڵەتێك مافی داواكردنی ئەو ناوچانەی نییە ئەگەر هەر دەوڵەت و نەتەوەیەكی تر بیەوێت داگیری بكاتەوە ئەوە پێویستە كورد و توركمان و كلدو ئاشوور بە خوێنی خۆیان و هەركەس لە سنووری خۆیان بە پشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ناوچانە بپارێزن و دەشیپارێزن.

* تاچەند ڕاستە چاودێرانی سیاسی دەڵێن كورد ئەم دەرفەتە لە دەست بدات كاتی تر و قوربانی زیاتری دەوێت؟

- بێگومان وایە، ئەوە شتێكی دیارە كە بە زیاتر لەیەك سەدە خەبات و بە دەریایەك خوێن و فرمێسك و بە ئەنفال و كیمیاباران و ڕووخانی چوار هەزار گوند و شار توانیومانە بگەینە ئەم قۆناغەی ئێستا بۆ گەلەكەمان ئەگەر هەل و بوارەكان لەدەست بچن لەوانەیە بەسەدەیەكی تر ئەو دەرفەتانە بەدەست نەیەنەوە، سەدەیەكیش لەم چەرخی پەلەیەدا جیاوازی هەیە لەو سەدەی تێپەڕی.

*ئەوانەی گەمە بە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و بەڕەوای نازانن و ناسنامەی نەتەوەیی لە باخەڵیان دایە چۆنیان تێدەڕوانی؟

-لەڕاستیدا ئەوەی كوردبێت و دژی سەربەخۆیی نەتەوەكەی بێت ئەوانە ئەتوانم بڵێم هەركەس بن شەرەفی كورد بوونیان لێ دەسڕێتەوە، جا هەر ناسنامەیەكیان لەباخەڵدا بێت. ئەوەشتان بەبیر دەهێنمەوە كاتێك لە ساڵی 1949 شۆڕشی چین بە سەرۆكایەتی ماوتسیتۆنگ رزگاری بوو ئەو وڵاتە  حەفتاوپێنج ملیۆن جاشی هەبوو كە دوایی كردنیانە جەزیرەی تایوان، زۆربەشیان سزای توند دران.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌