2017-08-04

- چەند بەرپرسێك لە خوورماتوو لە پاڵ حەشدی شەعبی دەستیانكردووە بە رفاندن و تیرۆركردنی خەڵك
- پێشمەرگە پارێزەری ژیانی هاووڵاتییانی خوورماتووە بە بێ جیاوازی مەزهەبی و نەتەوایەتی
- رەوشی ئەمنی خوورماتوو لە سایەی  هێزی پێشمەرگەدا ئارامە

 عومەر ئاوارە

شەلال عەبدول قایمقامی  خورماتوو لە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ خەبات دا چەند پرسێكی گرنگ سەبارەت بە شارۆچكەی دووز خورماتوو دەخاتەڕوو و راشیدەگەێنێت  كە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی شارۆچكەكەیانن بۆ سەر پارێزگای كەركوك.
*لە گەڵ ئەوەدان ئێووەش بەشداری ڕیفڕاندوم بكەن؟
-ریفراندۆم مافی هەموو گەل و تاكێكە بەمەستی بەدەسهێنانی مافە ڕەواكان بە شێوەیەكی دیموكراسیانە. ئەگەر ئەو ریفراندۆمە كە بڕیارە لە مانگی 9 ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، شارۆچكەی خورماتوو وەكو ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەموومان تێیدا بەشداری دەكەین و بە بەڵییش دەنگی بۆ دەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستاكە ئێمە وەكو ئیدارەی شارۆچكەی خورماتوو لەوبارەیەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە و نازانین شێوازی ئەو ریفراندۆمە چۆنە و چی لە خۆدەگرێت، ئەگەر تەنها لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و شارۆچكەی خورماتوو وەكو شارۆچكەی كوردستانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە ئەوا واتا ئەم شارۆچكەیە رادەستی حكومەتی عێراق دەكرێتەوە .
*قسەتان لە سەر رفاندنی بەردەوامی هاووڵاتییان لە خوورماتوو چییە؟
-كۆمەڵێك بەرپرسی نابەرپرس لە شارۆچكەی خوورماتوو هەن، لە پاڵ حەشدی شەعبی دەجوڵێنەوە و وەزعەكەیان قوستۆتەوە و دەستییان بە ڕفاندن و دەستدرێژیكردن و تیرۆركردنی خەڵك كردووە، ئێمە وەكو ئیدارەی شارۆچكەكە كردەوەكانی ئەو كەسانە ئیدانە دەكەین و بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك لەگەڵ حكومەتی ناوەند ومەرجەعە ئاینییە شیعیەكان وحكومەتی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كردووە وئەو كردانەوەمان پێیان ڕاگەیاندوون و وتومانە ئەوانە دەیانەوێت ببنە جێگرەوەی هێزە ئەمنییەكانی خورماتوو كە ئەو ڕەفتارانەیان مایەی قەبوڵ كردن نییە.
*كێن ئەوانەی كە زیاتر دەكرێنە ئامانج و دەڕفیندرێن یاخود تیرۆر دەكرێن؟
-زیاتر عەرەبی سوننە و توركمانی سوننە دەكرێنە ئامانج و ناو بە ناویش كورد دەكرێنە ئامانج، بەڵام كەمتر لەوان.
* هەوڵەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی دووز خوورماتوو لە تیرۆریستان چۆن دەنرخێنن؟
 -هێزی پێشمەرگە پارێزەری ژیان و سەروەتی هاووڵاتییانی شارۆچكەی خوورماتووە بە بێ جیاوازی مەزهەبی و نەتەوایەتی، هەوڵ و ماندووبوونی هێزی پێشمەرگە نەك تەنها لە شارۆچكەكەمان بگرە لەو شوێنانەی كە بەرگری لێدەكەن و قوربانی دەدەن بەرز دەنرخێنین و جێگای شانازی و متمانەی ئێمەن.
*سەبارەت بە پشتگوێخستنی دووز خورماتوو لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە چی دەڵێن؟
-حكوومەتی عێراق چەند ساڵێكە شارۆچكەكەمانی پشتگوێخستووە و ئاوڕی لێ نەداوەتەوە، لە ساڵی 2013 تاكو ئێستاكە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ دووزخورماتوو ئەنجام نەداوە و وەكو پێویست هیچی بۆمان نەكردووە . لەسەر ئەو پشتگوێخستنە هەڵویستمان هەبووە و لایەنە فەرمییەكانمان ئاگادار كردۆتەوە.
*قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی رووداوەكانی ئەمدواییەی شارۆچكەكەتان بە كوێ گەیشت؟
- لەبارەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی هاوڵاتییان هەوڵەكانمان هاتۆتە بەرهەم و شتی باشمان كردووە ، بەڵام یەك گرفت رووبەڕوومان بووەتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەویش نەبوونی پارەیە، حكوومەتی عێراق دەڵێت پارەم بۆ ئەو مەبەستە نییە، دەنا هەموو ئامادەكارییەكانمان بۆ ئەو مەبەستە تەواو كردووە و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراقیشمان لەسەری وەرگرتووە.
*رێككەوتتنامەكەی كورد و حەشدی شەعبی بە كوێ گەیشت سەبارەت بە چارەسەری كێشە ئەمنییەكان؟
-پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە دەچێت و ئەوان و كوردیش كاری باشیان كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەكان و دواین هەنگاوی ئەو پرۆسەیەش رووخاندنی ئەو قولانەیە كە لەسەربانی بیناكان لە ناو شارۆچكەكە بەرامبەر بە یەك دروستییان كردبوو و لە لایەن هەردوو لاوە تاكو ئێستا چوار لەو قولانە لابراون و ڕووخێنران.
*ئێوە چی داواكارییەكتان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە؟
 -داواكاری ئێمە ئەوەیە كە هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بدات كە لە ساڵی 1976 لە لایەن حكوومەتی ئەو كاتەی عێراق دەركراو  بە هۆیەوە دووزخورماتوو لە سەر كەركووك لابراو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، خوازیاری ئەوەین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوەدا هاوكارمان بێت بۆ ئەوەی شارۆچكەكەمان بگەڕێتەوە سەر كەركووك و لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین نەمێنێت.
*مەترسی پەلاماردانی داعش بۆ سەر شارۆچكەی دووز خورماتوو هەیە؟
-تاكو هێزی پێشمەرگە مابێت مەترسی پەلاماردانی داعش بۆ سەر شارۆچكەی خورماتوو نییە، من لە ڕێگەی رۆژنامەكەتانەوە رایدەگەیەنم بە هاووڵاتییانی شارۆچكەكە كە رەوشی خورماتوو لە سایەی هێزی پێشمەرگە ئارامە و ئەو پڕوپاكەندانەش كە ناو بە ناو بڵاو دەبنەوە سەبارەت بە دروستبوونی مەترسی بۆ سەر شارۆچكەكە لە لایەن داعشەوە دوورن لە راستییەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌