2017-08-03

ھەر پێنج فڕاکسیۆنە کوردستانییەکەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمانیان بایکۆت کرد و نوێنەرێکی کوردیش دەڵێت، ھەتا لەو دوو پڕۆژە یاسایەدا داواکاریی ئێمە جێبەجێ نەکرێت، ناھێڵین بەسەرماندا تێپەڕن و پەسەندیان بکەن.

(سیروان سیرینی)، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەکەمان بایکۆت کرد، چونکە ئێمە ڕازی نەبووین دوو بڕگە لە ھەمواری دوو یاسا تێپەڕن، یەکێکیان تایبەتە بە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، کە ئێمە پێمان وایە پێویستە نووسینگەیەک لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە و ناکرێت ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و تەنیا لە بەغدا تۆمار بکرێن.''

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: ''لە یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکانیشدا بڕگەیەک ھەیە تایبەت بەو ھەڵبژاردنانە، کە پێویست بوو گوێ لە بۆچوونی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان بگیرێت و بەو شێوەیە پەسەند نەکرێت، چونکە ئەوە زیانێکی زۆر بە پارتە بچووکەکان و لایەنە کوردستانییەکان دەگەیەنێت و تەنیا لە بەرژەوەندیی کەسانی وەک (نووری مالیکی)دایە، تا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق دەنگ بێنێت.

ئەو فڕاکسیۆنانەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کرد بریتین لە، فڕاکسیۆنی پارتی، فڕاکسیۆنی یەکێتی، فڕاکسیۆنی گۆڕان، فڕاکسیۆنی کۆمەڵ، فڕاکسیۆنی یەکگرتوو و  چەند فڕاکسیۆنێکی دیکەی عێراقی.

(سیروان سیرینی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئێمە لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان کۆدەنگیمان ھەیە لەو بارەیەوە و بە ھۆی بایکۆتی ئێمەوە نیسابی یاسایی تەواو نابێت و پەسەندکردنی ھەردوو بڕگەکەش دواخرا، بەڵام چەندی دوا بخرێت، ئێمە ھەر ڕژدین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و لێی پاشگەز نابینەوە.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌