2017-07-24

- خیانەتێكی مێژووییە ئەگەر ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ سەربەخۆیی نەقۆزرێتەوە
- دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەییە
- پێشمەرگە بە خوێنی خۆیان مادەی 140 یان هەڵوەشاندەوە و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانیان بەدەستهێنایەوە

ساسان دەروێش/ هۆڵەندا

پرسی سەربەخۆیی كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25 ی ئەیلوول 2017، ڕۆژانە بۆتە باسێكی سەرەكی وپانتاییەكی گەورەی لە نێو گفتوگۆ و دیدارەكانی كۆڕ و كۆمەڵگەی كوردی داگیركردووەو لە ئاكامەكانی دەڕوانن، كە چیتر لە عێراقێكی بێ ئومێد و هیوا، ژیان بەڕێ ناكرێ كە هەڕەشەبێت بۆ ئایندەی خۆیان و نەوەكانیان، بەڵكو ریفراندۆم بكرێتە میكانیزم و بیانوویەكی واقیعی بۆ بەرگری كردن لە مانەوەی كورد و رزگاربوون لە دەرئەنجامە خراپەكانی لۆزان و سایكس پیكۆ و ئەو مەینەتییانەی لەماوەی ئەو 100 ساڵەدا چەشتیان. ئێستاش لەم دەرفەتە زێرینەدا خۆجیاكردنەوە لەو فەوزا سیاسییەی عێراقی گرتۆتەوە، كۆتایی هاتنە بەنەهامەتیەكانی گەلی كورد، بۆ ئەم مەبەستەش لەم سەكۆ ئازادەوە خاتوو سۆزان كوردی لە دیدی جیاوازی خۆیەوە بۆ ئەم پرسە بۆ خەبات دوا: * دەوڵەتداری مافێكی سروشتی و ڕەوای هەموو نەتەوەیەكە بەكوردیشەوە؟ بۆچی تائێستا كورد لەومافە بێ بەشە!
- دەوڵەتداری مافی هەموو نەتەوەیەكە كە خاكی خۆی هەبێت، كوردیش نەتەوەیەكە خاكی هەیە ناوی كوردستانە، ئاڵای خۆی هەیە، بۆیە مافی گەلی كوردە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، گەلی كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، لێ هەمیشە داگیركەرانی كوردستان ئاستەنگ دەخەنە سەر ڕێگەكەی بۆ نەگەیشتن بە مافی نەتەوەیی كورد لە كوردستان.
* پێت وانییە لە دوای تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، كورد مافی خۆیەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو دەوڵەت رابگەیەنێ؟
- گومانی تێدا نییە دەبێت كورد ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو ئەگەر بێت و كەمتەرخەمی بكات لە دوای 100 ساڵ كورد و سەركردایەتی دەكەوێتە بەر سەرسەخترین رەخنە لە لایەن نەوەی داهاتووەوە، بە بڕوای من خیانەتێكی مێژووییە ئەگەر ئەو دەرفەتە نەقۆزرێتەوە.
* تاچەند پێویستە ناسنامەی دیاریكراوی خۆمان هەبێت وەك كورد لە ئەندام بوون لە نەتەوەیەكگرتووەكان؟ چۆن بتوانین ئەو كارە بكەین؟!
- زۆر گرنگە كورد ناسنامەی خۆی هەبێت، كە كورد بوو بە دەوڵەت و سەربەخۆیی راگەیەندرا، گومانی تێدا نییە دەبنە نەتەوەیەك لە نەتەوەیەكگرتوەكان و ئاڵا و ناسنامەی خۆی دەبێت وەك نەتەوەیەكیش نوێنەری خۆی دەبێت لە نەتەوەیەكگرتووەكان.
* دەنگدان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقیە یان میزاجە ؟
- بێگومان دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان ئەركیكی ئەخلاقی و نەتەوەیی یە.
* ئایا ڕێگەی سیاسی هەرێمی باشووری كوردستان بەرەو ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەم هەلومەرجە و گەمە سیاسیەكاندا بەدروست دەزانیت؟
- بەڵێ هەلومەرجەكە زۆر گونجاوە، من بەش بەحاڵی خۆم بە باشترین كاتی دەزانم، چونكە گۆڕانكارییەكی گەورە دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بۆیە ئەگەر ئامادەسازی نەكرێت بۆ ریفراندۆم، سیاسییەكانمان دەكەونە بەردەم بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی.
* بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەرەشەی دەرەكی تا چ ڕادەیەك مەترسییە و ئەگەر هەبێت چۆن خۆمانی لێ دەرباز بكەین؟
- هەرەشەی دەرەكی دەبێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، دەبێت خۆمان بۆ هەموو هەڕەشە و بەرپەرچدانەوەیەك ئامادە بكەین... هەموو نەتەوەیەك كە جاڕی سەربەخۆییان داوە بێگومان ئاستەنگ هاتۆتە رێگەیان و هیج دەوڵەتێك سەربەخۆییان وەك خوانێك لەسەر سینییەك نەخستۆتە بەردەستیان، كوردیش بێبەش نابێت لەو هەرەشانەی كە جاڕی دەوڵەتی سەربەخۆیی بدەن.
* ئەو ناوچە كوردستانییانەی لە مادەی 140 هاتووە، لەدەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دایە، تا چەند لە كۆتایی جەنگی تیرۆریستان دەتوانین پارێزگاریان لێ بكەین ؟
- ئێستا شتێك نییە بە نێوی مادەی 140 چونكە پێشمەرگە بە خوێنی خۆیان مادەی 140 یان هەڵوەشاندەوە بە خوێنی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانیان بەدەستهێنایەوە زیاتر لە 1500 شەهید و 10، 000 بریندارمان بۆچی داوە ؟!
* تا چەند ڕاستە چاودێرانی سیاسی دەڵێن كورد ئەم دەرفەتە لەدەست بدات كاتی تر و قوربانی زیاتری دەوێت ؟
- زۆر ڕاستە، رەنگە لە زۆر كات و سەردەمدا كورد هەلی زێڕینی بۆ هاتۆتە پێش، بەڵام لەدەستی داوە وەك ساڵی 1991 ئەگەر كورد هەموو ناوچەی دابڕێنراوەكانیان بگەڕاندایتەوە لەسەرەتای راپەڕین دا، ئەو كاتە نە ناوی ناوچەی دابڕێندڕاو و نە مادەی 58 و 140 نەدەبوو، شتێك نەدەبوو بەنێوی خاكێك لەدەستی حكومەتی عێراقی دا.
* ئەوانەی سەربەخۆیی كوردستان بەڕەوا نازانن و ناسنامەی نەتەوەی لە باخەڵیان دایە چۆنیان تێدەڕوانی ؟
- لەهەموو سەردەمێكدا كورد جاشی هەبووە، ئەوە دەستی دەرەكی و دراوسێكانمانە كە خاكی كوردستان دابەش كراون بەسەریان دا، لای من ئەوەی دەنگ بەسەربەخۆیی كوردستان نەدات و وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەیی تێینەڕوانێت ئەوە من هەگیز بە كوردی نازانم، ئەگەر من باڵادەست دەبووم ئەو كارتەی كە دەنگی پێ دەدرێت ناوی هەموو تاكێكی لەسەر بێت و تۆمار بكرێت و هەموو ئەو دەنگانەی بە بەڵێ دەدرێت بۆ سەربەخۆیی و ئەو دەنگانەشی كە بە نەخێر دەدرێت ناویان لە مێژوودا تۆمار بكرێت، چ دەنگ بە بەڵێكان و چ بە نەخێرەكان... بەڵام لەسەر ئاستی شار و شارۆچكەكان دەریدەخات كام سنوور و كام شار دەنگی زۆرترینی بەڵێ و چەند نەخێری دەبێت.
* لە دوای سەربەخۆیی و دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان، پێتان وایە میكانیزم زۆربێ بۆ لێدانی گەندەڵی و هەروەها یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد ؟
- دەبێت میكانیزم هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەر نەیبێت ئەوا هەمان كەموكوڕی دەبێت كە لە حكومەتی كوردستاندا هەبووەو تووشی كارەسات لەدوای كارەسات دەبێت. پێویستە خەڵكە دلسۆز و خاون‌ هەڵوێستەكان بهێنرێنە پێشەوە، ئەو كەسایەتییە نەتەوەییانەی تەنها ئاوات و خواستیان سەربەخۆیی كوردستان و دورست بوونی دەوڵەتی كوردییە.
* دەوڵەتی كوردستان دەبێتە سیمبولی پێكەوەژیان كە هەمیشە لانكەی ژیانی نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان بووە؟
- بەڵێ ئێستا ئێمە دەوڵەتیش نین، كەچی پێكەوەژیان دەستەبەرە، كوردستان هەمیشە لانكەی هەموو پێكهاتە ئاینییەكان بووە و وەك سمبولێك بۆ پێكەوەژیان ناودەبرێت لە هەموو جیهان.
* پێت وایە تاچەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم مافەمان دایە و بەڕەوای دەزانن كە بتوانن قەرەبووی هەموو زیانەكانمان بدەنەوە لە گوناحی چەند ساڵەیان لە دابەشكردنمان ؟
- كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر لەگەڵ ئێمەی كوردیش دا نەبێت، ئێمە دەبێت بڕیاری چارەنووسی خۆمان بدەین و لە كۆتایشدا ئەوان ناچار دەبن ببنە پاڵپشتمان، ئێستا كورد و كوردستان باشترین دۆستە بۆ وڵاتە زلهێزەكان، نەخێر هەگیز ئەوان دان بەوەدا نانێن كە تاوانێكیان كردبێت لە دابەشكردنی خاكەكەماندا بۆ قەرەبووی ئەو سندوقی هاوكاری وڵاتانە دەتوانێت هاوكاری كورد و كوردستان بێت.
* تاچەند بڕوا بە پێشوازیكردنی دەوڵەتانی جیهان بكەین بۆ ئەم پرسەمان كە هەمیشە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بۆ میللەتانی ژێردەست بە بەرژەوەندی كاریان كردووە نەك بەویژدان؟
- دەوڵەتان هەمیشە بەرژەوەندییەكانیان لە پێش ویژدانەوە بووە، بۆیە ڕەنگە پشتیشمان تێ بكەن، بەڵام بۆ ئێستا بە پێویستی دەزانن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا دۆستی وەك كوردیان هەبێت، لە كۆتاییدا وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەیی داوا لە هەموو كوردێك دەكەم، دەنگی بەڵێ بخەنە سەر پەڕاوی بە دەوڵەتبوون، كورد بەیەك دەنگ، بەرەو كوردستانیكی سەربەخۆ و ئازاد، تەنها سەربەخۆیی دەمانگەیەنێتە كەنارەكانی ئارام بوون كە دورست بوونی دەوڵەتە.. هەر بژین بۆ كورد.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌