2017-07-17

 چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، بە درێژاییی مێژوو ھەمیشە خەڵكانی دیكە بڕیاریان لە چارەنووسی كورد داوە و دابەشیان كردووە، بەڵام ئەمجارە لە ٢٥/٩ـدا بۆ یەكەمین جار گەلی كورد، خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.

لە شەڕی چاڵدێران، تورك و فارس وڵاتی كوردانیان دابەش كرد، ڕێككەوتنی سایكس-پیكۆ جارێكی دیكە دابەشی كردەوە، بەڵام لە باشووری کوردستاندا ئێستا دۆخەکە جودایە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو سنوورە دەستکردانەی تێکشکاند کە بۆ سنووری کوردستان دانرابوون و هەروەها ئوستووری تیرۆریشی تێکشکاند کە دەی ویست خاکی کوردستان داگیر بکات، ئێستاش کاتی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەڵبڕێت. سەبارەت بەم پرسە و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، (موئەید تەییب)، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''جاری یەكەمە، كە كورد لە ٢٥/٩ـدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، ئەمەش دەبێتە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ گەلی كورد؛ هەڵبەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، سەركردایەتیی كوردستان حەكیمانە ئەو دۆسییەی بەڕێوە بردووە و ھیچ كاتێكیش كورد پشتگیریی وەهای لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەبووە.''

(موئەید تەییب) باوەڕی وایە، عێراق بەرەو چارەنووسێكی ڕەش و نادیار دەچێت، بۆیە ھیچ بیانوویەك نادۆزرێتەوە بۆ ئەوەی كەسێك هەبێ لە ڕیفراندۆمدا بەشدار نەبێت و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆی نەدات و بە ئاماژە بە دوو هۆكاری سەرەكی بۆ لەباریی دۆخەكە بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم گوتی: ''یەكەم ئەوەیە كە كورد ئازادە و حكوومەتی خۆی ھەیە و توانای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەیە؛ ھیچ كاتێكیش كورد وا ئازاد نەبووە.''

بە گوتەی (تەییب): ''ھۆكاری دووەمیش ئەوەیە، ئێستا ڕای گشتیی جیھان وایە كە پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەن، چونكە لەو پرۆسەیە دەگەن و لە زۆر وڵاتیش كە كەمینە لەگەڵ سەربەخۆیی بوونە و پرۆسەكە ئەنجام دراوە، ڕێگرییان لێ نەكراوە، بۆیە دڵنیام خەڵكی ھەرێمی كوردستان زۆرینەی لەگەڵ سەربەخۆییدانە و پێشم سەیرە لایەنێكی سیاسیی كورد باس لەوە بكات، کە نابێ ڕیفراندۆم بكرێت، من لەوە ناگەم، چونكە ئاسایییە وڵاتێكی بێگانە وا بڵێت، بەڵام نەك لایەنێكی سیاسیی ھەرێم ئەو قسەیە بكات.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌