2017-07-14

كه‌نعان به‌هادین

فیلمى ترسناك و پڕ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدڕاڵ كۆتایی ناێت ، ته‌نها به‌ دابه‌ش بوون و هه‌ڵوه‌شادنه‌وه‌ى ئه‌و پێكهاته‌ جوگرافییه‌ نه‌شازه‌ى كه‌ 100 ساڵه‌ بوونى هه‌بووه‌ .
من ده‌مێكه‌ ئومێدم به‌ (عێراقى فیدڕاڵ) نه‌ماوه‌ ، چونكه‌ سیستمى ئیداره‌ كردنى سیاسه‌ت و ئابوری بۆته‌ سیستمى قومار و مه‌لهاخانه‌ ، تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ حكومه‌ت و حزبه‌ گه‌وره‌  شیعییه‌كان ، به‌هه‌زاران پێگه‌ى قومارخانه‌یان له‌ به‌سره‌و به‌غدا به‌ فه‌رمى كردۆته‌وه‌و ئه‌و هێزه‌ میلیشیایانه‌ى كه‌ دروست كراوه‌ ئه‌و شوێنانه‌ ده‌پارێزن .
له‌ كورته‌ ڤیدیۆێیه‌كدا فایق شێخ عه‌لى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فیدڕاڵ و كه‌ پارێزه‌ره‌ و به‌ سیاسییه‌كى لیبڕاڵیش ده‌ناسرێت و به‌ راشكاوى  ده‌ڵێت : حزبێكى شیعى هه‌یه‌ له‌و عێراقه‌ ، رۆژانه‌ نیو ملیۆن دۆلار له‌ قومارخانه‌یه‌ك و مه‌لهاخانه‌یه‌كى به‌غدا وه‌رده‌گرێت ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ئه‌و حزبه‌ شیعییه‌ باڵاده‌سته‌ى عێراق كه‌ میلیشیاو سوپاى چه‌كداری هه‌یه‌  (كه‌مه‌به‌ستى حزبی ده‌عوه‌یه‌) ئه‌و قومارخانه‌ و مه‌لهاخانه‌یه‌ ده‌پارێزن !!
 ناوبراو ده‌شڵێت :  حزبێكى تری شیعى هه‌یه‌ له‌ عێراق( مه‌به‌ستى به‌غدا و باشووری عێراقه‌) خاوه‌نى 72 مه‌لهاو قومارخانه‌یه‌  و داهاتێكى زۆر زه‌به‌لاح به‌و شێوه‌ بۆ حزبه‌كه‌ى په‌یدا ده‌كات و میلیشیا چه‌كداره‌كانیش  پارێزگاری له‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن .
له‌م كوورته‌ ڤیدیۆییه‌دا فایق شێخ عه‌لى ده‌ڵێت : به‌بڕیارێرێك عه‌ره‌ق خواردنه‌وه‌ له‌ عێراق قه‌ده‌غه‌ كرا ، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ نێو خاكى عێراق  به‌ به‌ربڵاوى چێنراوه‌و ئه‌و حزبه‌ باڵا ده‌ستانه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدڕاڵ به‌رێوه‌ى ده‌به‌ن ، ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌نێو ئه‌و ووڵاته‌ بڵاوه‌ پێده‌كه‌ن .
ئه‌م ووڵاته‌ى كه‌ ئیدیعاى وه‌حده‌ى خاكه‌كه‌ى و گه‌له‌كه‌ى ده‌كات ، له‌ سه‌رده‌مى عه‌وله‌مه‌و زانست و پێشكه‌وتندا ، له‌و سه‌رده‌مه‌ى كه‌ مرۆڤایه‌تى به‌دواى ره‌فاهیه‌تدا به‌ جیهاندا  گه‌شت و سه‌یران ده‌كات ، ئه‌و جیهانه‌ى كه‌ كێبڕكی ده‌كه‌ن له‌نێوان كۆمپانیاكانى مارسیدس و بی ئێم ده‌بلیو و فۆڕت و رۆز رایس ، یاخود جه‌نگى ئه‌و جیهانه‌ نه‌وعییه‌ له‌سه‌ر ئای فۆن و سامسۆنگ و نۆكیایه‌ ، تازه‌ به‌تازه‌ ووڵاتێكى پیرى شه‌كه‌تى ماندووى وه‌كو عێراق سووپاكه‌ى به‌رگری له‌ مه‌لها و قومارخانه‌  ده‌كات و ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌سه‌رانسه‌ری ووڵات ده‌چێنێ .
كورد پێویسته‌ به‌ یه‌كگرتوویی و به‌ یه‌كده‌ستى به‌دواى فۆڕمێكى تازه‌دا بگه‌رێت ، تاوه‌كو رزگاری بێت له‌و عێراقه‌ داته‌پیو و رووخاو و دۆڕاوه‌ ، كه‌ ته‌نها رووى راسته‌قینه‌ى له‌شاشه‌ ئێچ دى و پڕ له‌ رووناكییه‌كان حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت نیشانى دوونیا ده‌ده‌ن ، ئه‌گینا نه‌ ده‌وڵه‌ت و نه‌سیسته‌م و نه‌هیچی دیكه‌ له‌ ئه‌رزى واقیع بوونى نیه‌ .
پێویسته‌ كورد خۆی له‌ ده‌وڵه‌تى قومارخانه‌و مه‌لهاخانه‌ رزگار بكات ، چونكه‌ هه‌روه‌كو ئاشكرایه‌ مرۆڤ له‌ مه‌لهاكان و قومارخانه‌كان هیچ ده‌ستكه‌وتێك بده‌ست ناهێنى غه‌یری تێكشكاوى و دۆڕان و خۆكووشتن نه‌بێت .
ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ خراپه‌ی عێراقیش هه‌ر باس ناكه‌م كه‌ بۆته‌ ده‌وڵه‌تى   تایفیی و  دژایه‌تى كردنى نه‌ته‌وه‌و و پێكهاته‌كانى دیكه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كى هاتنى رێكخراوى تیرۆریستى داعش و شه‌رو كاولكاری و وێرانه‌یی بوو .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌