2017-07-14

  پێنجشەممە ڕێکەوتی (۲٠۱۷/۷/۱۳)ی زایینی، (د.پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئیدارەی گەرمیان. یەکەم جار سەردانی (قەزای کفری) کرد و لە لایەن بەرپرسانی ئیداری و پەروەردەی قەزاکەوە پێشوازی لێ کرا. پاشان سەردانی شەش هۆڵی تاقیکردنەوەی وەزاری پۆلە دوانزەکانی لە قەزاکەدا کرد و دواتریش لەگەڵ مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی هۆڵ و سەرپەرشتیارانی تاقیکردنەوەکان گفتوگۆی لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ئەزموونەکانی ئەمساڵ کرد. وەزیری پەروەردە هەر لە دیوانی قەزاکە لەگەڵ قایمقام کۆ بووەوە و سوپاسی ماندووبوونی قایمقامی لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و هێوری بۆ باشتر بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان کرد.
 دواتر وەزیری پەروەردە لە (ناحیەی ڕزگاری) سەردانی سێ هۆڵی تاقیکردنەوەی کرد و گفتوگۆی لەگەڵ چەندین قوتابی و مامۆستا و بەڕێوەبەری هۆڵ و سەرپەرشتیار کرد بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان .
 سێیەم وێستگەی سەردانەکەی وەزیری پەروەردە بۆ ئیدارەی گەرمیان، (شاری کەلار) بوو کە لە لایەن بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و قایمقام و بەرپرسانی حکومی بەخێرهاتنی کرا و لە چوارچێوەی دانیشتنێکی دۆستانەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی پەروەردە لە ناوچەکە کرا و دواتر (د.پشتیوان سادق) سەرانی چەند هۆڵێکی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کرد و بە جیا لەگەڵ قوتابی و مامۆستا و بەڕێوەبەری هۆڵ و سەرپەرشتیاران ڕاوبۆچوونی ئاڵوگۆڕ کرد.
 چوارەم وێستگەی وەزیری پەروەردە سەردانی تەلاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئیدارەی گەرمیان بوو کە پاش گفتوگۆ لەگەڵ چەند بەڕێوەبەری بەش و سەرپەرشتیارێک، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە مەبەستی سەردانەکەی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ساز دا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تاقیکردنەوە وەزاری و نیشتمانییەکانی لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد و سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ هاوکارییان لە پڕۆسەکە کرد.
 دوا وێستگەی وەزیری پەروەردە، (قەزای خانەقین) بوو کە تیایدا لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و سەپەرشتیاری یەکەم و چەندین مامۆستا کۆ بووەوە و گفتوگۆی کرد.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌