2017-07-13

 بریكاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە دیداری لەگەڵ (هێمن هەوارمی)دا ڕایگەیاند، کوردستان نموونەیەکی جوانە لە پێکەوەژیاندا.

لە هەولێر (هێمن هەورامی)، بەرپرسی بەدواداچوونی کاروباری سیاسی و پێوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک لەگەڵ (ڤیجای کومار)، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان و (دیپاک مگلانی)، کونسووڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی کرد.
(هێمن هەورامی) دوای بەخێرهێنانی شاندی ناوبراو، دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکەی بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستانی بە تایبەتی شی کردەوە. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا (هەورامی) پێی ڕاگەیاندن: ''هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستان هەموو ڕێکارە ئەخلاقی و بەرپرسیارەتییەکانی لە سەرەتای دروستکردنەوەی عێراقی نوێوە خستە گەڕ، ئەوە ئەوان بوون نەیان ویست کورد شەریکێکی ڕاستەقینە بێت و هەست بە هاونیشتمانیبوونی عێراق بکات، ئەم پەیوەندییانەش ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خەڵکی کوردستان کردووە، بۆیە دەمانەوێت خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر ئایندەی خۆی بدات.''
بەشێکی دیکەی قسەکانی (هەورامی) تیشکخستنەسەر ستراتیژیی (سەرۆک بارزانی) بوو، کە ٢٥ی ئەیلوول ستراتیژیی نوێی کوردستانی عێراق دەستنیشان دەکات و دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا دەوڵەتی کوردستان بکەینە ئەو دەرگایەی کە پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر ببات.

سەبارەت بە سەردانەکەی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەورووپا، بەرپرسی کارە سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک گوتی، شاندی باڵای ڕیفراندم بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر لە هەنگاونان بەرەو پرۆسەکە و موعالەجەکردنی ڕێکارە یاسایی و نێودەڵەتییەکان ئەو سەردانەی کردووە.

(ڤیجای کومار)، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیش ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، کوردستان نموونەیەکی جوانە لە پێکەوەژیاندا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌