2017-07-12

دڵشاد مستەفا وەسانی

بەغدا وردە وردە بەرەو ئەوە چوو، هەمان رەفتاری سەردەمەكانی پێشتر بكات، تا بەوە گەیشت پشتی لە دەستوور كرد، دوای 14 ساڵ چاوەڕوانی جێبەجێ كردنی دەستوور، هێشتا هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەدا بەلای خەڵك و هێز و لایەنەكانی كوردستان، بەرەی ماڵی حەكیم، بە نەرمترین و گونجاوترینی ناو شیعە لە قەڵەم دراوە، ئێستا عەممار لە كاتێكدا سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەیە، پێچەوانەی جاران دەركەوتووە، جیا لەوەی جارێك لە قاهیرە و جارێكیش لە تاران، ریفراندۆمی بە ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ئیسرائیل داناوە، چەند رۆژێكیش لەمەوبەر فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق پێكەوە، جگە لە فراكسیۆنی پارتی، سەردانی عەممار حەكیمیان كردووە، عەممار لەڕێی ئەو نوێنەرانەوە هەڕەشەی لە كورد كردووە، پێی گوتوون:" ریفراندۆم هێڵی سوورە، ئێمە شەقاممان پێ كۆنتڕۆڵ ناكرێت".
تەنیا د. موسەنا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وەڵامی داوەتەوە، دواتر بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی دەست خۆشی لێبكرێـت، دێن پاساو بۆ عەممار دێننەوە كە هەڕەشەی نەكردووە، وەك د. موسەنا لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا باسی كرد، فراكسیۆنەكان نەك بەرگرییان نەكردووە، بەڵكو كێشەی ناوخۆی هەرێمیان بۆ باسكردووە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، لە بەغدا چی گۆڕا؟ تەنیا كەسەكان گۆڕان و هەڕەشە بەردەوامە، ترسناكترین شت ئەوەیە نوێنەرانی كورد سەریان بۆ ئەو هەڕەشانە لەقاندووە، لە جیاتی ئەوەی ئەو هەڕەشانە بە جدی وەربگرن و بە خەڵكی كوردستان رابگەیەنن، پاساو بۆ عەممار دێننەوە، دەبێ ئەوە بزانین كاتێ عەممار بە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێ:" شەقاممان لە ئاست ریفراندۆم پێ كۆنتڕۆڵ ناكرێ"، شتێكی نوێ نییە، بەڵام ئەوەی نوێیە عەممار لەم كاتە كاری بۆ دەكات، دەنا چەند جاری دی هەڕەشە لە كورد كراوە، نوێترین هەڕەشەی ئاشكرا سەعد مەتڵەبی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە فراكسیۆنی دەوڵەتی قانونی نوری مالیكی، داوای كرد كورد لە بەغدا دەربكرێن، ئەگەر بانگەشەی عەممار و ئەوانی دی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیش بێت، هەر مەترسیدارە، چونكە شەقامی عەرەبییان لەسەر ئەوە راهێناوە كە هەر لایەنێك دژایەتیكردنی كورد بكات دەنگ كۆدەكاتەوە، كەواتە ئەو شەقامە چاوەڕێی فەرمانێك دەكات، بۆ پەلاماردانی كورد، بۆیە عەممار بەشەقام هەڕەشە دەكات، میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیش هەر لەو شەقامە دروستكراون.
كارەسات ئەوەیە، پەیامی بەغدا روون و ئاشكرایە، كەچی هێشتا بۆ ناكۆكیی حزبی لە كوردستان بەكاردەهێندرێت، ئەو سەعد مەتڵەبییە، لە میدیای كوردی میوانداری دەكرێت و هەڕەشەی زیاتر دەكات، مەرامی ئەو كارە میدیاییە، ئەوەیە خەڵك لە ریفراندۆم ساردبكرێتەوە، بەكارهێنانی هەڵوێستی خراپی بەغدا لە ناكۆكیی حزبایەتی، یارمەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كوردستان نادات، بەپێچەوانەوە كۆسپ دروست دەكات، ئەگەر ئەم جۆرە هەڵوێستە بۆ دەسكەوتی حزبی بێت لە هەرێم، ئەوا بەوە نابێت لە دژایەتیكردنی ریفراندۆم پشتیوانی بەغدابن، دەسكەوتی حزبی لە هەولێر وەدی دێت، خەڵكیش پەیامی بەغدای وەرگرتووە، پێویست ناكات لێی بشارنەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌