2017-07-12

کەنعان بەهادين

دواین رووداوی‌ سه‌ر ئاستی‌ عێراقی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ، كردنه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ نوێیه‌ ، هه‌روه‌ك له‌به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا  هاتووه‌ .

كاتێك شاندێكی‌ حكومه‌تی‌ عێراق كه‌ پێكهاتبوو له‌ كۆمه‌ڵێك وه‌زیری سیادی‌ و گرنگ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ .

 ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی‌ عێراق بۆ لای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ سه‌روبه‌ندی‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ناكاوه‌ی‌  به‌ڕێز مه‌سعوود  بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدایه‌ كه‌ به‌ سه‌ردانێك ئێستا له‌ برۆكسل و ژماره‌یه‌ك پایته‌ختی‌ ووڵاتانی‌ ئه‌وروپاییه‌  ،  بۆ باسكردنی‌ شێوه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ، كاتێك پێده‌چێ حكومه‌تی‌ عێراق داوای‌ كردنه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ تازه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان كردبێت ، چونكه‌ له‌ پێشووتردا هه‌رێم زۆرترین موباده‌ره‌و سه‌ردانی‌ وه‌های‌ بۆ به‌غدا كردووه‌ ، به‌ڵام  له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بێ وه‌ڵام بووه‌ !!

نه‌ك حكومه‌تی‌ ئێستای‌ عێراق ، به‌ڵكو حكوومه‌ته‌كانی‌ رابردووش به‌هه‌مان نه‌هجی‌ ئێستا له‌كاتی‌ به‌هێز بوونی‌ كورد په‌نایان بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی‌ پڕ له‌ فرو فێڵ و مه‌وعیدی‌ به‌په‌له‌ بردووه‌ ، ره‌نگه‌ ئێستا وا بڵێن ، له‌داهاتوودا پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه‌ ، نزبكترین رووداوی‌ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ ، په‌شیمان بوونه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ بوو له‌ رێكه‌وتنی‌ هه‌ولێر ، كه‌ پێوه‌ی‌  به‌ ده‌ستپێشخه‌ری بارزانی‌ له‌ 2013 بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران   .

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ ده‌بینرێت كه‌ ده‌نگێكی‌ ناوه‌خۆیی هه‌یه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ وه‌حده‌ی‌ عێراق ، به‌داخه‌وه‌ ده‌نگه‌كان هی‌ به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كورده‌ له‌ به‌غدا ، سه‌ر تۆپكه‌یان سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌ ، كه‌ كورده‌ و به‌رده‌وام پارێزگاری له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی‌ عێراق ده‌كات .

نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد زوڵمێكی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ لێكراوه‌ له‌ 100ساڵی‌ رابوردوو ، هیچ گفتوگۆیه‌ك و پێكه‌وه‌ كاركردنێكی‌ نێوانی‌ كورد و به‌غدا نه‌بۆته‌ زه‌مانه‌تێكی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ و نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیكه‌ له‌ عێراق ، چونكه‌ رووئیاێكی‌ چه‌سپاو و كۆنكرێت ئاسا له‌ هزری 35ملیۆن عێراقی‌ دروست بووه‌ كه‌ كورد هاوڵاتی‌ پله‌ دووه‌ ، نابێت ده‌ست بۆ هه‌ندێ ئیستحقاق ببات ، به‌ بیانووی پارێزگاری له‌ وه‌حده‌ی‌ عێراق ، له‌كاتێكدا به‌م دروشمه‌ 100ساڵه‌ كورد مافی‌ ده‌خوورێت ، دواین مافخورانیشی‌ بینرا كه‌ چۆن له‌گه‌ڵ كۆنه‌ ئۆپۆزسۆنه‌كانی‌ هاوه‌ڵمان دژ به‌سه‌دام حوسێن كه‌ 40ساڵ هاوشانی‌ كورد له‌یه‌ك سه‌نگه‌ر خه‌باتیان كرد ، ئه‌وان قووت و بوودجه‌ی‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌یان بڕی !!

كورد ده‌بێت له‌ بریاری ریفراندۆم پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه‌ ، ده‌بێت ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بكرێت ، بیركردنه‌وه‌ش بۆ كردنه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ نوێ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق جگه‌ له‌وه‌ی‌ كووشتنی‌ كاته‌ ، هه‌روه‌ها  مایه‌ی‌ تۆكمه‌یی و باوه‌ڕ كردن نیه‌ ، به‌رده‌وامی‌ بوون به‌م ئاڕاسته‌ی‌ كه‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ بوونه‌ ، ریگایه‌كی‌ كورت و له‌باره‌ بۆ رزگار بوون له‌ سته‌م و زوڵم .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌