2017-07-12

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەرج نییە دوای گشتپرسی دەست بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکرێت، بەڵکو دەکرێت پێش گشتپرسیش دانوستاندن بکرێت. دەشڵێت پێویستە کێشەکانی ناوخۆ پێش 25ـی ئەیلوول چارەسەر بکرێن.

لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی برۆکسل و هەنگاوی دوای ئەو کۆبوونەوانە، د. فوئاد حوسێن لە برۆکسل لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند: "کۆبوونەوەکان فراوان بوون، ئەوان ئامادەن چاودێر بنێرن بۆ پرۆسەی گشتپرسی، وەکو حکومەت و دەوڵەتیش چاوەڕوانی ئەنجامی گشتپرسییەکە و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەبن، ئەوکات هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن".

سەبارەت بە هەنگاوی دواتریان، فوئاد حوسێن گوتی: "لەسەر ئەنجوومەنی ریفراندۆم پێویستە شاندێک دروست بکات بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان، کاتێک شاندەکە پێکدەهێندرێت ئەوکات دەتوانن دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکەن، مەرجیش نییە دانوستاندنەکە دوای گشتپرسییەکە بێت، بەڵکو دەتوانین پێش گشتپرسیش دانوستاندنەکان دەستپێبکەین".

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "دوای ئەو هەنگاوە و سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ برۆکسل و گەڕانەوەیان پێویستە چالاکییە دیپلۆماسییەکان بۆ گشتپرسی دەستپێبکەین، پێویستیشە زۆر گرنگی بە وڵاتانی دراوسێی کوردستان بدرێت".

د. فوئاد حوسێن بە پێویستی دەزانێت پێش ئەنجامدانی گشتپرسی "کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکرێن و پەرلەمان کارا بکرێتەوە".

فوئاد حوسێن دەشڵێت: "ئەو ماوەیەی لەبەردەست ماوە دەبێت هەوڵبدرێت هەموو لایەک لە گشتپرسیدا بەشداربن، چونکە بەشداری هەموو لایەک هێزێکی گەورە دەداتە پرۆسەی گشتپرسییەکە و دەبێتە هێزێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و دونیای دەرەوە".


رووداو

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌