2017-07-12

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکوومەتی ناوەند لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هه‌ردوولا ئاماده‌ییى خۆیان بۆ كردنه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ و به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش کرا بەمەبەستی برەودان و  چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەی هاماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری نەوت و کارەبا بەجۆرێک کە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عیراق لەبەرچاو بگیرێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢/٧/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە هەولێر، بە ئامادەبوونی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە شاندێکی باڵای حکوومەتی عیراقی فیدراڵ كرد کە لە وەزیرانی نەوت، کارەبا، کشتوکاڵ، پەروەردە، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و بریکاری وه‌زاره‌تى نەوتی عیراق پێکهاتبوون.

سەرەتای کۆبونەوەکە سەرۆکوەزیران بەبۆنەی ئازادکردنەوەی مووسڵ پیرۆزبایی لە گەلانی عیراق کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هەموو لایەک بە ئازادکردنی مووسڵ سوودمەند دەبین و دەبێت هەمووان هاوکار بن بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

دواتر باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بۆ قۆناغی دوای داعش کرا بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر داگیر کرابوون و ئێستا پێویستییان بە ئاوەدانكردنه‌وه‌ و خزمەتگوزارییە، لەو بارەیەوە حکوومەتی هەرێم ئامادەییی خۆی نیشان دا هەروەک چۆن دەرگای واڵا کردبوو بۆ هاتنی ئاوارە و دابینکردنی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو هاووڵاتیانە، ئاوهاش هەماهەنگ دەبن لە گێڕانەوە و بووژاندنەوەی ژیان لەو شوێنانەی زەرەرمەند بوون. شاندی میوانیش سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو ئامادەییەی نیشانیان دا بۆ هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەتی عێراق.

لە کۆبونەوەکه‌دا هه‌ردوولا ئاماده‌ییى خۆیان بۆ كردنه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ و به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش کرا بەمەبەستی برەودان و  چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەی هاماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری نەوت و کارەبا بەجۆرێک کە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عیراق لەبەرچاو بگیرێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، وەزیری پلاندانان، وەزیری پەروەرده‌، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، بریکاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به وه‌کاله‌ت، بریکاری وەزارەتی کارەبا و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەی کۆبوونه‌كه‌ بوون.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌