2017-07-11

   لە دیداریدا لەگەڵ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان باسی له‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆر كردو قوربانیدانی پێشمه‌رگه ‌و خه‌باتی گه‌لی كوردستانی دژ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌كان به‌رزنرخاند و دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هیندستان له‌ پشتیوانی و یارمه‌تیدانی زیاتری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ 11/7/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (د. ڤێجای كۆمار) وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌دیدارێكدا، كه‌(دیپاك میگلانی) كونسوڵی گشتی هیندستان له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، رۆشنایی خرایه‌ سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی داعش و په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان و پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كه‌ له‌ 25ی مانگی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێ. هه‌روه‌ها به‌تێروته‌سه‌لی باس له‌و دۆخه‌ سیاسی، ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ كرا، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوی توندڕۆی وه‌ك داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراقدا. هه‌ر له‌م دیداره‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی مووسڵ و به‌ تێكشكاندنێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی داعش دانرا، ئاماژه‌ش درا، كه‌ شكاندنی بیری توندڕۆیی و توندوتیژی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا پێویستی به‌ كار و هه‌ماهه‌نگی زیاتر پێویسته‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌و نه‌هامه‌تی و مه‌ینه‌تیانه‌ كرا، كه‌ گه‌لی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا به‌سه‌ریدا هێنراون، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ ئه‌نجامی پێكه‌وه‌لكاندنی به‌زۆر له‌ عێراقدا، گه‌لی كوردستان جۆره‌ها مه‌ینه‌تی بینیووه‌ و تاوانی گه‌وره‌ی ده‌رهه‌ق كراوه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان به‌ڕێزه‌وه‌ باسی له‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆر كردو قوربانیدانی پێشمه‌رگه ‌و خه‌باتی گه‌لی كوردستانی دژ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ گه‌وره‌كان به‌رزنرخاند و دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هیندستان له‌ پشتیوانی و یارمه‌تیدانی زیاتری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌