2017-07-11

وا بڕیاره ڕۆژى 26\7\2017 له وڵاتى ئوردن، خانمه هونه‌رمه‌ندی كورد وئه‌ستێره‌ی (ئه‌ره‌ب ئایدڵ) په‌رواز حوسێن، له فێستیڤاڵى جه‌ڕه‌ش بۆ كولتوور و هونه‌ر له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆى باشوور له شارى (جه‌ڕه‌ش) به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ناودارى لوبنان وه‌لید تۆفیق، كۆنسێرتێكى گۆرانیى ساز دەکەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ په‌رواز حوسێن، له لێدوانێكیدا بۆ (باسنیوز) ڕایگه‌یاند: "فیستیڤاڵى (جه‌ڕه‌ش)یه‌كێكه له گرنگترین فیستیڤاڵه كولتووری و هونه‌رییه‌كانی ئوردن و وڵاتانى عه‌ره‌بى و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بۆیه زۆر به‌باشى خۆم بۆ ئه‌م به‌شداریكردنه ئاماده كردووه و به‌نیازم وێڕای زمانى كوردى، چه‌ند گۆرانییه‌كیش به زمانى عه‌ره‌بى، بە شێوه‌زاره‌كانی ئوردنى، لوبنانى، میسرى، له‌و كۆنسێرته‌دا بچڕم".

په‌رواز حوسێن، زیاتر تیشکی خستە سه‌ر گرنگیی به‌شدارییکردنی له فیستیڤاڵى (جه‌ڕه‌ش) و گوتی: "بۆ یه‌كه‌مین جاره گۆرانیبێژێكى كورد له‌سه‌ر ئاستى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان له فیستیڤاڵى (جه‌ڕه‌ش) گۆرانى بڵێ، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مینجاره‌ هونه‌رمه‌ندێك له‌ته‌مه‌نی مندا به‌شداربێت، له كاتێكدا كه من هه‌تا ئێستا جگه له به‌شداریكردنم له‌ به‌رنامه‌ی(عه‌ره‌ب ئایدڵ) چه‌د گۆرانییه‌كی سینگڵم هه‌یه‌ و هیچ ئه‌لبومێكی گۆرانیم ده‌رنه‌كردووه‌ چونكه‌ تائێستا ته‌نیا ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ به‌شداربوونه‌ كه‌ زیاتر له‌ 10 ئه‌لبوومی گۆرانی و ده‌یان كۆنسێرتی گه‌وره‌یان سازكردووه".

گوتیشى: " به‌شداریم له‌ ڤیستیڤاڵی جه‌ڕه‌ش لۆ كولتوور و هونه‌ر وه‌چه‌رخانێكی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ ژیانی هونه‌ریمدا و له‌مه‌به‌دواوه‌ ده‌رگای ڤیستیڤاڵه‌ گه‌وره‌كانی تریشم لێ ده‌كرێته‌وه".

فێستیڤاڵى (جه‌ڕه‌ش) كه ساڵانه له وڵاتى ئوردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت ڕۆژى 20ى ئه‌م مانگه چالاكییه‌كانی 32یه‌مین خولى خۆی ده‌ست پێ ده‌كات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌