2017-07-09

تەنها لەماوەی دوو مانگێكدا لە سنوری پارێزگای هەولێر..
زیاتر لە 525 شوێنی بازرگانی و كشتوكاڵ و ماڵ كە سەرپێچی كارەبایان كردووە سزادەدرێن
167 ملیۆن دینار وەك سزا لە سەرپێچیكارانی كارەبا وەرگیراوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر: ئەو هەڵمەتە لەهەموو شوێنێك بەردەوامیی دەبێت

راپۆررت: هاوار مورتكەیی

بەرپرسانی كارەبا هەموو جار جەخت لەوە دەكەنەوە كە یەكێك لەو هۆكارانەی كە ناتوانرێت زۆرترین كات كارەبا بدرێت بۆ بوونی سەرپێچییەكی زۆر لەسەر تۆڕەكانی كارەبا، ئەویش رێك بەدیاریكردنی ئەو سەرپێچییە لەسەر پۆڵێك ئاماژە بۆناكەن، بەڵكو  لەهەموو پۆڵەكانی هاوبەشانی ماڵ و مەزرەعە و شوێنە بازرگانییەكان ئەو سەرپێچییە بوونی هەیە، بۆیە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و مانگی رەمەزانی پیرۆز، قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر و زێرەڤانی و پۆلیسی كارەبا زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان بۆ گرتنەبەری رێوشوینی توندتر و پێویستتر ئەنجامدا و بڕیاردرا ئەو هەڵمەتەی كە هەیە فراوانتر و چڕتر بكرێتەوە.
هەڵمەتێك بەبێ جیاوازی كردن
هەڵمەتەكە وەك پلانی بۆ دانرابوو دەستی پێكرد و لیژنەكانیش بەبێ جیاوازی لەهەموو پۆڵەكانەوە رۆژانه دەردەچوون و كاری خۆیان دەكەن، سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر بە رۆژنامەی خەباتی راگەیاند كە ئەو هەڵمەتە پێشووتر هەر هەبووە و ناوە ناوە كاری خۆی كردووە ، بەڵام بەپێویست زانرا كە چڕتر بكرێتەوە، خۆشبەختانەش هەڵمەتەكە چڕتر كرایەوە و لەهەموو شوێنێكیش بەردەوامیی دەبێت و لێرەدا بەپێویستیشی دەزانین كە هەمووان دڵنیا بكەینەوه لەوەی تیمەكان جیاوازی ناكەن لە بڕینی سەرپێچییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا و لەماوەی یەك مانگی ئەو هەڵمەتەشدا ئەوە دەسەلمێنین كە هەلمەتەكە‌ مەزرەعە وكشتوكاڵ و شوینە بازرگانیی و گشتییەكان و ماڵانی بەیەكەوە گرتۆتەوە‌، جۆرەكانی سەرپێچیش جۆراوجۆرن لەوانە بردنی كێبل لە پێش پێوەر، نەبوونی مۆری سەر پێوەر، بوونی جەمپەر، بێ پێوەر، ئەمە جگەلە كەموو كوڕییەكانی وەك شكانی جامی پێوەر و نەمانی مۆری خوارەوه.

‌بوونی سەرپێچییەكی زۆری كارەبا

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا كە هەڵمەتەكە چڕ بۆتەوە، لە هەردوو مانگی 5 و 6 لە سنووری پارێزگای هەولێر 1420 هاوبەش لە هاوبەشانی ماڵ و بازرگانی و كشتوكاڵی وشوینە گشتییەكاندا تیمەكان گەڕاون لەو ژمارە هاوبەشەی ئاماژەی بۆ كراوە توانراوە 525 سەرپێچی دەستنیشان بكەن و رووبەرووی سزایان بكەنەوە، ئەو پارەیەش كە وەك سزا لییان وەرگیراوە 10 ملیۆن و 597 هەزار دینارە له گەڵ بڕی پارەی كارەبای خەرجكراو كە بۆ دووساڵ لێیان وەرگیراوە بریتییە لە (156) ملیۆن و 464 هەزار دینار، كە لەهەردوو مانگدا بەمشێوەیە بووە:
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر هەڵمەتی بڕینی سەرپێچی سەر تۆڕەكانی كارەبای چڕ كردەوە، لەماوەی تەنها مانگێكدا لە 1/5/2017 تاكو 31/5/2017  تیمەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و زێڕەڤانی، لە ناو شاری هەولێر و دەورووبەری و سنووری خەبات و كۆیە و شەقلاوە و سەلاحەدین توانیوانە 633 هاوبەش بەسەربكەنەوە و 249 سەرپێچی دەستنیشان بكەن، جۆرەكانی سەرپێچی بریتی بووە لە 15 هاوبەش كێبلی لەپێشەوە بردووە، 47 هاوبەش مۆری سەرەوەی نماوە، 45 هاوبەش جەمپەری كردووە، 142 هاوبەشیش بێ پێوەربووە، لەگەڵ 250 جۆری دیكەی سەرپێچی وەك نەمانی مۆری خوارەوە و شكانی جامی پێوەر.
 لە 1/6/2017 تا 30/6/2017 ئەو شوینانەی بەسەركرانەوە بریتی بووە لە 786 هاوبەش بەهەموو جۆرەكانیەوە، لەو ژمارە هاوبەش 276 سەرپێچی دەستنیشانكراوە و رووبەرووی سزابوونەتەوە، جۆرەكانی سەرپێچی بریتی بووە لە 60 جۆر مۆری سەرەوەی نماوە، 12 جەمپەر، 204 هاوبەش بێ پێوەر، 200 جۆریش كەموكوڕی هەبووە وەك شكانی جامی پیوەر و نەمانی مۆری خوارەوە.

 پێشتریش ئەو هەڵمەتە هەر هەبووە

هەڵمەتی بڕینی سەرپێچی بەردەوام هەبووە و هەمیشە بەپێی توانا و ئیمكانیەتەوە تیمەكان گەڕاون، بەڵام ناوە ناوە هەڵمەتەكان  چڕتر دەكرێنەوە، ئەوەتا لەماوەی دوو مانگی رابردوودا قایمقامیەتی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر چەند كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا كە ئەو هەڵمەت فراوانەی لێكەوتەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە دەبینی تیمەكان زۆر كەم كاری خۆیان كردووە، ئەگەر بەنمونەش لەمانگی یەكی ئەمسالەوە تا 30نیسان دەبینین تیمەكان 2897 هاوبەشیان بەسەركردۆتەوە، لەو ژمارەیەی بەسەركراونەتەوە توانراوە 1730 سەرپێچی دەستنیشان بكەن و رووبەرووی سزایان بكەنەوه.

داتایەكی مەترسیدار و هەڵوەستەیەك

ئەم داتایانە ئەو راستییەمان پێ دەڵێت كە بەڵێ ژمارەیەكی زۆری سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی كارەبای گشتی كراوە، خۆ ئەگەر ئەمە كاریگەرییەكی ئەوتۆشی بەسەر خشتەكەوە نەبێت، بێگومان ناعەدالەتییەك هەستی پێدەكرێت كە كەسانێكی نەفس نزم یاری بە موڵكی گشتییەوە دەكەن و كارەبا دەدزن، بۆیە پێویستە هەڵوەستەی زیاتر لەسەر ئەم دیاردە ناشرینە بكرێت و رێوشوێنی پێویستر بگریتەبەر لەوانە ئەو هەڵمەتە بەچڕی بمینێتەوە و تیمەكانی بڕینی سەرپێچیش پڕچەكتر بكرێن لەرووی پیداویستی و راپەراندنی كارەكەیانەوە، هەروەها پێداچوونەوەیەكیش بە جۆری سزاكە و رێنماییەكانی دادگاوە بكرێت و لەهەمان كاتیش هۆشیاریی گرنگی پێبدرێت و دەكرێت ئەو هۆشیارییە بخرێتە نێوپرۆگرامی خویندنی سەرەتاییشەوە، بۆ ئەوەی ئەو كارەبایەی كە هەیە بتوانرێت بەعەدالەتی و وەك یەك بەسەر هاوبەشانیدا دابەش بكرێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌