خهبات: پەری عومەر
ریفراندۆم یان گشتپرسی بریتیە لەوەی كە هاوڵاتی بەشداری بكات بە بەڵێ یاخود نەخێر بۆ سەربەخۆ بوونی وڵاتەكەی ، هەڵبەتە لەدوای ئەوەی لە لایەن سەركردایەتی سیاسی كوردی لەكۆبونەوەیەكی رەسمی بریاردرا 25ی ئەیلولی 2017 گشتپرسی لەهەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت،بەمەش زۆرێك لە رای جیاواز دروستبوو و هەموو چین و توێژەكان رای ئازادانەی خۆیان دەردەبڕن،مامۆستایانیش وەك هەمیشە بە چینی هۆشیاری كۆمەڵگە سەیردەكرین و ئەوان رۆڵدەبینن ئایا ئەوان چۆن بیردەكەنەوە و چۆن لە ریفراندۆم دەروانن؟لەم راپورتەمان دا ئاشنای بەشێك لە سەرەنج و رایەكانیان دەبین.
سەرەتا مامۆستا سابیرحەمەد نانەكەلی سەبارەت بە رۆڵی مامۆستایان لە پرۆسەی بەرەو ریفراندۆم گوتی: مامۆستایان توێژێكی ڕۆشنبیری گەلەكەمانن ، وەخەڵكی ئێمە هەمیشە كاریگەری ڕاوبۆچوون و باوەڕەكانی مامۆستایانیان لەسەر بووە و جێی متمانەی ئەوان بوون ، بەوەی كە توێژێكی تێگەیشتوو وە پێگەیشتوو ودلسۆزن ، بۆیە من دڵنیام لەوەی كە مامۆستایان ڕۆڵێكی كاریگەریان دەبێت لەسەر ئاڕاستەكردنی هاوڵاتیان بۆ بەشداریكردن و دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم ، بەتایبەت لەم كات و ساتەدا كە مامۆستایان نیمچە خۆبەخشانە كار دەكەن بۆ پێگەیاندنە نەوەكانی ئەم كۆمەڵگەیە ، كە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی رێز و گەورەیی مامۆستایان لەلای كۆمەڵگە زیاد بكات و كۆمەڵگە خۆی بە قەرزاری مامۆستایان دەزانێت،لەكۆتاییشدا مامۆستا سابیر نانەكەلی داوایەكی لەهاوپیشەكانی كردو گوتی: من وەكو مامۆستایەك داوا لە هاوپیشەكانی خۆم دەكەم كە ئەم هەلە مێژووییە لەدەست خۆیان نەدەن، بەوەی كە تێیدا دەستبار و هاوكار بن بۆئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان لە ڕێگەی ئامۆژگاری و هاندانی خەڵك بەرەو سندوقەكانی دەنگدان.
دواتر ماموستا عەدنان حەمەد ئەمین شیخانیش گوتی: ریفراندم پرۆژەیەكی نیشتمانی و نەتەویی گشتگرە ، لە پرۆسەیەكی دیموكراسی دا ئەنجام دەدرێ بۆ دیاری كردنی مافی چارەی خۆنووسینی هەر میللەتێك یان نەتەوەیەك بە بەشداری كردنی چین و توێژەكان،پرۆسەیەكی وا گەورە و گرنگ بۆ میللەتی كورد خەونێكی لەمێژینەوەیە و دروشمی زۆربەی بزووتنەوە و شۆڕەشە نوێكانی گەلی كورد بووە ، لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی 1991 ی باشوری كوردستان و بەدرێژایی بیست و پێنج ساڵی رابردوو ، هێنانەدی ئەو خەونە زیاتر چەكەرەی كردووە و نزیكتر بۆتەوە ، ئەمرۆش كە سەركردایەتی سیاسی كورد ئەو بریارە بویرانەی داوە و كاتی ئەنجامدانی ریفراندمی دیاری كردووە ، ئاسۆیەكی گەش و دوارۆژێكی پرشنگداری لێ دەبیندرێت ، لەم پرۆسەیەدا تێكڕای میللەت بڕیار دەدات ، بەواتەیەكی تر هەموو كەسێك بەشدار دەبیت لە بنیاتنان و دانانی بەردی بناغەی وڵاتێك ، كە یەكەم جارە لە میژووی كورد هەوڵی دامەزراندی دەدرێت ، بۆیە هەموو تاكێك دەبێت ئەركە نەتەوییەكەی بەجی بگەیەنێت و دەنگ بۆ ئەم پرۆسە ناوازەیە بدات.
هەروەها مامۆستا عەدنان لە درێژەی باسكردنەكەیدا گوتیشی:یەكیك لە توێژە هەرە گرنگ و كاریگەرەكان لە پرۆسەی ریفراندم ، تویژی مامۆستایانە ، مامۆستایان كە لە بنەڕەتدا ئەركی پێگەیاندن و پەروردەكردنی نەوەكانی كوردیان گرتۆتە ئەستۆ ، بەر لە جاڕدانی پرۆسەكەش مندالانی كوردیان بەگیانی نەتەوایەتی و كورد پەروەری پەروەردە كردووە ، هەمیشە ئەو پیشمەرگە قەلەم بەدەستە بوون كە هیچ كاتێك سەنگەرەكانی زانست و فێركردنیان چۆل نەكردووە، لە رۆژە سەخت و دژوارەكان، لەشاخ و لەدێهاتەكان، هەمووكاتێك مامۆستایان رۆڵی كارگەر و پێشەنگیان هەبووە و چاوساغ و رێگا روناككەرەوە بوون ، بۆیە ئیستاش لە كەرنەڤالێكی وا گەورە و دەگمەن دا ، كاتی ئەوەیە كە هەموو رەنگ و ئینتیمایەك بخەنە لایەك و هەمووان بەیەك دەنگ كار بۆ سەرخستن و بەئەنجام گەیاندنی گشتپرسی بكەن ، چونكە مامۆستایان راستەوخۆ كاریگەریان دەبیت لەسەر توێژی گەنجان ، كە چالاكترین و كاریگەترین تویژی كۆمەلگان بەتایبەتی ئامادەییەكان و زانكۆكان كە زۆربەی هەرەزۆریان مافی دەنگ دانیان هەیە،لەكۆتاییشدا مامۆستا عەدنان شێخانی گوتی: ناكرێ لەئاست گەورەیی و پیرۆزی پرۆسەی ریفرادۆم مامۆستایان بچنە ژیر باری هیچ ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونێكی پێچەوانەی رای گشتی میللەت هەر چاوەروانی ئەوەش لەمامۆستایان دەكری كە دلسۆزی و نیشتمان پەروەری خۆیان دووپات بكەنەوە وەك هەمیشە هەر وابوون.
لەكۆتاییدا مامۆستا لوقمان مەخموری ئەویش وەك مامۆستایەك گوتی: كەس هەیە جورئتی هەبێ بلێ بەشداری لەو رۆژە مێژووییە ناكەم ساڵەهای ساڵە بە رووبار خوێنی بۆ دەرێژین، خەونی هەموو كوردێكە مامۆستایان هەموو كاتێك پیشنەگ بووینە لە هەموو شۆرشەكانیش دەستیان خۆش،مامۆستا لوقمان گوتیشی: مامۆستایان حەز دەكەن نێو ماڵی خۆمان باشتر رێكبخەین و هەموو حزبەكانی كوردستان رێكبكەون لە سەر مێزی گفتو گۆ، ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێ نەك مامۆستا هەموو چین و توژێك بێزارە لەو دۆخەی ئێستا ،مامۆستاش بیرو بۆچونی جیاواز هەیە ئەویش لە بەرئەوەیە رێك نەكەوتنی حیزبەكانە لە نێو خۆیاندا.