2017-07-05

خەبات: رانیار دڵشاد

بەر لەوەی دەست بەدیدارە رۆژنامەوانیەكەمان بكەین، لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی هەولێر، باسمان لەوەكرد هەندێ لەبەرێوەبەرەكان بەدەم داوای هاوڵاتیانەوە ناچن، هاوڵاتیان گلەی لەوە دەكەن، كە دەرگایان بەروو دادەخرێت، لەگەرمەی ئەو گفتوگۆیەدابووین چەند هاوڵاتیەك بەداواكارییەوە هاتنە ژوورەوە، لەو كاتەدا گفتوگۆ كەوتە نێوان هاوڵاتیان و بەرێوەبەری گشتی، لەو نێوەدا من بێدەنگ بووم و سەیری دیمەنەكەم كرد. بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و كێشەی هاوڵاتیان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەندازیار (نەبەز محی الدین نافز)  بەرێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای هەولێر كرد، بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.

* بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای هەولێر چەند شارەوانی لەخۆدەگرێت؟
بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكانی هەولێر (60) شارەوانی و سێزدە بەرێوەبەرایەتی لەخۆ دەگرێت.

* ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لەبەر قەیرانی دارایی تاوەكو ئێستا وەستێنراون، ئایا هیچ بەرنامەیەكتان هەیە بۆ دەستپێكردنەوەیان؟
بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانەی كە راوەستابوون، بەڵێندەران لەسەر داوای خۆیان و بەهۆی قەیرانی دارایی گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنرایەوە و كۆتایی بەپرۆژەكانیان هێنرا، هەندێك پرۆژەش هەیە راوەستاون و تاوەكو ئێستا گرێبەستەكانیان هەڵنەوەشاوەتەوە، لەتوانای ئێمەدا نیە ئەو پرۆژانە بەكاربخەینەوە، لەبەر ئەوەی ئەو پرۆژانە بوودجەكانیان یان لەسەر میزانیەی وەزارەتی شارەوانیە یان پەرەپێدانی پارێزگاكان، دەبێت لەلایەن ئەو دوو لایەنەوە بوودجەی بۆ تەرخان بكرێت بۆ سەر لەنوێ دەستپێكردنەوەی پرۆژەكانیان. 
هەندێ پڕۆژەی بچووكی جۆرارجۆرمان لە بەرواری 1/1/2017 تاوەكو 15/6/2017 جێبەجێ كراون، بریتین لە (55) پڕۆژە، كە لەسەر پێشینەی بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكانی هەولێرن، بەگوژمە (308,675,000) ملیۆن دینار بەپێی پێویستی و ئەولەویەتی ئەو پڕۆژانە.
لەهەمان بەرواری سەرەوە توانیومانە (36) پڕۆژە بەگوژمەی  (659,810,000) ملیۆن دینار، بەرێژەی 20% ی داهاتی شارەوانیەكان جێبەجێ بكەین.

* بۆ ئاسانكاری و هەماهەنگی زیاتر، هیچ بەرنامەیەكتان هەیە بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی شارەوانیەكان؟
بەئەلیكتڕۆنیكردنی سیستەمی شارەوانیەكان بۆ ئاسانكاری و بەرێوەبردنی كاروباری هاوڵاتیان كارێكی شارستانیە و سیستەمێكی جیهانیە، بەڵام پێویستە لەسەرووی  ئێمەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و كاری بۆ بكرێت، چوونكە ئەمە كارێكی ئاسان نیە.

* لەبەرامبەر فرێدانی زبڵا و خاشاك، بڕیاربوو بڕێك پارە لەهەر ماڵێك وەربگیرێت، ئایا ئەو بڕە پارەیە چەندە و ئەو بڕیارە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێت یان حكومەت؟
سەبارەت بەفرێدانی زبڵ و خاشاك، ئێمە ئاگاداریمان بڵاوكردۆتەوە، لەوێ هەموو جۆرە ڕێنمایی و مەرجەكانی تێدایە، بۆ ئەوەی بدرێت بە كەرتی تایبەت، بۆ وەرگرتنی هەموو جۆرە رسوماتێك لە ماڵا و دوكانەكان، بۆ دیاریكردنی نرخیش بەبڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی بڕی (3000) دینار لەهەر ماڵێك وەردەگیرێت.

* ئایا چارەنووسی ئەو كەسانەی زەوییەكانیان بەر پڕۆژەی حكومەت كەوتوون تاوەكو ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە بەكوێ دەگات؟
هەر هاوڵاتیەك پارچە زەویەكەی بەر پڕۆژەی حكومەت بكەوێت، حكومەت قەرەبووی ئەو كەسە دەكاتەوە بەپێی یاسا و رێنماییەكان، بۆ ئەوەی پڕۆژەكە نەوەستێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌