خهبات: محەمەد سەروچاوەیی
ماوەی چەند ساڵێكە پارتی كرێكارانی كوردستان باجی خستۆتەسەر جوتیار و ڕەوەندەكان و بەزۆر باج وەردەگرێت و هەر كەسێكیش ناڕازی بێت، تووشی گەورەترین لێ پێچینەوەو سزا دەبێت. ڕۆژنامەی خەبات لە بەدواداچوونێكی مەیدانیدا بە سنوورەكانی بناری قەندیل و وێزێ و باڵەكایەتی چەند جوتیارو ڕەوەندێكی بۆ ئەم مەبەستە دواندووە:
سەرەتا لە جوتیارانی ناوچەی حاجی ئۆمەران دەستمان پێكردو جوتیارێك بەناوی عەلی حەسەن وتی: من لە شوێنێكی دوورەوە هاتووم و زەویەكەم بەكرێ گرتووە، سەرەڕای ئەو هەموو خەرجی و ماندووبوونەی خۆم و خانەوادەكەم لەسەرەتای بەهارەوە یەك كاتژمێریش ڕانەوەستاوین، پەكەكە باجمان لێ وەردەگرێت بەبێ ئەوەی هیچ سوودێكی بۆ ئێمە هەبێت و هیچ هاوكارییەكمان بكات، چەند جاریش داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار كردووەو هیچیان بۆ نەكردووینە.
ڕەوەندێكیش لە كوێستانەكانی حاجی ئۆمەران بەناوی ع بۆڵی وتی: پەكەكە لێرە بەتایبەتی لە كوێستانەكاندا حوكم دەكات و ساڵی پار سێ ملیۆن و نیویان لێستاندم و ئەمساڵیش داوای باجی تر دەكەن و حیسابیش بۆ هیچ كەسێك ناكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیداریش لە ڕاستی ئەم غەدرەی كە لە ڕەوەندەكان دەكرێت بێ دەنگە.
لە كوێستانەكانی سەر شێخان م.ئەحمەد حەمەدۆك دەڵێت: نازانم لە بری چی ئەم باجەمان لێ وەردەگرێت لە بری بۆردومانی فرۆكەكانی توركیایە یان تۆپ بارانكردنی توركیایە، كە بە هۆی ئەوانەوە بۆردمانمان دەكەن. ئاخر چۆن خوا هەڵدەگرێت ئەوە چەند ساڵ بە زۆر باجمان لێ وەردەگرێت و هەر كاتێكیش بیانەوێ بە ناو مەڕ دەكەون بەبێ ئەوەی كەس دەنگ بكات كامەیان بوێت دەیبەن و دەیكوژنەوەو هیچ حیسابێكمان بۆ ناكەن، نازانم بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرمان بە دەنگ نایەت و ڕەوەندەكان بە موڵكی خۆیان نازانن.
جوتیارێك لە ناوچەی ناو دەشتەوە دەڵێت: سەرەڕای ئەو هەموو ترس دڵەڕاوكێ و ماڵوێرانییە پارچەیەك خەیارو تەماتەم كردبوو، داوای باجیان لێكردم، منیش وتم: نایدەم. وتیان: ئەگەر نایدەی كەسابەتەكەت بەجێبێلەو بۆ هەر كوێ دەڕۆی بڕۆ.! ئێمە نازانین پەكەكە لە بری چی داوای باجمان لێ دەكات لە كاتێكدا كە هەرچی هاوكارییە نامان كات هەر لەبەر ئەوانیشە ناوچەكەمان بەرەو چۆڵی دەڕوات كەس ناتوانێت میوانێكی بێت یان كارێك بكات بەبێ پرسی ئەوان.
مامۆستایەك وتی: وەرگرتنی باج لە ڕەوەند و جوتیارەكان هیچ مانایەكی نیەو زوڵمێكی گەورەیە لەو خەڵكە دەكرێت، لە كاتێكدا كە سنوری چالاكی و خەباتی ئەوان باكووری كوردستانە، نەك گوند و كوێستانەكانی ئێمە.
هەر بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیمان كرد بە بەرپرسی ئاسایشی گشتی پەكەكە هەڤاڵ ئەرداڵ بەڵام ناوبراو ئامادەی هیچ وەڵامێك نەبوو.