2017-07-02

خەبات: رانیار دڵشاد

مەراسیمی تایبەت بەكردنەوەی باخچەی سینەماكاری كورد یەڵماز گونای، كەلەلایەن شارەوانی پاریس و ئەنستیتیوتی كوردی لەپاریس بەڕێوەچوو، هەر لەو مەراسیمەدا ژمارەیەكی زۆر لە رەوەندی كوردی و سینەماكاران ئامادەبوون.

د. عەلی دۆڵەمەری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاریس لەمبارەیەوە (خەبات) ی ڕاگەیاند: بە خۆشحاڵیەوە لە مەراسیمی تایبەت  بەكردنەوەی باخچەی یەڵماز گونای، ئەكتەر و دەرھێنەری كوردی سینەمایی، كە لە لایەن شارەوانی پاریس و ئەنستیتیوتی كوردی لە پاریس ڕێكخرابوو، ئێمەش وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە پاریس تیایدا بەشداربووین.

دۆڵەمەری گووتیشی: ژمارەیەكی زۆر لە رەوەندی كوردی فەرەنسا و دۆستانی ھونەرمەند یەڵماز گونای لەم مەراسیمەیەدا ئامادەبوون.

لەبارەی بەشداری سەرۆك و نوێنەرانی شارەوانی پاریس و هاوكاریكردنیان لەمەراسیمی كردنەوەی باخچەی یەڵماز گونای لەپاریس د. عەلی دۆڵەمەری لەمبارەیەوە رایگەیاند: جگە لەوەی ئامادەكاریی و هاوكارییان كردن بەهاوبەشی لەگەڵ ئەنستیتیوتی كوردی لەپاریس، لەچوارچێوەی مەراسیمەكەدا سەرۆك و نوێنەری (10) شارەوانی پاریس تیایدا ئامادەبوون، ئەمەش جێگای خۆشحاڵی سینەماكاران و رەوەندی كوردی بوون لەپاریس.

شایانی باسە لەكۆتایی مەراسیمەكەدا هەریەك لە دكتۆر كەنداڵ نەزان، سەرۆكی ئەنستیتیوتی كوردی لەپاریس، جیلبێرت میتێراند،  كۆستا گاڤراس، خاتوو گونەی،  یادی سینەماكاری كوردیان بەرز راگرت، گروپی موزیكی لێلاڤ بەپارچە موزیكێك كۆتاییان بە مەراسیمەكە هێنا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌