2017-06-25

سه‌رۆكی گشتیی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان "ئاكپارتی" رایگه‌یاند، با هه‌موو جیهان بزانێت رێگه‌ ناده‌ین له‌ باكووری سووریا ده‌وڵه‌تی تیرۆر دابمه‌زرێت.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا و هاوكات سه‌رۆكی گشتیی ئاكپارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی "جه‌ژنی ئیستەنبوڵ" له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌كانی پارته‌كه‌یدا گوتارێكی پێشكه‌ش كرد له‌ ئاماژه‌یه‌كی بۆ ئه‌مریكا گوتی "ئه‌و وڵاته‌ی به‌دۆست و هاوپه‌یمانمان ده‌زانی، بینیمان چۆن تیرۆریستانیان پڕچه‌ككرد و دواتر ده‌ڵێن چه‌كه‌كانیان لێ ده‌سه‌نینه‌وه‌، ئێمه‌ به‌م درۆیه‌ زه‌قه‌یان هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێین و په‌یاممان ئه‌وه‌یه‌ با هه‌موو جیهان بزانێت ، رێگه‌ ناده‌ین له‌ باكووری سووریا ده‌وڵه‌تی تیرۆر دابمه‌زرێت".

ئه‌ردۆغان زیاتر گوتی "گرنگی به‌وه‌ ناده‌ین چ هێزێك پشت و په‌نایان ده‌بێت، هه‌ر كاتێك هه‌ست به‌مه‌ترسیی بكه‌ین له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیمان، وه‌ك چۆن له‌ رێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات 2 هه‌زار كیلۆمه‌ترمان پاككرده‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئۆپه‌راسیۆنێكیان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین و سوپا و هێزه‌كانمان ده‌نێرین و چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ین. له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ ئه‌م پرسه‌م وروژاند".
سه‌رۆكی ئاكپارتی گوتیشی "له‌مه‌ودوا هه‌ر هێرشێك و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌ عێراق و سووریا بكرێته‌ سه‌ر خاكی توركیا، گورزێكی گه‌وره‌ ده‌وه‌شێنین بۆ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌كان چونكه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌ت، له‌سه‌ر ئاستی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا مافی پارێزگاری و به‌رگریكردنی ره‌وا ده‌گرینه‌به‌ر".

رووداو - ئیستەنبوڵ

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌