2017-06-20

شای سعوودیه‌، سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پێشوازی له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی كرد و دواتر كۆبوونه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز و حه‌یده‌ر عه‌بادی پته‌وكردنی هاوكاری و په‌ره‌پێدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و سعوودیه‌یان تاوتوێ‌ كرد.

به‌ پێی به‌یاننامه‌كه‌، هه‌ر له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز گوتوویه‌تی: هه‌موو ده‌رگاكانمان كرایه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌روه‌ها ئاماده‌یین له‌ بواره‌كانی، ئابووری، بازرگانی، سنووری و كه‌رتی تایبه‌ت هاوكاری و یارمه‌تیده‌ری هاوبه‌شی عێراق بین و هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگییه‌كانشمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر پته‌وتر بكه‌ین و بۆ له‌ناوبردنی داعش و پاراستنی ئاسایشی هاوبه‌ش هاوكاری یه‌كتر بین.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی عێراقی كردووه‌ له‌ شه‌ڕی رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ و خۆشحاڵی خۆشی به‌ سه‌قامگیری عێراق نیشانداوه‌ و هیوای خواسته‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان سعوودیه‌ و عێراق زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت.

له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا، حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌وڵی ده‌ده‌ن عێراق و سعوودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باش و پته‌ویان هه‌بێت و گوتوویه‌تشی: ئێمه‌ هاتووین بۆ سعوودیه‌ تا ئاماده‌یی خۆمان بۆ هاوكاریكردن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان بده‌ین.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌