2017-06-19

محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان باس لە پرسی ریفراندۆم دەکات و دەڵێت: "قسەی خۆمان بە بەغدا دەڵێین، ئەویش سەربەخۆییە“.
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست، ڕایگەیاند، ئەو کۆمیتەیەی پێک دەهێندرێت، دەبێت هەموو کارەکانی ڕیفراندۆم بکات، چ لە ڕێگەی ڕێکخستنەکان چ لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، چ لەگەڵ بەغدا و ھەر وڵاتێکی دیکە پێویست بێت. گوتیشی: ”ئەو کۆمیتەیە سەرپەرشتیی هەموو کارەکان دەکات، ئەویش کۆمەڵێک کۆمیتەی دیکە بۆ بوارەکانی تر دروست دەکات، وەک پارێزگاکان و ناوچەکانی دەرەوە، دەبێت ئەم کۆمیتەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان تێیان بگەیەنن کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە، بۆ ئەوەیە کە چارەسەری گرفتەکان بکەیت لەم وڵاتەدا، بۆ ئەوەیە چیدیکە چاوەڕێ نەکرێت“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ بەغدا بە شێوەی پچڕ پچڕ لەمبارەیەوە گفتوگۆ کراوە، بەڵام ”ڕەنگە ئەوان بەجددی وەریان نەگرتبێت، بەڵام ئەمجارە بە ڕاشکاوی قسەیان لەگەڵ دەکرێت".
محەمەدی حاجی مەحموود ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکەم سەردانی کۆمیتەی ڕیفراندۆم بۆ شاری بەغدا دەبێت، ”بۆ ئەوەش ناچێت کە بۆچوونی بەغدا وەربگرێت، بەڵکو پێیان دەڵێت کە ئێمە ڕیفراندۆم بە مافی خۆمان دەزانین و هاتووین پێتان بڵێین کە وامان زانیوە تائێستا هاوبەشین، بەڵام دیارە هاوبەش نین لەم وڵاتەدا، بۆیە دەتوانین دراوسێیەکی باش بین و پێکەوە پێیان دەگوترێت کە ئێمە بەم کارە ھەڵدەستین".


باسنیوز

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌