2017-06-18

خەبات‮: ‬سەفەر‮ ‬یوسف میرخان‮ ‬ژاژوكی

یەكێك لەو داستانە مێژووییانەی‮ ‬كە بووەتە ئەزمونێكی‮ ‬كەم هاوتا و هەمیشە میللەتی‮ ‬كورد شانازی‮ ‬پێوە دەكات داستانی‮ ‬پەڕینەوەی‮ ‬رابەری‮ ‬كورد‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر‮ ‬و هەڤاڵانیەتی‮ ‬لە روباری‮ ‬ئاراس بەرەو‮ ‬یەكێتی‮ ‬سۆڤیەت‮. ‬ئەمڕۆ‮ ‬یادی‮ ‬70 ساڵەی‮ ‬پەرینەوەی‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر و هەڤاڵانی‮ ‬لە رووباری‮ ‬ئاراس دەكەینەوە،‮ ‬ئەو داستانەی‮ ‬چەندین مانا و بەها و رەهەندی‮ ‬نەتەوەیی‮ ‬و سەربازایی‮ ‬و سیاسی‮ ‬تێیدا بەرجەستەبووە،‮ ‬بە گشتی‮ ‬گوزارشتە بۆ ئازایەتی‮ ‬و ئیرادەی‮ ‬نەبەزیوی‮ ‬نەتەوەیەك كە لە پێناو مانەوە و سووربوون لەسەر مافی‮ ‬ئازادی‮ ‬ژیان هەرگیز كۆڵی‮ ‬نەداوە،‮ ‬هەر ئەم بەرخودان و كۆڵنەدانەبوو كە دوێنێ ببووە سەركەوتنێكی‮ ‬مەزنی‮ ‬مێژوویی‮ ‬بۆ بارزانی‮ ‬نەمر و هەڤاڵەكانی‮ ‬تۆمركرد،‮ ‬ئەمڕۆش بۆتە هەوێنی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬بۆ خەڵكی‮ ‬كوردستان بە هەموو حزب و لایەن و‮ ‬نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانەوە‮.‬

تێبینی‮:‬

1- هەندێك لەم‮ ‬یادوەرییانە بە جودا لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات لە‮ ‬22 و23 و24/5/2012بڵاوبوونەتەوە‮.‬

2-  پاش ماندووبوون و ژیانێكی‮ ‬سەخت و خەباتێكی‮ ‬دور و درێژ،‮ ‬تەیمەز ئارەب سێلكی‮ ‬رۆژی‮ ‬5-8-2014 لە تەمەنی‮ ‬90ساڵی‮ ‬لە پیرمام كۆچی‮ ‬دوایی‮ ‬كردووە و گەیشتە كاروانی‮ ‬نەمران‮.‬‮ ‬

ئاماژە بە‮ ‬ڕێڕەوە‮ ‬مێژووییەكەی‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر و هەڤاڵانی‮ ‬بۆ‮ ‬یەكێتی‮ ‬سۆڤیەت،‮ ‬كورد و هەڵگرانی‮ ‬پەیام ئازادیخوازی‮ ‬ئەم میللەتە سەلماندوویانە،‮ ‬كە هیچ كاتێك دوژمن ناتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت و توانییان بەو رێگا دوور و سەخت و پڕ‮ ‬لە پیلان و پەلاماری‮ ‬دوژمنان و برسیەتی‮ ‬و تینوویی‮ ‬سەركەوتنێكی‮ ‬مەزن بۆ كوردستان تۆماربكەن‮. ‬ئینجا بۆ‮ ‬یادوەری‮ ‬و بەیاد هێنانەوەی‮ ‬رۆژانی‮ ‬سەختی‮ ‬خەبات و پێشمەرگایەتی‮ ‬و كوڵنەدان بە درێژایی‮ ‬70ساڵ و راگەیاندنی‮ ‬كۆماری‮ ‬كوردستان لە مهاباد و رێرەوی‮ ‬بارزانی‮ ‬نەمر بۆ‮ ‬یەكێتی‮ ‬و داستانی‮ ‬پەرینەوە لە رووباری‮ ‬ئاراس‮‬،‮ ‬لەم نووسینەدا‮ ‬یادگاری‮ ‬ئەو قارەمانانە دەخەینەبەر دیدی‮ ‬خوێنەران كە بەشداربوونە رووداوەكانی‮ ‬راگەیاندنی‮ ‬كۆماری‮ ‬مهاباد و رێڕەوی‮ ‬بارزانی‮ ‬نەمر و هەڤاڵانی‮ ‬بۆ‮ ‬یەكێتی‮ ‬سۆڤیەت و پەرینەوەیان لە رووباری‮ ‬ئاراس،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬مێژووی‮ ‬روداوەكان بۆ نەوەی‮ ‬داهاتوو تۆمار بكرێن‮.‬

‮‬1 لە 4

 سەرەتا بە‮ ‬یادوەرییەكانی‮ ‬بابەكر شێخ سێن‮ ‬دەست پێدەكەین كە پێشمەرگە و شاهیدحاڵ و بەشدار بووی‮ ‬شەڕی‮ ‬و بەرگری‮ ‬لە كۆماری‮ ‬كوردستان لە مەهاباد و بەشداربووی‮ ‬ڕێڕەوە مێژووییەكە بارزانی‮ ‬نەمر و هەڤاڵانی‮ ‬بۆ سۆڤیەت و بەشداری‮ ‬بووی‮ ‬شۆڕشی‮ ‬مەزنی‮ ‬ئەیلوول و گوڵان،‮ ‬هەڵگری‮ ‬مەداڵیای‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر لە لایەن سەرۆك بارزانی،‮ ‬چەند‮ ‬یادگارییەك لە‮ ‬70ساڵەی‮ ‬شۆڕش بەرخودان و كۆڵ نەدای‮ ‬خۆی‮ ‬و هەڤاڵەكانی‮ ‬دەگێڕێتەوە كاتێك كە لەگەڵ بارزانی‮ ‬نەمردابوون لە كۆماری‮ ‬كوردستان لە مهاباد،‮ ‬لە بارەی‮ ‬پەیوەندی‮ ‬كردنی‮ ‬وەكو پێشمەرگەیەك بە كۆماری‮ ‬كوردستان لە مەهاباد دا بەرێزیان بەم شێوەیە‮ ‬یادەكانی‮ ‬دەگێڕێتەوە‮: ‬كاتی‮ ‬چوونمان بۆ كوردستانی‮ ‬رۆژهەڵات،‮ ‬خەڵكی‮ ‬هەموو ناوچەكانی‮ ‬كوردستان وەكو تەرگەوەڕ‮ ‬و مەرگەوەڕ‮ ‬و شنۆیە و مەهاباد و نەغەدە و گوندەكانی‮ ‬دەوروبەریان،‮ ‬هەموویان بە گەرمیان پێشوازیان لە ئێمە كرد و لەوێشدا ئێمەیان دابەش كرد بە سەر ناوچەكان و گوندەكانی‮ ‬دەوروبەریان،‮ ‬هەرچەندە‮ ‬ئەو كاتە تەمەنم زۆر نەبوو،‮ ‬بەڵام هەرچونێك بێ بەشداریم لە بەرگری‮ ‬كۆماری‮ ‬كوردستان لە مەهاباد كرد‮.

‬لە‮ ‬22-1-1946 كۆماری‮ ‬كوردستان لە مەهاباد دامەزرا،‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر لەم كۆمارەدا پلەی‮ ‬ژەنڕاڵی‮ ‬وەرگرت و قازی‮ ‬محەمەد بووە پێشەوای‮ ‬كوردان‮. ‬لەشكری‮ ‬بارزانیەكان لەم كۆمارەدا هەموو كاتێك چاونەترس و خۆراگر بووین چونكە بارزانیی‮ ‬نەمر هەمیشە لە پێشەوەی‮ ‬سەنگەرەكانی‮ ‬كوردایەتی‮ ‬بوو،‮ ‬مێژوو شاهیدی‮ ‬ئەو دەدات كە لەشكری‮ ‬بارزان قارەمان و فیداكاری‮ ‬كوماری‮ ‬مهاباد بوون و‮ ‬دەسكەوتی‮ ‬مەزنیان بۆ كوردستان بە دەستهێناوە،‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر هەمیشە‮ ‬دەیفەرموو‮: "‬ئێرە لەگەل كوردستانی‮ ‬عێراق هیچ جیاوازی‮ ‬نیە،‮ ‬كوردستان هەر كوردستانە‮. ‬بۆیە دەبی‮ ‬بەرگری‮ ‬لەم خاكە بكەین و دەبی‮ ‬ئێمە هەموومان بە‮ ‬یەك بیر و باوەڕ‮ ‬دەست بدەینە تفەنگ و بۆ ئازادی‮ ‬كوردستان و كوردایەتی‮ ‬خەبات بكەین‮" ‬بۆیە لەم روانگەوە ئێمە ئامادە بووین خۆمان فیدای‮ ‬كوردستان بكەین‮.‬

پاش ئەوەی‮ ‬كۆماری‮ ‬كوردستان لە مهاباد كەوتە بەر پیلانی‮ ‬دابەشكردنی‮ ‬رۆژهەڵاتی‮ ‬ناوەراست لە نێوان بەرژەوەندییەكانی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬براوەی‮ ‬جەنگی‮ ‬جیهانی‮ ‬دووەم،‮ ‬كۆماری‮ ‬كورد لە مهاباد كرایە قوربانی‮ ‬بەرژەوەندییەكان‮. ‬لەم رووەوە پرسیارمان لە‮ ‬كازم شانەدەی‮‬كرد،‮ ‬ئاخۆ پاش تێكچوونی‮ ‬كۆماری‮ ‬كوردستان لە مهاباد ئێوەی‮ ‬هەڤاڵانی‮ ‬بارزانی‮ ‬چیتان بەسەرهات؟‮. ‬بەرێزیان‮ ‬گوتی‮: ‬پاش تێكچوونی‮ ‬بارودۆخەكە،‮ ‬ئێمە بە ماڵ و خێزان و پیرو پەككەوتوو لەگەڵ خوالێخوشبوو شیخ ئەحمەد بارزانیدا بووین،‮ ‬ئینجا لەلایەن شیخ ئەحمەدی‮ ‬بارزان و بارزانیی‮ ‬نەمر بریاردرا چووینە سەر گادەر‮. ‬هەرچەندە فڕۆكەكانی‮ ‬دوژمنان بەردەوام ئێمەیان لە ئاسمانەوە بوردومان دەكرد و لە سەر زەمینەوەش تۆپ باران دەكراین،‮ ‬بەڵام لە گەلی‮ ‬گادەر چارەسەری‮ ‬نادیارمان هەلبژارد،‮ ‬كە حكوومەتی‮ ‬ئێراق عەفووی‮ ‬دا،‮ ‬بریار درا خوالێخوشبوو شیخ ئەحمەدی‮ ‬بارزانی‮ ‬بە ماڵ و خێزان و پیر و پەككەوتەوە بگەڕێتەوە بۆ كوردستانی‮ ‬ئێراق و ئەوانەشی‮ ‬توانای‮ ‬بەرگری‮ ‬و خۆڕاگری‮ ‬و رێكردنی‮ ‬سەخت و شاخ هەبێت لەگەڵ بارزانیی‮ ‬نەمر بمێننەوە بۆ بەردەوامیدان بە شۆڕش‮.‬

ئەوە بوو رابەری‮ ‬ئازادیخواز بارزانیی‮ ‬نەمر ئێمەی‮ ‬كۆكردەوە و بە پێشمەرگەكان فەرمووی‮: "‬چارەنووسی‮ ‬ئێمە نادیارە و زروفمان سەختە و نازانم لە برسان دەمرین و‮ ‬یا لە سەرمان رەق دەبینەوە و لەوانەیە ئێمە لە رێگا توشی‮ ‬زۆر شت بین،‮ ‬برسیەتی‮ ‬و سەرماو گەرماو كەمین،‮ ‬ئێمە رێگای‮ ‬مان و نەمان هەڵبدەبژیرین‮. ‬ئەوەی‮ ‬دەچێتەوە بابچێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەی‮ ‬لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە دەبێ كوشتن و برسیەتی‮ ‬و چەرمەسەری‮ ‬لە پێش خۆی‮ ‬دابنێ،‮ ‬ئێمە لە پێنا و پاراستنی‮ ‬كەڕامەت و سەرو ماڵی‮ ‬كوردستاندا بەردەوام دەبین،‮ ‬پشت بە خوای‮ ‬گەورە ئەوە رێگای‮ ‬ئێمەیە‮". ‬ئینجا ئێمە هەموومان بە‮ ‬یەك هەڵویست هاوارمان كرد‮: "‬لە گەلتدا دادەبین و مردنمان لە ژیانی‮ ‬ژێر دەستی‮ ‬پێ خۆشترە،‮ ‬رێگای‮ ‬مان و نەمانمان هەڵبژاردو‮ ‬یەك كەس لە ریزەكان نەهاتە دەرەوە و هەموان لەگەڵ بارزانی‮ ‬نەمر ماینەوە‮".‬

هەروەها خوالێخۆشبوو فەرماندەی‮ ‬خەباتكار وبەشداربووی‮ ‬رێڕەوەییەكە مام‮ ‬تەیمەز سێلكی‮‬،‮ ‬كە دەكاتە كوڕی‮ ‬شەهیدی‮ ‬فەرماندە‮ ‬ئارەب سێلكی‮‬،‮ ‬لە ژمارەیەكی‮ ‬پێشووتری‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات‮ ‬بەرلە كۆچی‮ ‬دواییان‮ ‬،‮ ‬بەم شێوەیە باسی‮ ‬قۆناغی‮ ‬پاش تێكچوونی‮ ‬كۆماری‮ ‬كوردستان كردووە‮:‬ ‬ئێمە لە چیای‮ ‬گادەر ماڵئاوایمان لە خزم و كەس و ماڵەكانمان كرد و هەركەس بە خۆی‮ ‬و چەك و فیشەكەوە،‮ ‬بێ هیچ كەل و پەلی‮ ‬دیكە‮ ‬ڕومان كردە چیاكانی‮ ‬كوردستان‮. ‬سەرەتا بەرە و كوێستانەكانی‮ ‬هەركیان وەڕێ كەوتین،‮ ‬كە ئەو خێلە تەها و زێڕۆی‮ ‬هەركی‮ ‬سەرپەرشتییان دەكرد،‮ ‬ئەوانیش لە ترسی‮ ‬عەجەمی‮ ‬ئێران هاتبوونە كویستانەكان،‮ ‬كە ئێمە گەیشتینەئەوێ خواردنیكی‮ ‬وامان پێنەبوو،‮ ‬ئەوانیش لە ئێمە باشتر نەبوون‮ ‬ئەو‮ ‬ڕۆژانەی‮ ‬كە لە نێوان سنوری‮ ‬ئێراق و توركیا بووین،‮ ‬نوستنمان نەبوو،‮ ‬دانیشتن و نوستن‮ ‬یەك بوو،‮ ‬زۆر زەحمەت بوو،‮ ‬بارزانیی‮ ‬نەمر هەر كە دیتبای‮ ‬كەسێك نووستووە،‮ ‬هەڵی‮ ‬دەستاند،‮ ‬چونكە دەیزانی‮ ‬لە‮ ‬ڕۆژدا دەربازبونمان زۆر سەخت دەبێ و دەیویست لەو شوێنە مەترسیدار و ناخۆشە دورمان بخاتەوە،‮ ‬چونكە توركیا و ئێراق پێكەوە لە ئێمەیان دەدا‮، ‬ئەوە بوو سنوری‮ ‬توركیامان بە جێهشت و لە‮ ‬18/4/197 چووینەوە ناو سنوری‮ ‬كوردستان و ئێراق و گەیشتینە ناوچەی‮ ‬برادۆست،‮ ‬لە سەرما و برسیەتی‮ ‬زۆر ماندوو ببوین و سەختیمان كێشابوو،‮ ‬لەرێگا هەر شتێكمان دەمانخوارد،‮ ‬لە‮ ‬19/4/1947 گەیشتینە گوندی‮ ‬ئەرمۆش‮ ‬كە دەكەوێتە ناوچەی‮ ‬برادۆست‮، ‬لە گوندی‮ ‬ئەرمۆش بەڕاستی‮ ‬ئەوەی‮ ‬هەبوو بۆ ئێمەیان كرد،‮ ‬باش لە‮ ‬یادمە خەڵك دەیگوت كە‮ "‬شێخ رەشیدی‮ ‬لۆڵانی‮ ‬بە ئێمەی‮ ‬راگەیاندووە كە دەبێ خزمەتی‮ ‬بارزانییەكان بكەین‮".

‬ئاگادار بووین كە دوژمن هێزی‮ ‬هێناوەتە گوندی‮ ‬كانییەرەش،‮ ‬بۆیە بارزانیی‮ ‬نەمر بریاری‮ ‬دا بە شەو دەرباز بین،‮ ‬دەنا ناتوانین خۆمان لە دەشتی‮ ‬بەرازگر بدەین،‮ ‬ئیتر شەو خۆمان دەرباز كرد لە دەشتی‮ ‬بەرازگر و لە‮ ‬20/4/1947 گەشتینە گوندی‮ ‬دەریا سۆر،‮ ‬دوایی‮ ‬لەویشدا بەردەوام كە هەر دوژمن لە پێش و پشتمان بوو بەرەبەیانی‮ ‬21/4/1947 تاریكی‮ ‬شەو سنوری‮ ‬توركیامان بەجێهێشت چووینەوە ناو خاكی‮ ‬ئێراق و چووینە گوندی‮ ‬زیتە،‮ ‬لەوێ جاش و سوپای‮ ‬داگیركەری‮ ‬ئێراق رەبایەیان دانابو بەنیازی‮ ‬لێدانمان و رێگری‮ ‬كردنمان،‮ ‬بەڵام سەرنەكەوتن و ئێمە زەربەمان لە ئەواندا،‮ ‬هەر ئەو شەو پێشمەرگەی‮ ‬قارەمان‮ ‬تێلی‮ ‬عەبدولكەریم‮ ‬شەهید بوو‮، ‬دواتر كەوتینەوە رێگا كە سەخت بوو و بێ نان و خواردن بووین،‮ ‬بەڵام چونكە وەرزی‮ ‬بەهار بوو ئەو دەڤەرە پڕبوو لە گوڵ و گیاو و رێواس و ترشۆكە،‮ ‬ئێمەش هەر ئەو شتانەمان دەخوارد تاكو برسیەتیمان بشكێ،‮ ‬بۆ ئێوارە گەیشتینە گوندەكانی‮ ‬ئەرگۆش و بەنان كە دەكەوێتە ناو دەڤەری‮ ‬مزوری‮ ‬باڵا و لە‮ ‬22/4/1947 گەیشتینە ناوچەی‮ ‬مزوریان،‮ ‬28 ڕۆژ لەو ناوچەیە ماینەوە‮.‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌