2017-06-17

ئەمڕۆ شەممە 2017/6/17 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدیین پێشوازی لە فەخری كەریم سەرۆكی دەزگای (المدی) بۆ ڕاگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر كرد .

لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی ئێستای عیراق و پێشهاتە سیاسیەكانی كرا و تیشكیش خرایە سەر ئەو سەركەوتنانەی لە دژی تیرۆریستانی داعش تۆمار كران هاوكات پرسی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو بە تایبەتی پرسی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و ئەو پرسە گرنگانەی دەكەونە چوارچێوەی بەشداری سیاسی و تەوافوقی نیشتیمانی .

سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە پرسی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم مافی گەلی كوردستانە و دوای ئەنجام دانیشی پێویستی بە چەندین دانیشتن و دان و ستاندن دەبێت لەگەڵ حكومەتی عیراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكات پێویستە كاریش بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان .

سەرۆك بارزانی ستایشی یەك ڕیزی حزبە كوردستانیەكانی كرد كە بووە هۆی رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لەو وادەیەی كە بۆی دیاری كرا و دووپاتیشی كردەوە گفتوگۆ و رێ و شوێنە پێویست و پەیوەندیدارەكان بە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەو رۆژانەدا دەگیرێنە بەر بە مەبەستی بەهێزتركردنی یەكڕیزی هەموو لایەنە كوردستانیەكان و بەشداری كردنیان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان .

لە كۆتایی دیدارەكەش دا ، جەخت لەسەر گرنگیدان بە باشتربوونی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و بەردەوامی گفتوگۆ و دان و ستاندن لەبارەی پرس و كێشەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە لەگەڵ بەردەوامی كار و هەماهەنگی هاوبەش بۆ بنەبڕكردنی تیرۆر لەسەر خاكی عیراق كرایەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌