2017-06-16

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ مزگه‌وتی‌ به‌هه‌شت ده‌كات و داوا له‌ ھێزه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌كات به‌زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی ده‌ستگیر بكه‌ن.

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی‌ له‌ دژی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ مزگه‌وتی به‌ھه‌شت له‌شاری سلێمانی راگه‌یاند و تیایدا هاتووه‌ "به‌داخه‌وه‌ ئه‌مشه‌و 2017/6/16  له‌كاتی سه‌رقاڵبوونی مسوڵمانان و نوێژخوێنان به‌ عیباده‌ت و ته‌راویحی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز له‌ شاری سلێمانی ئازیز ده‌ستێكی تێكده‌ر و دژ به‌ ئاشتی ھه‌ڵیان كوتاوه‌ته‌ سه‌ر مزگه‌وتی به‌ھه‌شت".

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ڵێت: "له‌ڕێگه‌ی نارنجۆكێكی ده‌ستیه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و تیایدا چه‌ند ھاونیشتیمانییه‌ك بریندار بوون و دواتر ئه‌نجامده‌ران رایان كردووه‌".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینییه‌وه‌ به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌مجۆره‌ كرده‌وه‌ ترسنۆكانه‌ و  نامرۆڤانه‌یه‌ ده‌كه‌ین، داواش له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و ھێزه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ین به‌زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كرده‌وه‌ تێكده‌رانه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن و به‌سزای یاساییان بگه‌یه‌نن".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌