2017-06-16

به‌رێز مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "فۆره‌ن پۆڵەسی" ئه‌مه‌ریكادا، باس له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان ده‌كات و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گۆڤاره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بارزانی ماوه‌ی 55 ساڵه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌رده‌وامه‌ له‌ خه‌بات بۆ سەربەخۆیی.

بارزانی بۆ گۆڤاره‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ جیابوونه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌كان و ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌.

بارزانی ده‌ڵێت: "ده‌مێكه‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ پێویسته‌ ریفراندۆمێك ئه‌نجام بدرێت و رێگه‌ به‌ خه‌ڵكی خۆمان بده‌ین بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆر له‌مێژه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌م هه‌یه‌، چونكه‌ به‌غدا باوه‌ڕی به‌ شه‌راكه‌تی ئێمه‌ نییه‌ .

وه‌ك گۆڤاره‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بارزانی ده‌زانێت كه‌ ریفراندۆم یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا، هاوكات بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، به‌غدا تاكه‌ لایه‌ن نییه‌ كه‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانە.

گۆڤاره‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تا ئێستاش ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندی سیاسه‌تی یه‌كپارچه‌یی عێراق و توركیاش، كه‌ گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانییه‌، بڕیاردان له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ هه‌نگاوێكی "نابه‌رپرسانه‌" و "هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌" وه‌سف ده‌كات.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، بارزانی نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌غدا و ئه‌مه‌ریكا و له‌ وه‌ڵامی پرسیاری گۆڤاره‌كه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئەگە ری دابڕاندنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جیهان و سەپاندنی گە مارۆی ئابووری ، بارزانی ده‌ڵێت: "كورد ئاماده‌ له‌ برسان بمرێت نه‌ك له‌ ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌دا بژی".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی كه‌ له‌ رێگه‌ی ریفراندۆمه‌ ده‌درێت، به‌و هۆیه‌وه‌ جیهان ئێمه‌ داببڕێت، لێگه‌ڕێن با بمرین".

ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌ی جیهان به‌و شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌وا (شانازييه !) بۆ ئه‌وان، چونكه‌ ئه‌وان خه‌ڵكی ئێمه‌یان له‌ برسێتیدا كوشت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی دیموكراتییانه‌ ویستوویانه‌ی سه‌ربه‌خۆ بن و بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن".

وه‌ك ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، بارزانی چه‌ند مانگێكه‌ ته‌مه‌نی بووه‌ته‌ 70 ساڵ و هیچ كاتێك له ژیانی خۆی له‌ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان جیانه‌بووه‌ته‌وه‌ و بارزانی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "هه‌موو ژیانی خۆمم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ته‌رخان كردووه‌".

فۆره‌ن پۆلە سی ئاماژه‌ به‌ رۆڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌كات و نووسیویه‌تی، بارزانی باوك به‌شداری له‌ دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد كردووه‌ له‌ ساڵی 1946 و مه‌سعود بارزانیش له‌و ماوه‌یه‌دا له‌دایكبووه‌.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی مه‌سعود بارزانی له‌ مه‌هاباد له‌ دایكبووه‌، یه‌كه‌مجار بووه‌ كورد سه‌ربه‌خۆ بێت و ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌.

بارزانی له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ی ئاڵای سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌، من له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و ئاڵایه‌دا له‌دایكبووم".

سه‌باره‌ت به‌ پێشمه‌رگایه‌تی بارزانی، گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، مه‌سعود بارزانی، هه‌مان هه‌نگاوه‌كانی باوكی گرته‌به‌ر و له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵییه‌وه‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ ساڵی 1979ش سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی ده‌كات، له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌ خه‌باتی به‌رده‌وامدا بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

بارزانی ده‌ڵێت: "له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددام حوسیندا، كورد زۆر چه‌وسێندرایه‌وه‌، هه‌ر له‌ جینۆساید و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال، كیمیاییبارانكردن، وێرانكردنی هه‌زاران گوند و گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ".

دوای هه‌ڵمه‌تی داگیركردنی عێراق به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، كورد له‌ عێراق، گه‌یشتنه‌ قۆناغێكی نموونه‌یی سه‌قامگیری، له‌و ماوه‌یه‌دا كورد توانی هه‌رێمه‌كه‌ی بكاته‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی عێراق و وه‌به‌رهێنه‌ران روو له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ نه‌وتییه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان پێشكه‌وتنێكی یه‌كجار زۆر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، هه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولیر، پاركه‌ گشتییه‌كان، مۆڵ و سه‌نته‌ره‌ بازرگانییه‌كان.

گۆڤاره‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوون، له‌ ساڵی 2014 كه‌وتنه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ په‌لاماردانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام "داعش"، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی ژماره‌یه‌ك یه‌كجار زۆر ئاواره‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق.

فۆره‌ن پۆڵەسی ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، بارزانی و كورد له‌ شه‌ڕی دژی داعش سه‌ركه‌وتن و به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی گرنگه‌ی له‌ شه‌ڕی داعش بینیویانه‌، ناوبانگێكی نێوده‌وڵه‌تییان بۆ خۆیان په‌یدا كردووه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق گرژی زیاتری تێكه‌وت.

به‌هۆی ئاڵۆزبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌، حكوومه‌تی عێراق ته‌واوی داهاتی نه‌وتی له‌ ناوچه‌كه‌ شارده‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ گۆڤاره‌كه‌ پرسیار له‌ بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت: "دوای 2003 پشكی كورد چی بووه‌؟".

بارزانی ده‌ڵێت: "ئه‌وان پابه‌ندی ده‌ستووری عێراق نه‌بوون و بودجه‌ی كوردستانییان بڕی".

وه‌ك گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، له‌ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، رووبه‌ڕووی چه‌ند ئاسته‌نگێك ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ كه‌ پشتی به‌ نه‌وت به‌ستووه‌ و له‌ ئێستاشدا نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌.

ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی كێشه‌ی دارایی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی، ته‌نها به‌شێك له‌ مووچه‌كانییان وه‌رده‌گرن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌