2017-06-15

كه‌نعان به‌هادین

نه‌وت بۆ عێراقییه‌كان هه‌رده‌م نیقمه‌تێكى له‌ناو به‌رو ژه‌هرێكى كووشنده‌ بووه‌ ، ئه‌و جوگرافیایه‌ش كه‌ 100ساڵه‌ بوونى هه‌یه‌ له‌و ووڵاته‌ ، پێكهاتووه‌ له‌ جوگرافیاى نه‌وت ، واته‌ عێراق كۆكراوه‌ى دیمۆگرافیایه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌وتاوییه‌ ، بۆیه‌ش حیساب بۆ گه‌لان و پێكهاته‌و تایفه‌و ئاین نه‌كراوه‌و هه‌موویان به‌ زنجیر و قوفڵ  له‌ پێشوودا پێكه‌وه‌ لكێنراون .
له‌مێژووى ئه‌و 100ساڵه‌ى رابوردوو ، ئه‌م هه‌موو جه‌نگ و كوده‌تا و كووشتاره‌ى له‌ عێراق بوونى هه‌بووه‌ ، له‌پێناو نه‌وت و داهاتى زۆری ئه‌و ووڵاته‌ بووه‌ ، داهاتێك كه‌ عێراق  به‌ گه‌وره‌ترین  ووڵاتى  هه‌ڵگری یه‌ده‌گى نه‌وت داده‌نرێت له‌ئاستى جیهان دواى سعودیه‌ ،  له‌ ساڵى 2015ش وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقى رایگه‌یاند كه‌ داهاتى ئه‌و ساڵه‌ 223ملیار دۆلار بووه‌ ، كه‌ ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه‌ !!!
ئه‌ى حاڵى ئه‌و ووڵاته‌ له‌ ئێستادا چۆنه‌ ، كه‌ ده‌بینرێت هیچ شوێنێكى ئارام و ئاوه‌دانى تێدا نابینرێت ، بۆ نموونه‌ش ده‌بینرێت دووه‌م  گه‌وره‌ شاری عێراق كه‌ موسڵه‌ له‌گه‌ڵ زه‌وى ته‌خت بووه‌ و دوو ملیۆن خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ش ده‌ربه‌ده‌ری ووڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهانن .
جگه‌ له‌وه‌ش ، عێراق خاوه‌نى پێگه‌یه‌كى له‌رزۆك و ناسه‌قامگیر و ترسناكه‌ له‌ ریزى ووڵاتانى دوونیا ، ئه‌وانه‌ى له‌و ووڵاته‌ ده‌ژین له‌ رێگه‌ى قه‌زاو قه‌ده‌ره‌وه‌ رۆژانه‌ له‌ ده‌ستى ته‌قینه‌وه‌كان و جه‌نگه‌كان رزگاریان ده‌بێت ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه‌ بوونى هه‌یه‌ ، نه‌یهێشتووه‌ له‌ بواره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابووری و سیاسی و زانستى عێراق پێش بخات ، جگه‌ له‌وه‌ش بوارى بۆ گه‌لان و پێكهاته‌كانى ئه‌و ووڵاته‌ نه‌داوه‌ كه‌ به‌پێى ناسنامه‌و هێزى مرۆیی خۆیان جیا ببنه‌وه‌و به‌ ئازادى و ئاشتى له‌ناوچه‌كه‌ ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن ، چیدى ئه‌و ناكۆكی تایفى و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌ به‌رده‌وامى نه‌بێت كه‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ عێراقى وه‌كو سێگۆشه‌ى مه‌رگ ناساندووه‌ .
له‌ حاڵى ئێستادا كورد له‌ نێو چوارچێوه‌ى عێراق هه‌نگاوى ناوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆ بوونى ئابووری ،  خه‌ریكه‌ هه‌نگاویش ده‌نێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی ، كه‌ به‌نیازن ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ئه‌نجام بده‌ن .
ئه‌و دژایه‌تى كردنه‌ى پڕۆسه‌ى ریفراندۆمى كوردان له‌ سۆنگه‌ى ئه‌وه‌وه‌ دێت كه‌ كورد ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى له‌ژێر ده‌سته‌ كه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌و 100ساڵه‌ى رابووردوو داگیر كرابوو ، وه‌كو كه‌ركووك و مه‌خموور و خانه‌قین و ناوچه‌كانى تر ، ئه‌و ته‌نگاو بوونه‌ى عێراق و ئێران و توركیا ته‌نها له‌ گۆشه‌ى نه‌وت و سامانى سروشتیه‌وه‌یه‌ ، هه‌ر بۆیه‌شه‌  له‌ ڕووى مافه‌ كلتووری و رۆشنبیرى و مرۆۆییه‌وه‌ نه‌یانهێشتووه‌ كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌كانى جیهانى خاوه‌نى بێت و به‌لاى كه‌مه‌وه‌ خۆی بناسێت .
ئێستا ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕیووه‌ ، كورد له‌ حاڵه‌تى لاواز بوونى عێراق و توركیا و ئێران ده‌یه‌وێت هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆ بوون ، له‌حاڵى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ دڵنیام وه‌كو نسكۆكانى پێشووى لێ نایه‌ت ، چونكه‌ پتر له‌ 35 ووڵاتى دوونیا نوێنه‌ریان له‌هه‌ولێر هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى كونسولگه‌رییه‌كانه‌وه‌ ، ئه‌وان رێگه‌ ناده‌ن پیلانگێری دژى هه‌رێمى كوردستان بكرێت ، هه‌روه‌كو له‌ سه‌رده‌مى حكومه‌ته‌كه‌ى قازى موحه‌ممه‌د كرا و كۆماری كوردستان له‌به‌ین برا .
ئه‌مجاره‌ ریفراندۆم له‌ رێگه‌ى نه‌وته‌وه‌ به‌هێز ده‌بێت ، جاران نه‌ته‌وه‌ى كورد شتێكى وه‌هاى له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوو كه‌ ببێته‌ به‌رگریكارێك بۆی ، به‌ختى كوردیش له‌مڕۆكه‌دا  جیهان به‌گشتى زۆری پێویست به‌نه‌وت و گاز و سامانى سروشتییه‌ ، هه‌موو ووڵاتانى زلهێزى وه‌كو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و رووسیا و یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌و سه‌وداى نه‌وت ده‌كه‌ن ، كۆمپانیا زه‌به‌لاح و گه‌وره‌كان به‌هه‌موو هێزێكى مرۆیی و مادییه‌وه‌ له‌ كوردستانن ، ئیدى ریفۆاندۆم به‌هێزى نه‌وته‌وه‌ ده‌كرێت و هه‌موو لا پاڵپشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌