2017-06-15

  گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەردەوامن و نیزیکەی شەش ملیۆن کەس لە ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکان مافی بەشداربوونیان لە ڕیفراندۆمدا ھەیە، کە دوو ملیۆن و٧٠٠ ھەزار کەس لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمن.

(شێروان زرار) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە پێی ئەو داتایانەی سەبارەت بە دەنگدەران لەبەردەستدا ھەن، نیزیکەی شەش ملیۆن کەس مافی بەشداربوونیان لە ڕیفراندۆمدا ھەیە، کە لەوانە ٣ ملیۆن و٣٠٠ ھەزار دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستاندان و ٢ ملیۆن و٧٠٠ ھەزار کەسیش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن، وەکو کەرکووک و مووسڵ و ناوچەکانی دیکە.''

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەردەوامن و ئێستا  لە قۆناغی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان و ئەنجامدانی ڕێکارەکانداین.''

(زرار) ڕاشیگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تەرخان کردووە و بەشێک لەو پارەش وەکو قۆناغی یەکەم خراوەتە سەر حیسابی کۆمیسیۆن.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌