2017-06-15

  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستەڕوو كە ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە كە دەستكەوتەكانی لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بەدەست بهێنێت و دەیەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (فرانك بەیكر) باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق لە قۆناغی دوای داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و پەیوەست بەم باسەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لەگەڵ مافی نەتەوە و گەلانە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بەڵام، لەوباوەڕەدایە كاتێكی باش نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان.
هەر لەبارەی ڕیفراندۆم (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستەڕوو كە ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە كە دەستكەوتەكانی لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بەدەست بهێنێت و دەیەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت. پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌