2017-06-13

خەبات/ مەریوان نەقشبەندی
فۆتۆ/ ئەلن جۆرج

بەهۆی ئەوەی باوكی نابینایە منداڵێكی مەسیحی تەمەن 3 ساڵ كەناوی كرستینایە ناچار دەبێت دوای داگیركردنی ناوچەكەیان لەسنوری شارۆچكەی ئەلقۆش لەلایەن تیرۆرستانی داعش لەباوەشی دایكی بمێنێتەوە، بەڵام ئەم منداڵە 3 ساڵانە لەچاوی برسی و پڕ لەشەڕی ئەمیرێكی داعش دەربازی نابێت و لەباوەشی دایكی دەیڕفێنن و دوای 3 ساڵ و لەپرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ دەدۆزرێتەوە كە تەمەنی بۆتە 6 ساڵ. ئەمە كورتەی بەسەرهاتی ئەو منداڵەیە كە لەم 3 ساڵەدا دوور لەئامێزی گەرمی دایك و باوك و خۆشەویستی برا و خوشكەكانی دەبێت، بەپێویستمان زانی وەك رۆژنامەی خەبات بەیاوەری خالد جەمال ئەبێر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحیەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كودستان سەردانی ماڵی ئەم منداڵە مەسیحیە بكەین و دیمەنی هاوكاریكردن و دڵدانەوەی ئەم منداڵە و خێزانەكەی تۆمار بكەین كە ئێستا لەكەمپی ئاوارە مەسیحیەكان لەشارۆچكەی عەنكاوە دەژی.
- چیرۆكی كچە رفێنراوەكە
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحیەكان بەكۆمەڵێك جلوبەرگ و دیاری و بڕێك هاوكاری مادیەوە چووە ماڵی كرستینا، ئەم منداڵە سەرەتا نەیدەویست بمانبینێ و ئێجگار دەترسا و هەستمان كرد لەم 3 ساڵەی رابردو دوور لەئامێز و خۆشەویستی خانەوادەكەی چ نیگەرانی و موعاناتێكی هەبووە. كاتێ كرستینای تەمەن 6 ساڵ هاتە ئەو ژورەی ئێمەی لێدانیشتبووین نەیدەوێرا هیچ قسەیەكمان لەگەڵ بكات هەروەك بڵێیت هێشتا بڕوای نەدەكرد لەتارمایی داعش و ئەو دەموچاوە ترسناكانەی تیرۆرستانی داعش ڕزگاری بووە، بۆیە تەنها چەند دەقیقەیەك بەتێڕامانەوە سەیری ئێمە و كامێراكەمانی دەكرد و تەنانەت نەیدەوێرا دیاریەكان لەبەرێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحیەكان و بەرپرسیاری كەمپەكەش وەربگرێت كە لەم سەردانەدا یاوەرمان بوو. بۆیە ناچار دیاریەكان پێشكەش بەدایكی كرا و داوامان لێكرد چیرۆكی كچە رفێنراوەكەی و چۆنیەتی ئازادكردن و رەفتارەكانی داعش لەو كاتەی كچەكەی لەباوەش بوە بۆ رۆژنامەی خەبات بگێڕێتەوە: دایكی كرستینا گوتی: كاتێ داعش گەیشتە لامان هەردوو كچ و هەردوو كوڕە گەورەكەم لەگەڵ دراوسێكانمان هەڵاتبوون بەرەو هەرێمی كوردستان بەڵام لەبەرئەوەی باوكی كرستینا نابینا بوو من و كرستینا ناچار لەگەڵ باوكی لەماڵی خۆمان ماینەوە، بەڵام زۆری پێنەچوو چەكدارانی داعش هاتنەسەرمان و راپێچی ناو پاسێكیان كردین كە زیاتر لە 30 كەسی تێدابو هەموو مەسیحی بوین گوتیان دەبێ پشكنینتان بۆ بكەین و دواتر بتانبەینە دەرەوەی ئەم شوێنە و گوتیان ئێوە كافرن و نابێ لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافە كافر بمێنێ، لەبەرئەوەی منداڵەكانتان رۆیشتون دەبێ ئێوەش بڕۆن.
- هەرچەند گریام و پاڕامەوە و دەست و قاچم ماچ كردن نەیاندامەوە
لەم كاتانە چەكدارێكی داعش كرستینای لەباوەشم رفاند و گوتی دەیبەم بۆ پشكنینی پزیشكی بەڵام زیاتر لە دوو سەعات چاوەڕێم كرد كریستینایان نەهێنایەوە، زۆر گریام زۆر لێیان پاڕامەوە بۆم بگەڕێننەوە، بەڵام هیچ بەزەییان پێماندا نەهاتەوە و كاتێك بینیم كریستینا لەباوەشی چەكدارێكی بیانی داعشە و گوتیان ئەوە ئەمیرەكەمانە و ئەم منداڵە لای ئێمە دەبێت و دەبێ ئێوە بڕۆن. هەرچەند گریام و پاڕامەوە و دەست و قاچم ماچ كردن نەیاندامەوە و بەزۆر خستینیانە ناو پاسەكەوە و بەرەو دەشتاییەك بردینیان و لەوێ گوتیان بڕۆن بەرەو كوردستان.
- هەرچی پارە و زێڕ و كەلوپەلی گرانبەها هەبوو لێیانسەندین
دایكی كرستینا بەچاوی فرمێسكاویەوە درێژەی بەگێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی بۆ رۆژنامەی خەبات دا و گوتی: ئەوە دواجار بوو لەباوەشی ئەو ئەمیرەی داعش كرستینام بینی ئیتر ئێمەیان برد و لەو شوێنە چۆڵەدا هەرچی پارە و زێڕ و كەلوپەلی گرانبەها هەبوو لێیانسەندین و گوتیان بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە بڕۆن. ئێمەش زیاتر لە 7 سەعات بەپێ رۆیشتین و گەیشتینە هێزەكانی پێشمەرگە زۆر تینومان بوو زۆریش برسیمانبوو، پێشمەرگەكان نان و خۆراك و ئاویان بۆ هێناین و گواستینیانەوە بۆ ئەم كەمپە لەعەنكاوە، لەم سێ ساڵەدا چەندین جار هەوڵماندا و بانگەوازمان كرد بۆ دۆزینەوەی كرستینا بەڵام بێ سوود بوو. لەم رۆژانەی رابردوودا و لەپرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ لەلایەن كوڕە گەورەكەمەوە پەیوەندیم پێوە كرا و گوتی وەرە بۆ مووسڵ كرستینایان دۆزیوەتەوە. كاتێك رۆیشتم بینیم كرستینا زۆر گەورە بووە و ئەو منی نەدەناسیەوە توشی حاڵەتێكی دەروونی سەیر هاتبوو ئەو خانەوادەیەی كرستینایان تەسلیم كردینەوە گوتیان ئەمیرەكەی داعش ویستوێتی كرستینا بفرۆشێت بەچەكدارەكانی تر چونكە منداڵێكی زۆر جوان بوو بەڵام ئێمە لەمزگەوتێكی مووسڵ كرستینامان بینیوە و زۆر بەحەسرەت و ترسەوە گریاوە بۆیە بردوومانەتە ماڵی خۆمان و دوور لەچاوی چەكدارانی داعش ئەم ماوە زۆرە لەلای خۆمان هێشتوومانەتەوە.
- ئەو ماڵەی كرستینای لێ بووە مووسڵمان بوون و عەرەبی سوننە مەزهەبی مووسڵ بوون
دایكی كریستینا دەیگوت ئەو ماڵەی كرستینای لێ بووە مووسڵمان بوون و عەرەبی سوننە مەزهەبی مووسڵ بوون من زۆر سوپاسیان دەكەم كە ئەم ماوەیە كچەكەی منیان پاراستوە و ئێستاش سوپاسی بەرێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحیەكان و وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم دەكەم كە هاتوون بۆ هاوكاریكردنی ئێمە و دڵنیابوون لەسەلامەتی كرستینا. بەڕێوەبەری كەمپی ئاوارە مەسیحیەكانی مووسڵیش تەئكیدی كردەوە كە ئەمە حەوتەم كچە منداڵی مەسیحیە كە لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگار دەبن و دەگرێنەوە ناو كەسوكاریان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌