2017-06-05

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە ژیانی 100 هەزار منداڵ لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵ لە مەترسی دایە و ڕێکخراوی توندڕەوی داعش هاووڵاتییانی سڤیل دەکاتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونسێف)  هاووڵاتییانی مەدەنی لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵدا کراونەتە ئامانج کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ هەیە کە هەندێکیان لە کاتی هەوڵدانیان بۆ هەڵاتن لە ناوچەکانی شەڕ کوژراون و لە هەر کاتژمێرێکدا ژمارەی کوژراوەکان زیاتر دەبێت.

ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ژیانی منداڵان لەو شوێنەی مووسڵ لە مەترسی دایە و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێندرێت. ڕاشیگەیاندووە: “منداڵان تاقی دەکرێنەوە و توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر دەبینن کە مرۆڤ توانای بینینی نییە، لە هەندێک حاڵەتیشدا منداڵانیان ناچار کردووە بەشداری لە شەڕ و توندوتیژی بکەن”.

ئەو ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە نزیکەی 100 هەزار منداڵ (کوڕ و کچ) تاوەکوو ئێستا لەژێر دۆخێکی هەڕەشەدان لە مووسڵی کۆن و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای مووسڵ، لەژێر مەترسیدان و زۆرێک لەوانە لە نێو گۆڕەپانی شەڕەکەدا گیریان خواردووە، جگە لەوەی نەخۆشخانەکان و بنکە پزیشکییەکانیش ڕووبەڕووی هێرشکردن بوونەتەوە.

ڕێکخراوی یونسێف لەو ڕاگەیاندراوەدا داوای لە سەرجەم لایەنەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای مووسڵ کردووە، منداڵان بپارێزن و لە هەموو کاتێکدا لە ئازاردان دووریان بخەنەوە و سەرجەم لایەنەکانی شەڕ پابەندی یاسا مرۆییەکان ببن.  داواشی کردووە بەپەلە سەرجەم هێرشەکان بۆ سەر کەسانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنیی وەک (نەخۆشخانە، بنکە تەندرووستییەکان، قوتابخانە، ماڵ و تۆڕەکانی ئاوخواردنەوە) بوەستێندرێن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌