2017-05-17

دڵشاد مستەفا وەسانی

لەوانەیە هەبن بپرسن، عەرەبی عێراق حاڵیان هێندە باشە تا حەسودییان پێ ببەی؟ ئەوەنییە شارەكانی سوننە وێران بوون و لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی شیعەنشینیش، رۆژانە بە دەیان كەس، بەهۆی تەقینەوە و تیرۆر و رفاندنی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەبنە قوربانی؟ دەڵێم وایە و زیاتریش، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، ئەو هەوڵەی سوننە و شیعەیە بۆ قۆناغی دوای داعش، ئەو یەكدەنگییەیانە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی.
ئەگەرچی سوپای عێراق زۆرینەی پێكهاتەی شیعەیە و بە دەستی دەسەڵاتدارانی شیعە هەڵدەسوڕێ، لەگەڵ ئەوەشدا شیعەی دەسەڵاتدار بەوەش رانەوەستان، میلیشیای (حەشدی شەعبی) شیان پێكهێنا، لەولاشەوە سوننە هێزێكیان بەناوی حەشدی نیشتمانی پێكهێنا، كەواتە هەر چۆنی بۆ بچی و خوێندنەوەی بۆ بكەی، تا دێت نێوانی عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەتیش بەهۆی شەڕی داعشەوە، چونكە ئەو شەڕە وای لە بەغدا كرد، بێ دوودڵی دەسەڵات و توانای دەوڵەت بخاتە خزمەت شەڕی تایفییەوە، هەرچەندە لەماوەی ئەو سێ ساڵەی شەڕدا، پەلاماری كوردستان درا و عەرەبی شیعە لە رێی حكوومەتی بەغدا، نەك هەر رۆڵی تەماشاكەری گێڕا، بەڵكو جیا لەوەی تا ئێستا بەشی پێشمەرگەی لە پێداویستی سەربازی نەداوە، بەڵكو هەوڵی زۆریشی دا رێگری لە هاتنی چەك و تفاقی جەنگی بۆ پێشمەرگە بكات و دەیان كۆسپی دیكەشی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد، لەولاشەوە سوننە باوەشیان بۆ داعش كردەوە و ناوچەكانیان بوونە پێگەیەك بۆ پەلاماردانی كوردستان، بە بەرچاوی ئەوانەوە سەری كورد دەبڕدرا و ئافرەتی كوردی ئێزدی كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرا.
عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە، خۆیان چەند هۆكارەكانی ناكۆكیی تایفی زەق دەكەنەوە، هێندەی دیكەش هێزە ئیقلیمییەكان ئەو هۆكارانە زەق دەكەنەوە، هیچ یەكێكیشیان نایانەوێ دەسبەرداری ئەو هێزە ئیقلیمییانە بن، چونكە شیعە ئێران و سوننەش سعودیە و دەوڵەتانی دیكەی وەك ئەردەن بە قووڵایی ستراتیژیی خۆیان دەزانن.
لەگەڵ هەموو ئەو هۆكارانەی شیعە و سوننە لە عێراق لێكدووردەكەنەوە، بەڵام لە بەرامبەر داخوازیی كورد بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی یەكدەنگن، هەردووكیان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ كورد، بە پەیوەندییەكی تاكتیكی دەزانن، ئەوان بەرگری لەو خاكە دەكەن كە بەهۆی ئەوەی دەوڵەتیان بەدەستەوە بووە لە كورد داگیریان كردووە، شیعە چەند خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستوور دزییەوە، سوننەش دە ئەوەندە هاوكاربوون، رۆژێك نەهاتن بڵێن خاكی كوردمان داگیركردووە، بەڵكو هێشتا كورد لە سەر خاكی خۆی بە میوان دەزانن، ئێستا هەم شیعە و هەم سوننەش، هەریەكە و پرۆژەیەكیان بۆ قۆناغی دوای داعش هەیە، هەردووكیان عێراق بەرەو مەركەزییەت دەگێڕنەوە، پرۆژی سوننە كە چەند مانگێك دوای پرۆژەی شیعە ئامادەكرا، بەرامبەر كورد زۆر توندترە.
وێڕای ئەو هەموو هۆكارە دیارانەی هەردوو مەزهەب لێكدووردەكەنەوە، هێشتا بەرامبەر كورد یەكدەنگن، كۆبوونەوەی 1ی نیسانی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق بە نموونە، هەردوو لایان بە بێ ئامادەبوونی كورد دژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك وەستان، كەچی لە كوردستان، هۆكاری ئایینی و مەزهەبی كۆمەڵگەی پەرتەوازە نەكردووە، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانن ناكۆكییان دروستكردووە، لەبەرئەوەشە عەرەب بەو هەموو ناكۆكییە مەزهەبییەی هەیەتی، كار لەسەر ناكۆكیی حزبەكانی كوردستان دەكات و دەیخاتە خزمەت بەرنامەی خۆیەوە، بە كوردی و كورتی، ئەوان ناكۆكیی مێژووییان لەبەرامبەر كورد رادەگرن، ئێمەش ناكۆكییەكانمان كە سیاسین نەك ئایینی و نەتەوەیی، زیاتر برەو پێدەدەین و دەیانخەینە خزمەت بەرنامەی حزبایەتیی تەسكبین، توخوا حەقم نییە حەسودی بە عەرەب ببەم؟!

* رۆژی 17/5/2017 لە رۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌