2017-05-16

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سیمینارێكدا، له‌ دامه‌زراوه‌ی هێرتێج، له‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، رووانگه‌ی كوردستانی بۆ عێراق دوای داعش ده‌خاته‌ڕوو.

مه‌سرور بارزانی، رایگه‌یاند، له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش، نزیكه‌ی 1707 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوونه‌ و بریندارانی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ژماره‌یه‌ زیاترن.

گوتی: "لێره‌ وه‌ستاووم بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ روانگه‌كانى خۆم له‌گه‌ڵ ئێوه‌ هاوبه‌شى پێ بكه‌م، له‌ باره‌ى ئه‌و بابه‌تى باسكرا".

هه‌روه‌ها گوتی: "وه‌ك ده‌زانن، ئێمه‌ نزیكده‌بینه‌وه‌ له‌ كۆتاهێنانى شه‌ڕ له‌ مووسڵ و كۆتایپێهێنانى داعش. ئێستا داعش له‌ لێوارى له‌ناوچوونه‌ له‌ عێراقدا. ئه‌مه‌ جه‌نگێكى سه‌خت بوو، له‌و كاته‌ى داعش هێرشه‌كانى ده‌ستپێكرد له‌ عێراق و به‌ تایبه‌تیش له‌ دژى كوردستان له‌ 2014".

سه‌باره‌ت به‌ خایاندنی ماوه‌ی شه‌ڕی دژی داعشیش، مه‌سرور بارزانی گوتی: "هه‌موومان پێشبینیمان ده‌كرد، ئه‌و جه‌نگه‌ درێژخایه‌ن ده‌بێت. ئێستا ئێمه‌ دێینه‌ كۆتایى ئه‌و به‌شه‌ى سه‌خت بوو. ئێستا داعش له‌ مووسڵ به‌ره‌و رووخان ده‌چێت. خوازیارم له‌ ته‌واوى عێراقیش به‌ یه‌كجارى كۆتایى بێت. به‌ڵام پێمان وا نییه‌ شكستى سه‌ربازى داعش كۆتایى تیرۆر ده‌بێت له‌ عێراق و هه‌رێمه‌كه‌شدا".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌یدا، گوتی: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئه‌و ئایدۆلۆژى و هزره‌ توندڕه‌وییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. شوێنكه‌وتووانى له‌ دواى داعش درێژه‌ى پێ ده‌ده‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ درووستبوونی داعشیش گوتی: "هه‌موومان له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ داعش به‌رده‌وامى رێكخراوى قاعیده‌یه‌ و دواى داعشیش رێكخراوى هاوشێوه‌ درووست ده‌بن و به‌رده‌وامى به‌ هزرى توندڕه‌وى خۆیان ده‌ده‌ن و ده‌كرێت هه‌مووانیش بگرێته‌وه‌".

هاوكات سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری روودانی شه‌ڕ له‌ داهاتوودا گوتی: "ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ شه‌ڕى داهاتوو، له‌ رێگه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى نابێت و به‌ڵكو به‌ شێوه‌ى هه‌واڵگرى ده‌بێت. خوازیارین ته‌واوى پێكهاته‌ هه‌واڵگرییه‌كانى جیهان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه"‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت كه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى قوربانییانداوه‌ و گیانیان به‌ختكردووه‌، ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ریان سه‌رى خۆمان داده‌نه‌وێنین بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى گیانى خۆیان به‌خت كرد بۆ پاراستنى ئێمه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌".
 
 مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوویەكی سمینارەكە لەبارەی ناكۆكییەكانی لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند كە تا ئێستە هەموو لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان ئامادەییان دەربڕیوە لەیەكتری نزیك ببنەوە، جگە لە پەكەكە.

ئاماژەی بەوەش دا كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو دەستپێشخەری كردووە بۆ نزیكردنەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا، بەڵام پەكەكە ئامادە نەبووە رێكەوتن بكات، جگە لەوەش، پەكەكە تا ئێستەش پارتە كوردستانیەكانی تر لە رۆژئاوای كوردستان دەكاتە دەرەوە.

راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان نمونەی بەوە هێنایەوە كە پێشمەرگەی رۆژئاوا هەبووە لە شەڕی داعش شەهید بووە، بەڵام هێزەكانی یەپەگەی (باڵی رۆژئاوای كوردستانی پەكەكە) قبووڵی نەكردووە تەرمەكەی ببرێتەوە زێدی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان.

مەسرور بارزانی هیوای خواست یەپەگە و لایەنەكانی تری رۆژئاوا رێك بكەون، گوتیشی "ئێمە خواستی ئەوەمان هەیە یەپەگە و لایەنەكانی تر رێك بكەون و ئێمەش ئامادەین هاوكارییان بكەین".

لە وەڵامی پرسیارێكی تریش لەبارەی هەبوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال، رایگەیاند "دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی شنگالیش داوای چوونە دەرەوەی پەكەكە دەكەن. ئەوانەی لەو شارەش گوایە بوونەتە پەكەكە، خەڵكی ناوچەی ترن و هی شنگال نین.

مەسرور بارزانی دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵكو وەك ئەو گوتی "ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئێمە هەیە، كێشەیان هێناوەتە ناوچە و هەرێمی ئێمە، خوازیارین رێز لە سەروەری و دەسەڵاتی كوردستان بگرن، خوازیارین گوێ لە ئێمە و خەڵكی شنگال بگرن، تەواوی خەڵكی شنگالیش داوا دەكەن پەكەكە ناوچەكە بەجێ بێڵن، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە ڕێز لە خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكە بگرن و شنگال بەجێ بێڵن، پێویستە ڕێگەمان بدەن ناوچەكە ئاوەدان بكەینەوە، ئەمەش تەنها ڕێگە چارەسەرە.

هێریتچ، یەکێکە لە سەنتەرە کاریگەرەکانی ئەمریكا و لە کۆمارییەکان نزیكن، كه‌ ئێستە ئیداره‌ى ئه‌مریكایان بەدەستە.

تێزانین مه‌سرور بارزانى به‌ سه‌رۆكایه‌تى شاندێكى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌نجامدانى دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مریكا ئێستە له‌ واشنتنه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌